بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەیسەر یاسین، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێژەی بەشداریی هاونیشتمانییانی لە هەڵبژاردن راگەیاند.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان رایگەیاند: "لە کۆی ۹۸٪ـی داتاکانمان؛ لە دهۆک رێژەی بەشداریی ۷۸٪؛ هەولێر ۷۴٪؛ سلێمانی ۶۵٪ و هەڵەبجەش ۶۹٪ بوو، کە بە کۆی گشتیی دەکاتە ۷۲٪ـی بەشداریی کردن لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن."
هاوکات نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، " کاژێر ۰۶:۰۰ـی ئێوارەی ڕۆژی ۲۰ی ۱۰ی ۲۰۲۴ بە سەرکەوتوویی پڕۆسەی هەڵبژاردن کۆتایی هات، تەنیا چەند کێشەیەکی بچووکی تەکنیکی هەبوون کە سەرجەمیان چارەسەر کران. ئێمە زۆرسوپاسی هێزەئەمنییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە زۆر هاوکار و هاوئاهەنگمان بوون لە ئەنجامدانی پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی."
Your Comment