لە پەرلەمانی شەهید بۆ پەرلەمانی داخراو و هەڵوەشاوە/ ئارام قادر*

یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٢ بوو، کە تاکوو نزیکەی سێزدە ساڵ خولی تری بەدوادا نەهات، لە کاتێکدا دەبوایە لانیکەم تا سێ خول هەڵبژاردن بکرایە.

لە خولی یەکەمدا بە هۆی شەڕی ناوخۆ و کۆنتڕۆڵی هەولێر چ لە لایەن یەکێتی یان دواتر پارتی بوبێت، پەرلەمان هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆی بۆ نەهێڵراوەتەوە، یان لەوێدا مانیان گرتووە، یان دواتر شەرعیەت و کارایی و هەڵبژاردنەوەی نەماوە. کەچی کە باسی ئاشتی کرابێت فراکسیۆن و سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆنگرە و لێدوانی ڕۆژنامەوانی زۆریان دەبەست، تا ڕادەی ئەوەی (با لە مەیدانی حەیوانان کۆبونەوەی پەرلەمان بکرێت)!

ئەو ماوەیەی یەکێتی لە شەڕی ناوخۆدا لە شاری هەولێر باڵادەست بووە، بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتاران هەوڵی ئاشتەوایی و گفتوگۆیان داوە، تا ڕادەی مانگرتن و سەردان و بروسکە بۆ لایەنەکان و نێوەندە جیاوازەکانی سیاسەت و دبلۆماسی. بەلام دوای ئەو ماوەیە و بە تایبەت لەگەڵ قووڵ بونەوەی شەڕی ناوخۆ لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ شتێک بە ناوی پەرلەمانی هەڵبژێردراو نامێنێت.

مەکتەبی باس و لێکۆڵینەوەی پارتی، بە ناوی (لێزان) ناوێک بە شێوەیەکی لێزانانە پەککەوتنی پەرلەمان لە سەردەمی باڵادەستی یەکێتی لە هەولێر، سالی ١٩٩٥، دەکەنە کتێبێکی گەورەی بەڵگەنامەیی، تەواوی ئۆبالەکەش دەخەنە ئەستۆی یەکێتی! کتێبەکەش ناودەنێن:

(پەرلەمانی شەهید، دیرۆکی لەدایکبوون و تیرۆرکردنی یەکەم پەرلەمانی کوردستان). ئەوەی لێرەدا سەیرە، پەرلەمانی کوردستان وەک پشیلەی حەوت ڕوح وایە، شەهیدکراوە، تیرۆرکراوە، داخراوە، چەندان جار و ساڵ دواخراوە، هەڵوەشاوەتەوە و کەچی هەر ماوە! (جا ئەوە مانە)!

دواتر لە سایەی ڕێکەوتنی ستراتیژی دوو خولی تری پەرلەمان وەک هاوپەیمان تێدەپەڕێنن. بەلام لە خولی چوارەمدا گۆڕان سەرۆکایەتی پەرلەمان وەردەگرێت، بەر لە کۆتایی هاتنی خولەکە پارتی ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان دەکات و ماوەیەک کارەکانی پەرلەمان پەکدەخات، دواتر بە بێ سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمان لەگەڵ یەکێتی کارای دەکەنەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەسەردەمی زۆری میدیا و کەنالە جۆربەجۆرەکاندا نە یەکێتی و نە گۆڕان نەیانتوانی کتێبێکی وەها بەشێوەی لێزانانە، بە دۆکیۆمێنتاری چاپ بکەن و بەلگەنامەکان کۆبکەنەوە و ئەرشیفی بکەن، وەک مێژوو تۆماری بکەن و بیکەنە سەرچاوەیەکی مێژوویی گرنگ، لە کاتێکدا ئەم پێشنیارەم دا بە هەندێ کەس و میدیای پەیوەندیدار و بە چەند مانگ کتێبەکەیان لەلابوو، تەنانەت ڕاپۆرتێکیشیان لەبارەوە نەکرد!

ئێستاش کە بە هۆی ملنەدان بۆ هەڵبژاردن و شەرعیەتپێدانی پەرلەمان، لە دوای خولی پێنجەمەوە بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی پەرلەمانی هەرێم وەک هەڵبژێردراوی خولی پێنجەم هەڵوەشێندراوەتەوە، تەقە ژە دوو بەردەوە نەهاتووە، وەک ئەوەی گۆزەکە کابان شکاندبێتی!

ئەوە هەر هیچ کە پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ لەدەنگبوونی (نەک لەدایکبوونی) نەخۆشی درێژخایەنی لەگەڵدا بووە، وەک درێژکردنەوەی ماوەی خول، پێشێلی یاسا و پێڕەوی ناوخۆ، دواخستنی هەڵبژاردن و تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسا، یاسا و بڕیاری دژبەیەک یان شاردنەوە و چەندان ئەتواری دیکە، ئێستاش خەریکە هەڵبژاردنی خولی شەشەم وەڕاست دەگەڕێت و پێدەچێت ڕێکەوتنی لەبارەوە کرابێت! بە هیواین بەخێربگەڕێت و نەبێتە مایەی نەهامەتی دیکە.

هەر بە ڕاستی، لانیکەم بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانی خولی چوارەم و دەستە و ڕاوێژکار و توێژەر و ژوور و میدیا و چەندان ناوەندی دیکە دەیانتوانی ئەو کارە بکەن، بۆچی نەیانکرد؟ بۆچی ئامادەن ناوە ناوە لە میدیا و سۆشیال میدیا بۆمان بگێڕنەوە؟ بەڵێ ئەوەی بینیمان بۆمان بگێڕنەوە؟

*مامۆستا لە زانکۆی ڕاپەڕین

News Code 224108

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha