بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای دەنگدانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "خۆشحاڵم بەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن سەرەڕای هەندێک شتی زۆر بچووک، بەڵام بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو".
بارزانی ئاماژەی بەوەش كرد: "بۆ ئێمە ئەم هەڵبژاردنە گرنگە، چوونکە دیسانەوە ڕەوایەتی و شەرعییەتدانە بە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن گەلی کوردستان هەڵدەبڕژێردرێن، هیودارام پرۆسەکە ئەمڕۆ بە ئارامی بەڕێوەبچێت، هیودارام کوردستانیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیە بەشداربن، بچن مومارەسەری دەسەڵاتی خۆیان بکەن و بچن بەرەو سندوقەکانی دەنگدان و کاندیدەکانی خۆیان هەڵبژێرن بۆ چوار ساڵی ئایندەی پەرلەمانی کوردستان".
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش كرد، "پێویستە سوپاسێکی تایبەتی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و حاکم جاسم و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یونامی هەموو ئەو وڵاتانەی لەگەڵ ئێمە بوون و پەرۆشبوون بۆ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە بکرێت کە بەبێ یارمەتیدانی ئەوان ئاسان نەبو ئەم پرۆسەیە، هەربۆیە سوپاسیان دەکەم بۆ ئەوەی یارمەتی دەربون.
ئەوەشی خستەڕوو، "دوای ئەوەی هەڵبژاردن تەواوبوو هەموو لایەنە سیاسییەکان ئازادن و لەگەڵ یەکتر دادەنیشن و نەخشە ڕێگەی هاوپەیمانێتی دیاری دەکەن، ئەوەش کارێکی ئاساییە لە هەموو پرۆسەیەکدا، بەڵام ئەوەی گرنگە و ئاماژەی پێدەکەم ئەم هەڵبژاردنە سەرکەوتنی خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو پێکهاتانەیە کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، بە گشتی سەرکەوتنی خەڵکی کوردستانە، ئەوەی دەمێنێتەوە لایەنەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆیاندا چەند کورسی دەهێنن و چ هاوپەیمانێتییەک پێکدەهێنن دەمێنێتەوە بۆ دوای هەڵبژاردن".
Your Comment