بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، خۆشحاڵن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین پاش هەڵبژاردن بەبێ دواخستن کار بۆ پێکهێنانی حکوومەت بکەن.
جەختیشی کردوەتەوە، هەڵبژاردن بنەمایەکی گرنگی دیموکراسییە و پێویستە میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵی خۆیان لە زیادکردنی هۆشیاریی خەڵک لەبارەی هەڵبژاردنەوە بگێڕن.
وتەبێژ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، داوایش لە لایەنە سیاسییەکان و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات لە توندوتیژیی دووربکەونەوە و رێز لە میدیا و رۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی بگرن.
ڤێدانت پاتێل وتیشی: پێمانوایە لەنێوان سەرۆکانی کوردی هەرێمی کوردستانی عێراق خاڵی زیاتر هەن کە یەکیانبخات تاوەکو دابەشیان بکات، لە بەرژەوەندی خەڵکیشدایە کە بەرەو پێشەوە بڕۆن و ئەو پرۆسەیە تێپەڕێنن و بە زووترین کات حکومەت پێکبهێنن.
لەبارەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە پاتێل ڕایگەیاند: پرۆسەکە بەبێ هیچ کێشە و رووداوێكی گەورە ئەنجامدرا، ئاگامان لە هەندێ راپۆرتە کە ئاماژەیان بە بوونی چەند کێشەیەکی تەکنیکی لە چەند ناوەندێكی دەنگدان دەکەن بەڵام دواجار و بە گشتی بە بۆچوونی ئێمە دەنگدانەکە بەباشی کراوە.
Your Comment