جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان: دانا ئەحمەد مەجید بە هیچ شێوەیەک ڕێکخەری گشتی نییە

جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەتیدەکاتەوە کە دانا ئەحمەد مەجید ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی بەردەوامبوون لە لادان و پێشێلکاری دەستووری و قانوونی، لە بەکارهێنانی ناوی بزووتنەوەی گۆڕان، بە تایبەت جڤاتی نیشتیمانی، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ساختە بۆ ڕێکخەری گشتی، ئەم حەقیقەتە بەڵگەنەویستانە بۆ هەمووان ئەخەینەڕوو.

جڤاتی نیشتیمانی دەشڵێت: "هەڵبژاردن بۆ ڕرێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستووری ناوخۆ ڕوون و ڕەوان دیاری کردووە، ژووری هەڵبژاردن ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری ئەکات، ماوەی خۆ کاندیدکردن ڕادەگەیەنرێ، ژووری یاسایی کاندیدەکان پەسەند ئەکات و لە دەنگدانی نهێنیدا بە ئامادەبوونی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجام ئەدرێ، نەک بە دەست هەڵبڕین".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، هەر کات هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بەپێی دەستوور و بەشێوەیەکی قانوونی ئەنجام درا بۆ هەموو پێگەکان زیاتر لە کاندیدێک هەیە بە تایبەت ڕێکخەری گشتی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە "دانا ئەحمەد مەجید بە هیچ شێوەیەک رێکخەری گشتی نییە چ بە وەکالەت بێت یان لە ژێر هەر ناوێکی تری ناقانوونی و داتاشراودا، لە (بە ناو) کۆبوونەوەی (بەناو) جڤاتی نیشتیمانی لە ڕۆژی چوارشەممە 9ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ لە فەزاحەتێکدا باسی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیان کردووە لە رێگەی دەست هەڵبڕینەوە! لەو کۆبونەوەدا تەنیا 11 کەسیان لە کۆی 32 ئەندامی هەڵبژێردراو لە جڤاتی نیشتیمانین".

ئاماژەبەوەش کراوە: "هەڕەشەکردن و پەلاماردانی هەڵسوڕاوی دیار و ئەندامی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان هۆشیار ئیسماعیل علی ناسراو بە هۆشیار شێرکاوەیی لەلایەن زانا دانا ئەحمەد مەجید کە سنووری ئەخلاق و قانونی بەزاندووە قبووڵ کراو نیە، کردەوەیەکی قێزەونە، نامۆیە بە هەموو ئامانجەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، پشتیوانی تەواوی خۆی و خێزانە بەڕێزەکەی دەکەین، ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە دژی بنەما ئاکارییەکانی کورد بوون و گۆڕان بوونن، تەنیا نەفرەتی خەڵک و گۆڕانخوازانیان بۆ ئەمێنێتەوە".

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا دەڵێت: "جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردانە، پێویستە تەواوی هەڵسووڕاوان و گۆڕانخوازان پابەندی دەستوور و جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوبن".

News Code 224228

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha