هەولێر و دیمەشق گەشە بە پەیوەندییە سیاسییەکانیان دەدەن

حکوومەتی سووریا لە درێژەی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا، خەریکی ئامادەکارییە بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر. ئەم هەنگاوە هاوكات لەگەڵ زیابوونی نفووزی لایەنەکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێکهاتەی سیاسیی نوێی سووریادا و کەمبوونەوەی ڕۆڵی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک و هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئاماژەیە بۆ گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە نێوان کوردانی سووریادا.

کوردپرێس: بە گوێرەی سەرچاوەی «کوردستان واچ»، حکوومەتی سووریا لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی، سەرقاڵی دارشتنی بەرنامەیە بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر. ئەم هەنگاوە دەتوانێت دەروازەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی دیمەشق و هەولێر بکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی «سووریا تیڤی»، شاندێکی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سووریا بەم زووانە سەردانی هەولێر دەکات تا ڕێکخستنە ئیداری و لۆجستیکییەکانی کردنەوەی ئەم کونسوڵخانەیە ئامادە بکات.

بەپێی وتەی کوردستان واچ، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا جێبەجێ دەکرێت کە پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بەرەو پێشچوونی بەخۆوە بینیوە. سەرچاوە سیاسییەکان هەروەها هەواڵی سەردانی هۆشیار زێباری، لە کەسایەتییە دیارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیان بۆ دیمەشق لە هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیاندووە. ئەگەرچی هیچ وردەکارییەک لەسەر تەوەری گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی سووریا بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ئەم سەردانە وەک ئاماژەیەکی دیکە بۆ زیادبوونی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو لایەن هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.

ئەم پێشهاتانە هاوکات لەگەڵ گۆڕانی ڕێکخستنی سیاسیی کوردانی سووریا لە سیستمی نوێی دەسەڵات لە دیمەشق ڕوودەدەن. لە پەرلەمانی نوێی سووریادا، بەشێکی زۆری ئەو کورسییانەی بۆ کەسایەتییە کوردەکان تەرخانکراون، لەلایەن کەسانێکەوە گیراون کە وەک ڕەوتێکی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دەناسرێن، لە کاتێکدا هێزەکانی سووریای دیموکرات بە بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئامادەییەکی کەمڕەنگیان لەم پێکهاتەیەدا هەیە.

لە هەمان چوارچێوەدا، هەڵبژاردنی عەبدولحەکیم بەشار، لە سەرکردەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) و لە کەسایەتییە هەرە نزیکەکانی کوردانی سووریا لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، وەک یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی کورد لە پێکهاتەی نوێی سیاسیی سووریادا، لەلایەن چاودێرانەوە وەک نیشانەیەک بۆ بەهێزبوونی پێگەی ڕەوتی نزیک لە هەولێر لە دیمەشق سەیر دەکرێت.

ئەم پرۆسەیە، هاوکات لەگەڵ وەلانانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا (پەیەدە)، کە گرنگترین هێزی سیاسیی دەسەڵاتدارە بەسەر ناوچە کوردنشینەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا، لە کاتی پێکهێنانی پەرلەمانی نوێدا، دەربڕی گۆڕانی پلەبەپێی هاوسەنگیی سیاسییە لە پرسی کوردانی سووریادا. زۆرێک لە شرۆڤەکاران بڕوایان وایە دیمەشق بە پشتبەستن بە پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ هەولێر و ڕەوتی نزیک لە بارزانییەکان، لە هەوڵی دروستکردنی هاوبەشێکی سیاسیی جێگرەوەدایە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک و سنووردارکردنی ڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە داهاتووی سیاسیی ئەو وڵاتەدا.

ئەگەر کونسوڵخانەی سووریا لە هەولێر بکرێتەوە، ئەم هەنگاوە نەک تەنیا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی دیمەشق و هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی نوێوە، بەڵکو دەتوانێت کاریگەریی بەرچاویشی لەسەر هاوکێشە ناوخۆییەکانی کوردانی سووریا و پرۆسەی گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات هەبێت. ئەم گفتوگۆیانە لە مانگەکانی ڕابردوودا بەهۆی شێوازی تێکەڵکردنی پێکهاتە سیاسی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو حکوومەتی ناوەندیدا، ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوبوونەوە.

کوردستان واچ جەختی کردووەتەوە کە بەپێی پەیوەندییە گەرمەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی نوێی سووریا لەگەڵ تورکیا وەک هاوبەشێکی گرنگی سیاسی-بازرگانیی حکوومەتی نوێی سووریا، بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و هەولێر گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

News ID 227605

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha