بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە پەیامەکەیدا لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاندووە، "ئەمرۆ ساڵرۆژی تیرۆری سەرکردەی جوانەمەرگ عەقید هاوکار جافە، ساڵرۆژی ئەو تاوانە گەورەیەیە کە بەرامبەر یەکێک لە جەنگاوەرە ئازاکانی شەڕی داعش کراو و تیرۆرستانە و ترسنۆکانە بە بەرچاوی خێزانەکەیەوە، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە دڕندانەترین شێوە تیرۆرکرا".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەداخەوە وەک زۆر تاوانی دیکە هەتا ئێستا بکەرانی ئەم تاوانە قێزەونە نامرۆڤانەیە سزای یاسایی خۆیان وەرنەگرتوە و دەستگیر نەکراون، هەتا ئیستا و پاش تێپەڕبونی دوو ساڵ بەسەر تاوانەکەدا دەستی حزب درێژتر بووە لە دەستی یاسا و لە تاوانی لەمجۆرەدا روون و ئاشکرا دەردەکەوێت کە یاسا سەروەری تەنها دروشمی حزبە دەسەڵاتدارەکانە و هیچیتر".
شێخ جەنگی هەروەها دەشڵێت: "بەڕاشکاوییەوە دەڵێم ئەم غەدری تیرۆرە بێ تۆڵە و سزا هەرگیز داناخرێت، ئەم خوێنە بەناحەق ڕژاوە رۆژێک دێت کە وەردەگیرێتەوە و بکەرانی ئەو تاوانە ڕاپێچی زیندان دەکرێن و سزای شایستەی خۆیان وەردەگرن".
نیوەڕۆی رۆژی هەینی ۷ـی ۱۰ـی ۲۰۲۲ لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا.
پاش رووداوەکە و لە رۆژی چوارشەممە ۱۲ـی ۱۰ـی ۲۰۲۲، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی شەش کەسی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی. ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆکەیدا تیمێکی دژەتیرۆری سلێمانی بە کوشتنی هاوکار جاف تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە فەرمانی راستەوخۆی "بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی" و "بەرپرسی هەواڵگری دژەتیرۆری سلێمانی" کراوە.
Your Comment