بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە کۆمپانیای HKN ENERGYـی ئەمریکی کە لە کێڵگەی نەوتی سەرسنگ لە هەرێمی کوردستان کار دەکات لە بەیاننامەیێکدا هێرشی بۆسەر ئەو کێڵگەیە پشتڕاست کردەوە و ڕاشیگەیاند بەو هۆیەوە ناچاربوون، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە بوەستێنن.
کۆمپانیاکە ڕاشیگەیاندووە کە هەموو ستافی کێڵگەکە سەلامەتن و تیمی فریاگوزاری سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری تەقینەوەکەن و هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە.
HKN دەشڵێت: "رووداوەکە کاژێر ٧ ـی بەیانی بە کاتی هەولێر ڕوویداوە و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری تەقینەوەکە دەکرێت".
HKN هەروەها رایگەیاندووە کە لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کاردەکەن بۆ کۆنترۆڵ کردنی دۆخەکە و تاوەکوو دڵنیا نەبنەوە بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێناکەنەوە.
لای خۆیەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم هێرشەوە ڕایگەیاند: بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشێکی تیرۆرستی کرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنگ لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک.
هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانە و شەرمەزار دەکات.
Your Comment