پێویستە کوردەکانی عێراق بەزووترین کات حکوومەتێکی بنکەفراوان پێکبهێنن

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی UN جەخت لەوە دەکاتەوە، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کەشێکی ئارام و ئاشتییانەدا بەڕێوەچووە و پێویستە حکوومەتێکی بنکەفراوان بە زووترین کات پێکیهێندرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرحان حەق، جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک رایگەیاند: "ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و خەڵکەکەی دەکات بەبۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی لە ۲۰ی تشرینی یەکەم، کە لە کەشێکی ئارام و ئاشتییانەدا بەڕێوەچوو".

فەرحان حەق ئاماژە بەوەش دەکات، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات لە ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن.

جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز: "هانی هەموو سەرکردە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دەدات، ئەو دۆخە ئاشتییە بهێڵنەوە و هانی لایەنە سیاسییەکانیش دەدات هەر ناکۆکییەکیان لەبارەی پرۆسەکەوە هەیە لە رێگەی کەناڵە یاساییەکانەوە چارەسەری بکەن و پرۆسەی هەڵبژاردن تەواو بکەن، ئەوەش لە رێگەی پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان بەزووترین کات".

فەرحان حەق دەڵێت: "سکرتێری گشتی جەخت لە پابەندبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتیکردن لە هەوڵەکانی عێراق لە پتەوکردنی دەستکەوتە دیموکراسییەکانی و بونیاتنانی داهاتوویەکی خۆشگوزاران بۆ خەڵکی عێراق دەکاتەوە".

News Code 224264

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha