بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سێشەممە ۱۵ـی تەممووزی ۲۰۲۵، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە پەیامێکدا، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە پەیامەکەشدا دەڵێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکۆنەی ئەو ھێرشە درۆنیانەی ئەم دواییە دەکات لە سەرانسەری عێراقدا، بە ھەردوو ھێرشی درۆنی ۱۴ و ۱۵ مانگی تەموزیشەوە بۆ سەر ژێرخانی گرنگی کێڵگە نەوتیەکانی خۆرمۆڵە و سەرسەنگ لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەڵێت: پێویستە حکوومەتی عێراق پیادەی دەسەڵاتی خۆی بکات بۆ ڕێگری کردن لە میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە بۆسەر ئەو شوێنانە لە ناوخۆی وڵاتدا، بەو شوێنانەشەوە کە کۆمپانیا عێراقی و نێودەوڵەتییەکان وەبەرھێنانیان لە داھاتوی عێراقدا کردووە.
باڵیۆزخانەکە دەشڵێت ئەو ھێرشانە قبووڵکراونین و ھەڕەشەن بۆسەر سەروەری عێراق و تەگەرە دەخەنە بەردەم ھەوڵەکانی عێراق بۆ سەرنج ڕاکێشانی وەبەرھێنانی دەرەکی.
باڵیۆزخانەکەی ئەمریکا دەشڵێت: ھانی حکوومەتی عێراق دەدەین لێکۆڵینەوە بکات تا بزانێت کێ لە پەنای ھێرشەکانەوەیە و ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیان بکاتەوە.
Your Comment