دەرچوونی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ئەفسەرەکانی یەکێتی جارێکی تر دۆخی هەرێم ئاڵۆز دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەرکردنی بڕیاری لە سێدارەدان بۆ فەرماندەی گشتیی دژەتیرۆری حزبەکەی لەلایەن دادگای هەولێرەوە کارێکی باش نەبووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی یەکشەمە، دادگای هەولێر بە تۆمەتی کوشتنی عەقید "هاوکار جاف" ئەو عەقیدەی دژە تیرۆری یەکێتی، کە لە ڕۆژی ۷/۱۰/۲۰۲۲ لە هەولێر و لەڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە کوژرا، سزای لە سێدارەدانی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی فەرماندەی دژە تیرۆری یەکێتی و هەشت کەسی تر دەرکرد.

حاجی مەسیفی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای هەولێر و دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ فەرماندەی دژەتیرۆری حزبەکەی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "ئێمە لەگەڵ یاساین، بەڵام نازانین کێ لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی کوژرانی هاوکار جاف کردووە کە ئەفسەرێکی یەکێتی بووە، تاکلایەنە لێکۆڵینەوە کراوە و بڕیارەکە دەرکراوە، کێشەش بەو شێوەیە چارەسەر ناکرێت."

دەرچوونی بڕیاری لە سێدارەدان بۆ فەرماندەی دژەتیرۆری یەکێتی لەکاتێکدایە، پێشتر ئەو دۆسیەیە ناکۆکی قووڵی لە نێوان یەکێتی و پارتی دروست کرد، تا ئەو ئاستەی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی لەمانگی ۱۰ی ساڵی ڕابردوو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بایکۆت کرد، بەو پێیەی یەکێتی تۆمەتبار کردنی ئەفسەرە ئەمنییەکانی ڕەت دەکاتەوە.

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ۲۸/۱/۲۰۲۳ ی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی و لە کۆبوونەوەکانی مانگی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا، بڕیاردرا دۆسیەی عەقید هاوکار جاف بسپێردرێتە لیژنەیەکی تایبەتمەند، تا بەبێ دەستوەردانی سیاسی لێکۆڵینەوە بکات و دواتر ڕێکاری یاسایی بگیرێتەبەر.

حاجی مەسیفی، دەڵێت: "هەر بڕیارێک لەسەر بنەمای باتڵ بدرێت گونجاو نییە، تاکلایەنە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی هاوکار جاف کراوە و ئێمە بڕوامان پێی نەبووە، با پێکەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروست بکەین، دواتر دادگا هەر بڕیارێکی دا با بیدات."

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پێشتر تۆمەتبار کردنی ئەفسەرە ئەمنییەکانی حزبەکەی بەدەست هەبوون لە کوژرانی هاوکار جاف ڕەت کردەوە، وتی: "گەر وابزانن ئەفسەری یەکێتی ڕادەست دەکەم، ئەوە خەونە."

دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای هەولێر و دەرکردنی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ فەرماندەی دژەتیرۆری یەکێتی، بنەماڵەی هاوکارف ڕاگەیەنراوێکیان بڵاو کردەوە و دەڵێن: "بڕیارەکەی دادگای هەولێر دادپەروەرانەیە و ئاماژەیە بۆ سەروەربوونی یاسا لە هەرێمی کوردستان."

یەکێتی نیشتمانی، بڕیارەکەی دادگای هەولێر بۆ لەسێدارەدانی ئەفسەرە باڵاکانی سەربە دژە تیرۆری حزبەکەی بە بڕیاری "سیاسی" دەبینێت و ڕەتی دەکاتەوە، لە کاتێکدا بەرپرسانی پارتی پشتگیری لە بڕیارەکەی دادگا دەکەن.

هەر لەمبارەوە ئیدریس ئیسماعیل ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، بەدەنگی ئەمریکای وت: "دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی دەرکردووە، خۆ دادگا هی پارتی نییە، حزب تاوانبارەکانی ڕادەست نەکرد، بۆیە دادگا بڕیاری خۆیدا."

هەروەها وتیشی: "گەر تاوانبارەکان خۆیان بە بێ تاوان دەزانن با بێنە دادگا و داکۆکی لەخۆیان بکەن، گەر تاوانباریشن دەبێت سزا بدرێن".

News Code 221594

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha