بەشی پێی هەواڵی کوردپرێس، حوسام بارزان بەرزنجی، پارێزەر لە کەیسی کوشتنی هاوکار جاف، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: "ئەمڕۆ دادگای تاوانی هەولێر سزای پێنج کەسی دیکەی لەسەر کەیسی کوشتنی هاوکار جاف دا، دوو کەس لە سزادراوەکان بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی و سێ کەسیان، هەریەکەیان بە حەوت ساڵ زیندانیکردن".
ناوی سزادراوەکان و ماوەی سزاکەیان بەگوتەی پارێزەرەکە:
ياسر فەيسەڵ حوسێن / زیندانیکردنی تاهەتایی
سەرمەد نەجمەدين رەشيد / زیندانیکردنی تاهەتایی
ئەحمەد فەيسەڵ حوسێن / ۷ ساڵ زیندانی
عەلی هاشم ئەحمەد / ۷ ساڵ زیندانی
رەنجدەر ئیسماعيل نەجم / ۷ ساڵ زیندانی
سزادانی ئەو پێنج کەسە لەکاتێکدایە دادگەی تاوانی هەولێر (یەکشەممە، ۴-۶-۲۰۲۳) بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ شەش کەس لەوانە دەرکرد کە تۆمەتبار بوون بە کوشتنی عەقید هاوکار جاف لە شاری هەولێر.
نیوەڕۆی رۆژی هەینی ۷-۱۰-۲۰۲۲ لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا.
۱۲-۱۰-۲۰۲۲ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی شەش کەسەی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی. ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆکەیدا تیمێکی دژەتیرۆری سلێمانی بە کوشتنی هاوکار جاف تۆمەتبار کرد و گوتی، بە فەرمانی راستەوخۆی "بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی" و "بەرپرسی هەواڵگری دژەتیرۆری سلێمانی" کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، تیمەکە پێکهاتوون لە "۱۰ تۆمەتبار کە ئەفسەر و کارمەندی دژەتیرۆری سلێمانین و بریتین لە؛ تیمی چاودێری بە سەرپەرشتیی تۆمەتباری دەستگیرکراو (یاسر فەیسەڵ حوسێن، بەرپرسی وێستگەی دژەتیرۆری سلێمانی لە هەولێر) لەگەڵ ۵ تۆمەتبار لە تیمی چاودێری کە دەستگیرکراون بەناوەکانی (سەرمەند نەجمەدین رەشید، ئەحمەد فەیسەڵ حوسێن، عەلی هاشم ئەحمەد، رەنجدەر ئیسماعیل نەجم و عەلی حوسێن شوکر".
دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەفسەرەکان، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر رەت کردنەوە و رایگەیاند: "دڵنیاتان دەکەینەوە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان زۆر لەوە هۆشیار و تێگەیشتووترن کە بکەونە ژێر کاریگەریی سیناریۆی بەتاڵ و بێبنەماوە".
Your Comment