دەنگی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو

بەراورد بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ۲۰۲۱، هەر یەک لە پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ بە شێوەیەکی بەرچاو دەنگیان زیادیکردووە و هەر یەک لە کۆمەڵی دادگەری و بزووتنەوەی گۆڕان دەنگیان کەمیکردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ۲۰۲۱ و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ۲۰ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێناوە.
لە هەڵبژاردنی ساڵی ۲۰۲۱دا، پارتی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، ۵۷۷ هەزار و ۹۵۲ دەنگی بەدەست هێنابوو. لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵ، ۷۸۶،۱۸۷ دەنگی لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەدەست هێناوە بەمەش ژمارەی دەنگەکانی بۆ ئەم هەڵبژاردنە، ۲۰۸ هەزار و ۲۳۵ دەنگ زیادیکردووە.
هەرچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ۲۰۲۱ی پەرلەمانی عێراق، لە تەواوی هەرێمی کوردستان، ۲۱۸،۸۱۰ دەنگی بەدەست هێنابوو. بۆ ئەم هەڵبژاردنە، لە هەرچوار بازنەکە، ۳۹۹،۲۴۸ دەنگی بەدەست هێناوە و بەمەش، یەکێتی لەم هەڵبژاردنە، ۱۸۰ هەزار و ۴۳۸ دەنگی زیادکردووە.
جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی ۲۰۲۱، ۲۰۴،۳۶۷ دەنگی بەدەست هێنابوو، بۆ ئەم هەڵبژاردنە، ۲۸۰ هەزار و ۴۳۱ دەنگی بەدەست هێناوە و بەمەش لەم هەڵبژاردنەی هەرێمی کوردستان ۷۶ هەزار و ۶۴ دەنگ زیادیکردووە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانەوە هەیە، ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی ۲۰۲۱دا ۱۰۸ هەزار و ۶۳ دەنگی بەدەستهێنا. لە هەڵبژاردنی ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستاندا ۱۱۲ هەزار و ۲۶ دەنگی لە هەرێمی کوردستان بردوەتەوە، واتە ۳ هەزار و ۹۶۳ دەنگ زیادیکردووە.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە هەڵبژاردنی عێراقی سێ ساڵ لەمەوپێش، ۶۴ هەزار و ۲۵ دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ئەم ساڵ ۶۲ هەزار و ۸۷۰ دەنگی هێناوە و بەمەش هەزار و ۱۱۵ دەنگ کەمیکردووە.
لەبارەی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، لە ساڵی ۲۰۲۱ی هەڵبژاردنی عێراقدا، ۱۳ هەزار و ۳۴۱ دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵ تەنیا ۱۱ هەزار و ۸۶۳ دەنگی بەدەست هێنا و بەمەش هەزار و ۴۷۸ دەنگ کەمیکردووە. 
بۆ پارتی زۆرترین زیادکردنی دەنگەکانی لە بازنەی دهۆک بووە کە بەراورد بە ساڵی ۲۰۲۱، ئەم ساڵ ۱۲۱ هەزار و ۴۵۹ دەنگی زیادیکردووە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەردوو بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە دەنگی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بەراورد بە سێ ساڵ لەمەوبەر، لەو دوو پارێزگایە، یەکێتی ۱۳۹ هەزار و ۷۸۸ دەنگ زیادیکردووە.
هەرچی نەوەی نوێ هەیە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بەراورد بە سێ ساڵ لەمەوبەر، زیاتر لە ۳۰ هەزار دەنگ زیادیکردووە و لە دهۆکیش زیاتر لە ۲۴ هەزار دەنگ زیادیکردووە. 
یەکگرتوو لە بازنەی دهۆک، زۆرترین دەنگی بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ۲۰۲۱ کەمکردووە و لەو بازنەیە ۴۱ هەزار دەنگ کەمیکردووە.

دەنگی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو

News Code 224257

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha