بەپێی هەواڵی کوردپرێس: لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ئەمشەو دووشەممە لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە: "سەرباری ئەوەی هەندێک زانیاریمان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەدەست گەیشتووە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لەبارەیانەوە، پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانمان هەڵوێستی خۆمان لەبارەی پرۆسەکەوە ڕادەگەیەنین".
دەشڵێت: "سوپاسی تەواوی دەنگدەرانمان دەکەین کە متمانەیان بە کۆمەڵی دادگەریدا و پشتیوانییان لێ کرد، سوپاسی هەموو لیژنە و بازنە و تیم و میدیا و چاودێران و تەواوی ئەندامانمان دەکەین، سوپاسی تەواوی کاندیدەکانمان دەکەین کە ماندووبوون و هەوڵی زۆریاندا، بەڵام وەک دیارە دەنگەکانی کۆمەڵی دادگەری کورستان کەمی کردووە".
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بەمشێوەیە:
پاش کۆتایهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان، ئەنجامە بەدەستهاتووەکانی کۆمەڵی دادگەری لە ئاست چاوەڕوانیی ئێمە و هەڵوێست و هەوڵەکانماندا نەبووە.
ئێمە سوپاسی تەواوی دەنگدەرانمان دەکەین کە متمانەیان بە کۆمەڵی دادگەری دا و پشتیوانییان لێ کرد. سوپاسی هەموو لیژنە و بازنە و تیم و میدیا و چاودێران و تەواوی ئەندامانمان دەکەین، سوپاسی تەواوی کاندیدەکانمان دەکەین کە ماندووبوون و هەوڵی زۆریان دا. بەڵام وەک دیارە دەنگەکانی کۆمەڵی دادگەریی کورستان کەمی کردووە.
سەرباری ئەوەی هەندێک زانیاریمان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەدەست گەیشتووە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لەبارەیانەوە، پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانمان هەڵوێستی خۆمان لەبارەی پرۆسەکەوە ڕادەگەیەنین.
ئەم دۆخە پێویست بە هەڵسەنگاندنی ورد و بەدواداچوونی جددی دەکات، پشتیوان بە خوا بە پلان و ستراتیژ و بڕیاری پێویستەوە، لە ئایندەدا هیوا و ئومێد بۆ ئەندامان و دۆستان و دەنگدەرانمان دەگێڕینەوە.
گومانی تێدا نییە خەبات و پڕۆژەی کاری ئیسلامی هەڵکشان و داکشانی تێدایە و ئایندە پێویستی بە ورەی بەرز و چەسپاوی و بەردەوامی هەیە، هەر بۆیە داواتان لێ دەکەین پشوودرێژ و خۆڕاگر بن، پشتیوان بەخوا کاروانی کۆمەڵی دادگەری باشتر و درەوشاوەتر دەبێت.
Your Comment