سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە بارەی سەردانی لیژنە پەرلەمانییەکە بۆ ئیمرالی و کۆ بوونەوەی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەکە سێ کاتژمێری خایاندووە و ئەرێنی بووە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی توركیا هەواڵی تەوابوونی ئەو کۆبوونەوە گرنگەی وەفدی پەرلەمانی تورکیای لەگەڵ عەبدوڵا ئوجلان ڕاگەیاند و دەڵێت: "كۆبوونەوەی شاندەكە لەگەڵ ئۆجەلان ئەرێنی بووە، گوێ لە لێدوانی تێروتەسەل گیراوە سەبارەت بە ڕاگەیاندنەکانی ڕێکخراوەکە لەبارەی هەڵوەشاندنەوە و داماڵینی چەک لە دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک لە ٢٧ی شوبات، هەروەها پرسیارەکانی تایبەت بە جێبەجێ کردنی رێککەوتنی (١٠)ی ئازار لە سووریا".

لە راگەیاندنێکدا کە کۆمسیۆنی پشتیوانیی نیشتمانی ‌و برایەتی ‌و دیموکراسی دوای کۆبوونەوەکە بڵاویانکردەوە هاتووە: "پرسیاریان لە سەرۆکی پەکەکە ئۆجالان کردووە لەبارەی بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتی و دواتر بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و بێدەنگ کردنی چەکەکانی پەکەکە و ڕێککەوتنی ۱۰ـی ئازار، و وەڵامی بەرفراوانیان وەرگرتووە".

کۆمیسیۆنەکە ئاماژەی بەوەدا، کە ئەنجامی کۆبوونەوەکە بۆ یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، پێکەوەژیانی خوشک-برایەتی و بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە ئەرێنی بووە.

کۆمیسیۆنەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە لێرەش بەدواوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان بەردەوام دەبن لەسەر هەڵوێستی بە بڕیاری خۆیان.

کۆبوونەوەکە کە بە دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەچووە، وەفدی پەرلەمانی تورکیا بە ئەندامێتی گوڵستان کلچ کۆچیگیت، جێگری هاوسەرۆکانی دەم پارتی و فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی مەهەپە و حوسێن یامان، پەرلەمانتاری داد و گەشەپێدان پێکهاتبوون و سێ کاتژمێری خایاندووە.

بڕیارە لیژنەکەی پەرلەمانی توركیا لەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە کۆ ببێتەوە و ئەو شاندەی کە سەردانی ئیمرالییان کردووە، کورتەیەک لە وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئۆجالان بە لیژنەکە بگەیەنن.

News ID 226505

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha