فەلسەفەی قۆناغی نوێ لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا؛ لە سەلماندنی ناسنامەوە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگە

پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ یەکەم ژمارەی گۆڤاری «کۆمیناڵ» ئەوە نیشان دەدات کە پڕۆژە فیکرییەکەی ئەو بۆ قۆناغی نوێ، لەسەر بنەمای سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەی کوردی، دامەزراوەییبوونی مەدەنی و پەروەردەکردنی نەوەیەک استوارە کە لە خەبات بۆ سەلماندنی ناسنامەوە، بەرەو بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا هەنگاوی ناوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەیامی پیرۆزبایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بۆ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری «کۆمیناڵ» بەبۆنەی وەشانی یەکەم ژمارەیەوە، دەکرێت وەک چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ قۆناغێکی نوێ لە بزووتنەوەی کوردی لە باکووری کوردستان (تورکیا) سەیر بکرێت؛ قۆناغێک کە خودی ئۆجەلان وەک قۆناغی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک» ناوی دەبات.

گۆڤاری «کۆمیناڵ» بووەتە جێگرەوەی گۆڤاری «سەرخۆبوون»؛ کە لە ساڵی ١٩٧٨ـەوە وەک تریبۆنی سەرەکیی بزووتنەوەی کورد، ڕوانگە، تیۆری و شیکارییەکانی ڕێبەرایەتیی ئەم ڕەوتەی سەبارەت بە گۆڕانکارییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییەکان و پێوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بڵاو دەکردەوە. ئێستا و لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەشانی سەرخۆبوون، ئەرکی ڕەنگدانەوەی گوتاری قۆناغی نوێ سپێردراوە بە «کۆمیناڵ»؛ قۆناغێک کە دوای پەیامە مێژووییەکەی ئۆجەلان لە شوباتی ٢٠٢٥دا دەستی پێکرد.

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە نابێت میدیای نوێ لە ئاستی باسە تەنیا تیۆرییەکاندا بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت ببێتە میدیایەکی زیندوو و پویا کە بتوانێت وەڵامی پرسیارەکانی کۆمەڵگەی کوردی سەبارەت بە سروشتی ئەم قۆناغە نوێیە بداتەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، پێویستە میدیا لە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆدا بێت لەگەڵ کۆمەڵگە و ئەو باسانەی تێیدا دەگوزەرێن، هاوتەریب لەگەڵ خێرایی گۆڕانکارییەکانی سەردەم بجوڵێتەوە و لە دووبارەکردنەوەی باسە دابڕاو و موجەرەدەکان دوور بکەوێتەوە.

بە بڕوای ئەو، «هێڵی میدیایی نوێ» دەبێت سیاسەت بباتە ناو قۆناغی کۆمەڵگەوە؛ لە جیهانی تیۆریدا بێتە دەرەوە و بچێتە ناو کایەی ژیانی ڕۆژانەوە، وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە سەبارەت بە چییەتی قۆناغی نوێ، دەرهاویشتەکانی و ئەو بەرپرسیارێتییانەی دەخرێنە سەر شانی کۆمەڵگە، دێنە ئاراوە. ئەم بەرپرسیارێتییانە نەک تەنیا ناوەندی سەرەکیی بزووتنەوەی کورد لە باکووری کوردستان، بەڵکو کوردانی نیشتەجێی کلانشارەکانی (شارە گەورەکانی) تورکیاش دەگرێتەوە.

ئۆجەلان داوای بەکارهێنانی زمانێک دەکات کە تەنیا بە بەرهەمهێنانی تیۆری نەوەستێت، بەڵکو بتوانێت نەخشەڕێگەی پرۆسەی کارا و کردەیی بکێشێت، قۆناغەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵگە ڕوون بکاتەوە و ڕێگەچارەی پراکتیکی بخاتە ڕوو. لە ڕوانگەی ئەوەوە، قۆناغی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک» پێش هەر شتێک، قۆناغی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییە؛ قۆناغێکە کە دەبێت تێیدا «کۆمین» وەک یەکەی بنەڕەتیی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی شێوە بگرێت و کۆمەڵگە بۆ بەشداریکردنی هۆشیارانە لە سیاسەتدا، ناسینی دۆخی نوێ و گەیشتن بە توانمەندیی کۆمەڵایەتی ئامادە بکرێت.

ئامانج لەم پرۆسەیە، گۆڕینی کۆمەڵگەی کوردییە بۆ هێزێکی کاریگەر لە بڕیارە سیاسییەکاندا، چ لە کوردستان و تورکیا و چ لە کایە فراوانترەکاندا.

لەم سۆنگەیەوە، زمانی میدیا دەبێت لە دووبارەکردنەوەی بەردەوامی چەمکە گشتی و باسە ناڕوونەکان دوور بکەوێتەوە، لە جیاتی ئەوە، چوارچێوەی ڕوون و جێبەجێکراو پێشکەشی کۆمەڵگە بکات. ئەم جۆرە ڕێچکەیە دەتوانێت ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی قووڵتر بکاتەوە و هاووڵاتیی کورد بەرەو هەڵبژاردنی ئەو ڕێگایانە ئاراستە بکات کە ئامادەیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو بچەسپێنێت و دەسەڵات ناچار بکات ماف و ڕۆڵی سیاسیی کورد قبووڵ بکات.

لەپاڵ ئەم ئەرکەدا، ئۆجەلان فەرمانێکی دیکەش بۆ «کۆمیناڵ» دیاری دەکات؛ کە ئەویش خوێندنەوە و شیکردنەوەی مێژووی کوردە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئەم خوێندنەوەیە دەبێت ببێتە هۆی دروستبوونی «کوردی نوێ»؛ مرۆڤێک کە لە ڕابردوویەکی پڕ لە تراژیدیا، سەرکوت و جینۆساید پەڕیوەتەوە و ئێستا دەتوانێت بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە سەیری مێژووی خۆی بکات، کەسایەتییەکی نوێ لەسەر بنەمای نیو سەدە خەبات و فیداکاری بنیات بنێت؛ کەسایەتییەک کە چیتر نەبێتە کەرەستەی سیاسەتی ئەوانی تر، بەڵکو خۆی ببێتە ئەکتەر و دیاریکەر.

ئۆجەلان قۆناغی ڕابردووی خەبات وەک قۆناغی ڕزگارکردنی کورد لە «جینۆسایدی کولتووری» وەسف دەکات. بە بڕوای ئەو، نەوەی گەنجی کورد و هێزە شۆڕشگێڕەکانی تورکیا لەو قۆناغەدا ڕێگەیان نەدا سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن لە ناسنامە و تواندنەوەی نەتەوەیی، کۆمەڵگەی کوردی بکاتە کۆمەڵگەیەکی بێدەنگ و بێگیان. ئەوان بە زیندووکردنەوەی ڕۆحی بەرگریکردن، بووونی کوردیان سەرلەنوێ نیشان دایەوە و سەلماندیان کە خەباتی کورد هێشتا زیندووە.

ئەو بیردەخاتەوە کە نیو سەدە لەمەوبەر، بزووتنەوەی کورد بە دروشمی «ئێمە دەتوانین لە ڕاستی گەلی خۆمانەوە هێز وەربگرین» ڕێڕەوێکی نوێی دەستپێکرد؛ ڕێڕەوێک کە بووە هۆی چەسپاندنی بووونی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد. بە بڕوای ئەو، ئەم بزووتنەوەیە توانی کۆتایی بە ململانێ مێژووییەکەی سەر نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کورد و ئەو تیۆریانەی وەک «تورکە کێوییەکان» بهێنێت و بووونی کورد وەک ڕاستییەکی مێژوویی، کولتووری و مرۆیی بچەسپێنێت. ئۆجەلان ئەم دەستکەوتە وەک جۆرێک لە وەرچەرخانی «مرۆڤناسی» و «بوونناسی» دەزانێت کە هەم کەرامەتی بۆ کۆمەڵگەی کوردی گەڕاندەوە و هەمیش ئابڕووی زانستی لەبەردەم گێڕانەوە فەرمییەکاندا پاراست.

بەڵام لە ڕوانگەی ئەوەوە، قۆناغی ئێستا تەنیا بە سەلماندنی بووونی کوردەوە سنووردار نابێت. ئێستا دەبێت پارێزگاری لەم بووونە بکرێت؛ زمان و کولتووری کوردی بپارێزرێت، ئامادەیی کورد لە کایەی سیاسەتدا مسۆگەر بکرێت و خەباتی دیموکراتیک بۆ گەیشتن بە ئازادیی تەواو بەردەوام بێت. بە بڕوای ئەو، سەردەمی «سۆسیالیزمی واقیعی» و قۆناغی «جەنگی ڕزگاریخوازی نیشتمانی» کۆتایی هاتووە و ئێستا سەردەمێکی نوێ دەستی پێکردووە کە تێیدا دەبێت کورد بە بەشداریکردنێکی ئەکتیڤ، هۆشیارانە و بەرپرسیارانە لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا ئامادەیی هەبێت. ئەم ئامانجەش لە ڕێگەی پەرەپێدانی تیۆری «مۆدێرنیتەی دیموکراتیک»، دارشتنی بەرنامەی «کۆمەڵگەی دیموکراتیک» و بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراتیکەوە شوێنپێ هەڵدەگرێت.

لەم چوارچێوەیەدا، «کۆمین» یان ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بنەڕەتی، گرنگترین توخمە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی نوێ؛ دامەزراوەیەک کە دەبێت بنەمای کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو، هۆشیار و بەشداریکەر پێکبهێنێت.

ئۆجەلان لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەنووسێت: «گۆڤاری کۆمیناڵ کە لە قۆناغێکی مێژووییدا دەستی بە وەشانی خۆی کردووە، بە ناوی خۆیەوە جەختی لەسەر پێداگریی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکانە کردووەتەوە. بۆیە نابێت تەنیا وەک بڵاوکراوەیەکی خولی (دەوری) سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێت دەنگی بنیاتنانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فیکریی قۆناغی نوێ بێت و ڕۆڵێکی ڕێ نیشاندەر و ئاراستەکەر بگێڕێت. هەرچەندە دروستکردنی چوارچێوەیەکی تیۆری بەهێز گرنگە، بەڵام پێداویستییەکانی قۆناغی نوێ دەخوازێت کە سەرنجی سەرەکی لەسەر ڕێکخستنی پراکتیکیی کۆمەڵگە بێت. ئەم قۆناغە، قۆناغی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییە و پێویستی بە هاوکاریی بەکۆمەڵ هەیە لە پڕۆژەکانی بنیاتناندا لەسەر بنەمای فەلسەفەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی. سیاسەتێکی میدیایی کە خۆڕێکخستنی گەل، ئەنجومەنەکان، کۆمەڵە هەرەوەزییەکان (تەعاونەییەکان)، ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئەخلاقی و کولتووری بکاتە تەوەر، نوێنەرایەتی ڕۆحی قۆناغی نوێ دەکات؛ چونکە کۆمەڵگەی دیموکراتیک تەنیا لە ڕێگەی پێوەندییە ڕێکخراوەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا شێوە دەگرێت و بەردەوام دەبێت. لەم سۆنگەیەوە، لەپاڵ قووڵبوونی تیۆریدا، دەبێت بایەخێکی تایبەت بە ئەزموونە پراکتیکییەکانی ڕێکخستن، شێوازەکان و ڕێگاکانی گەشەپێدانی بدرێت.»

لەسەر ئەم بنەمایە، ئۆجەلان بۆ «کۆمیناڵ» تەنیا ڕۆڵی میدیایەکی هەواڵی یان تیۆری دانانێت، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو ڕێکخستن، بەشداریی سیاسی و گەشەپێدانی هۆشیاریی نەتەوەیی و دیموکراتیک دەیبینێت؛ میدیایەک کە دەبێت هاووڵاتیی کورد بکاتە ئەکتەرێکی هۆشیار و لە هەمان کاتدا، کولتووری بەشداریکردن و ڕێکخراوەیی لە نێوان سەرجەم پێکهاتە و گروپەکانی نیشتەجێی کوردستان و تورکیادا بڵاو بکاتەوە.

 

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە ئەڵمانیا

News ID 227583

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha