دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ کورسییەکان چۆن دابەش دەکرێن؟

دامەزراوەی میدیایی درەو ڕاپۆرتێکی لەبارەی چۆنییەتی دابەش کردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان پاش هەڵبژاردن، بڵاو کردۆتەوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە.

لە کۆی ۱۰۰ کورسی پەرلەمانی داهاتووی کوردستان ۳۰ کورسییان لەلایەن ژنانەوە پڕدەکرێتەوە، (بەهای کورسی) بنەڕەتی دابەشبوونی کورسییەکانە بەسەر لیستەکاندا، بۆ دەرهێنانی بەهای کورسی لە هەر بازنەیەک، تەنیا دەنگی کورسییە گشتییەکان ئەژمار دەکرێت نەک دەنگی کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکان، کاندیدەکان بەگوێرەی ژمارەی ئەو کورسییانەی کە لیستەکانیان لە هەڵبژاردن دەیبەنەوە، ناویان ریزبەند دەکرێت لە زۆرترینەوە بۆ کەمترین دەنگ و بەمشێوەیە کورسییەکان پڕ دەکەنەوە، ئەگەر بە هەر هۆکارێک کورسی پەرلەمان چۆڵ بوو، لە لیستی کراوەدا دەدرێت بە کاندیدێک لە هەمان قەوارەی سیاسی کە کورسییەکەی چۆڵ بووە، بەڵام ئەگەر کاندیدی تاکەکەسیی کورسییەکەی چۆڵ بوو دەکرێت کورسییەکەی بدرێت بە کاندیدی لیستی کراوەکان (واتا کاندیدی حزبەکان). وردەکاری چۆنیەتی دابەشکردنی کورسییەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەسەر لیستە براوەکانی هەڵبژاردن و کاندیدەکانیان لەم راپۆرتەدا.

ئەمە جێبەجێ دەکرێت

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سیستەمی (دابەشکردن و جێگۆڕکێی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان- ژمارە ۹ی ساڵی ۲۰۲۴)ی بڵاوکردەوە.

ئەم سیستەمە رۆژی ۹ی ئەم مانگە (ئەیلول) پەسەندکراوەو چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ هەڵبژاردنی ۲۰ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵی (خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان) کاری پێدەکرێت.

دابەشبوونی کورسییەکان

لەم سیستەمە نوێیەدا، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرلەنوێ کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان (۱۰۰ کورسی) دابەشکردووەتەوە، بەمشێوەیە:

•    کورسی گشتیی: ۹۵ کورسی

•    کورسی تەرخانکراو بۆ پێکهاتەکان: ۵ کورسی بەمشێوەیە دابەشبووە:

-    ۳ کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی

-    ۲ کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان

دابەشبوونی کورسیی گشتیی و پێکهاتەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا بەمشێوەیە:

دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ کورسییەکان چۆن دابەش دەکرێن؟

ژن لە پەرلەمانی داهاتوودا

بەگوێرەی خشتەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لەکۆی  (۱۰۰) کورسی پەرلەمانی داهاتووی کوردستان، دەبێت لانی کەم (۳۰) کورسییان ژنان پڕی بکەنەوە، بەمشێوەیە:

•    لەکۆی ۳۴ کورسی تەرخانکراو بۆ بازنەی هەولێر، دەبێت لانی کەم (۱۰) کورسییان بۆ ژنان بڕوات.

•    لەکۆی (۳۸) کورسی بازنەی سلێمانی، دەبێت لانی کەم (۱۱) کورسی بۆ ژنان بڕوات.

•    لە کۆی (۲۵) کورسی بازنەی دهۆک، دەبێت لانی کەم (۸) کورسی بۆ ژنان بڕوات.

•    لەکۆی (۳) کورسی بازنەی هەڵەبجە، دەبێت لانی کەم (۱) کورسی بۆ ژنان بڕوات.

دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ کورسییەکان چۆن دابەش دەکرێن؟

کورسییەکان چۆن حساب دەکرێن؟

بەگوێرەی سیستەمەکەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بۆ کورسییە گشتییەکان، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەرهێنانی ژمارەی کورسی هەر لیستێک (کراوە یان تاکەکەسیی)، بەگوێرەی ئەم هەنگاوانە دەبێت:

•    کۆکردنەوەی تێکڕای دەنگی دروستی هەموو لیستەکان (کراوە یان تاکەکەسیی)، لەچوارچێوەی یەک بازنەی هەڵبژاردن، کە رکابەرێتی تێدا دەکەن.

•    رێکخستنەوەی ریزبەندی لیستە کراوەو تاکەکەسییەکان لە بازنەی هەڵبژاردنەکەدا بەگوێرەی تێکڕای ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە، لە زۆرەوە بۆ کەم.

•    تێکڕای ئەو دەنگە دروستانەی کە لیستە کراوەو تاکەکەسییەکان بەدەستیان هێناوە، دابەشدەکرێت بەسەر ژمارەی کورسییە گشتییەکان لەو بازنەیەدا، بەمەبەستی دەرهێنانی بەهای هەر کورسییەک.

•    کورسییەکان لە هەر بازنەیەک دابەشدەکرێن بەسەر لیستەکاندا، لەرێگەی دابەشکردنی کۆی گشتی دەنگی هەر لیستێک بەسەر بەهای هەر کورسییەکدا لەو بازنەیە.

•    ئەگەر لیستێک ئەوەندە کورسی بەدەستهێنا کە هاوتای ژمارەی کاندیدەکانی بوو، ئەوا وەکو لیستی براوە ئەژمار دەکرێت و هیچ پرۆسەیەکی تری دابەشکردنی کورسییەکان نایگرێتەوە.

•    دوای پرۆسەی دابەشکردنی کورسی بەسەر لیستەکاندا بەگوێرەی بەهای کورسیی، ئەو کورسییانەی دەمێننەوە بە کورسی بەتاڵ ئەژمار دەکرێن و دابەشدەکرێن بەسەر ئەو لیستانەی کە پاشماوەی دەنگەکانیان کەمترە لە بەهای کورسی (جا ئیتر کورسی بردبێت یان نا)و گەورەترین دەنگی ماوە-یان هەیە، کورسی بەتاڵی یەکەم دەدرێت بەو لیستەی زۆرترین دەنگی ماوەی هەیە، کورسی بەتاڵی دووەم دەدرێت دووەم لیست لەڕووی زۆری دەنگی ماوە، ئیتر بەمشێوەیە کورسییەکانی تریش دابەشدەکرێن.

•    ئەگەر کورسییەکی بەتاڵ یاخود زیاتر مایەوەو دوو لیست یان زیاتر لە ژمارەی دەنگی ماوە-دا یەکسان بوون، ئەوکاتە کۆمسیۆن تیروپشک دەکات بۆ دیاریکردنی بۆ دیاریکردنی ئەو لیستەی کە کورسییە بەتاڵەکە دەبات، ئەمەش بە ئامادەبوونی لیستەکان خۆیان یان ئەوانەی نوێنەرایەتییان دەکەن.

ئەمانە ئەو هەنگاوانە بوون کە کۆمسیۆن دیاریکردوون بۆ چۆنیەتی یەکلاکردنەوەی دەنگ و کورسی هەر لایەنێک لە چوارچێوەی بازنەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە، لە دیاریکردنی بەهای کورسی لە هەر بازنەیەکدا، تەنیا دەنگە (دروست)ەکان ئەژمار دەکرێت نەک دەنگە (پوچەڵ)ەکان، سەرباری ئەمە بۆ دیاریکردنی بەهای کورسی بازنەکان تەنیا ئەو دەنگە دروستانە ئەژمار دەکرێت کە بۆ کورسییە گشتییەکان رۆیشتوون، واتا دەنگی کورسی "کۆتا" پێکهاتەکان بۆ دەرهێنانی بەهای کورسی پشتی پێ نابەسترێت.

نمونەیەک

بەکورتی هاوکێشەی دەرهێنانی دەنگی لیستەکان دوای هەڵبژاردن، لە هەر بازنەیەک بەمشێوەیە دەبێت:

تێکڕای دەنگی دروستی هەموو لیستە بەشداربووەکان (جگە لە دەنگی کورسی کۆتای پێکهاتەکان) ÷ ژمارەی کورسی گشتی لە بازنەی هەڵبژاردن= بەهای کورسی

بۆ نمونە ئەگەر تێکڕای دەنگی دروستی هەموو لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن لە بازنەی سلێمانی بە (۳۷۰ هەزار) دەنگ ئەژمار بکرێت، ئەوا ئەم ژمارەیە دابەشدەکرێت بەسەر ۳۶ کورسیدا کە ژمارەی کورسییە گشتییەکانە لەسنوری ئەم بازنەیە، بەمەش ئەنجامەکەی بەمشێوەیە دەبێت:

۳۷۰۰۰۰ ÷ ۳۶ = ۱۰۲۷۷ واتا بە گریمانەکراوی بەهای هەر کورسییەک لە بازنەی سلێمانی (۱۰ هەزارو ۲۷۷) دەنگ دەبێت

دوای دەرهێنانی بەهای کورسی، ئەوکاتە دەست بە پرۆسەی دیاریکردنی ژمارەی کورسی هەر لایەنێک لە بازنەکان دەکرێت.

ئەگەر بەهەمان شێوە بازنەی سلێمانی وەکو نمونە وەربگرین، لەدواین هەڵبژاردندا کە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بوو لە ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱، یەکێتیی نیشتمانی لە سنوری بازنەی (۱۱۸ هەزارو ۵۸۶) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەر بەهای هەر کورسییەک لەم بازنەیە بەشێوەی پێشبینیکردن بە (۱۰ هەزارو ۲۷۷) دەنگ دیاری بکەین، ئەوا هاوکێشەکە بەمشێوەیە دەبێت:

۱۱۸۵۸۶ دەنگی یەکێتیی ÷ ۱۰۲۷۷ بەهای کورسی لە بازنەی سلێمانی = ۱۱ کورسی، لەپاڵ ئەمەدا یەکێتیی ژمارەیەک دەنگی دەمێنێتەوە کە دەبێت بە (دەنگی ماوە)و دەچێتە رکابەریکردن بۆ بردنی کورسییە بەتاڵەکانی ئەم بازنەیە دوای دابەشکاریی بەپێی بەهای کورسی.

(تێبینی: یەکێتیی لەدواین هەڵبژارندا براوەی یەکەم بووە لەم بازنەیە، بۆیە بە گریمانەیی ژمارەی دەنگەکانی لەدواین هەڵبژاردن وەرگیراوەو ئەنجامی هاوکێشەکە پێشبینی کردن نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی سیستەمی دابەشبوونی کورسییەکانە بەپێی ئەوەی کۆمسیۆن دایناوە تەنیا وەکو نمونەیەک).

کورسییەکان چۆن بەسەر کاندیدەکاندا دابەشدەکرێت؟

چۆنیەتی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر کاندیدەکاندا، دابەشدەبێت بەسەر سێ بەشدا کە ئەمانەن:

•    چۆنیەتی دابەشکردنی کورسییە گشتییەکان بەسەر کاندیدی لیستە کراوەکاندا

•    چۆنیەتی دابەشکردنی کورسی "کۆتا"ی ژنان

•    چۆنیەتی دابەش کردنی کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکان

سیستەمەکەی کۆمسیۆن بەگوێرەی ئەم هەنگاوانە، کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر کاندیدی لیستە کراوەکاندا دابەش دەکات:

•    ناوی کاندیدەکان لەناو لیستی کراوەدا، سەرلەنوێ لەسەر بنەمای دەنگەکانیان لە زۆرەوە بۆ کەم رێزبەند دەکرێتەوە.

•    بەگوێرەی ئەو بڕگەی سەرەوە، ئەو کورسییانەی کە هەر لیستێک بەدەستی هێناوە دابەش دەکرێت بەسەر کاندیدەکانیدا.

•    ئەگەر کاندیدێک یان زیاتر لە لیستێکی هەڵبژاردندا دەنگەکانیان یەکسان بوو، لەچوارچێوەی ناوچەی هەڵبژاردنەکەدا لە ریزبەندی کۆتاییدا بوون، ئەوا کۆمسیۆن بە ئامادەبوونی خۆیان یاخود نوێنەرەکانیان، تیروپشک بۆ ئەو دوو کاندیدە دەکات بۆ دیاریکردنی براوەی کورسییەکە.

دابەشبوونی کورسی "کۆتا"ی ژنان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەگوێرەی سیستەمی کۆمسیۆن، بەم هەنگاوانە دەبێت:

•    بەگوێرەی ئەم سیستەمە، لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، رێژەی ۳۰%ی کورسییەکان بۆ ژنان زامن کراوە.

•    ئەگەر لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن بەگوێرەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کۆتای ژنان بەدی هاتبوو، پرۆسەی گۆڕین ئەنجام نادرێت (مەبەست لە گۆڕینی دورخستنەوەی کاندیدی براوەی پیاوانە لە بازنەکانی هەڵبژاردن و دانانی ژنانە لە شوێنەکانیان بەمەبەستی پڕکردنەوەی رێژەی ۳۰%ی کورسییەکانی هەر بازنەیەک بە ژنان).

•    خۆ ئەگەر بەگوێرەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، کۆتای ژنان بەدی نەهاتبوو، کاندیدێک یان زیاتر لە کاندیدە پیاوە براوەکان لە هەمان لیستی براوە لادەبرێت و ژنێک یان زیاتر لە هەمان لیست لە شوێنەکەی دادەنرێت کە لە هەموو ژنەکانی تری لیستەکە دەنگی زیاتری هێنابوو، بەمشێوەیە:

-    بۆ دیاریکردنی پشکی هەر لیستێک لە کۆتای ژنان، ئەو کورسییانەی کە هەر لیستێک بەدەستیهێناوە دابەش دەکرێت بەسەر (۳)دا.

-    ئەگەر رێژەی ۳۰%ی کۆتای ژنان بەدی نەهات، ئەوا کورسییەک بۆ ژنان تەرخاندەکرێت لە کورسی ئەو لیستانەی کە دوو کورسییان بەدەستهێناوە، ئەمەش بەگوێرەی ژمارەی دەنگی لیستەکان لە کەمەوە بۆ زۆرو کاندیدی براوەی کورسی دووەمی ئەم لیستانە دەگۆڕدرێت بە ژنان.

-    خۆ ئەگەر هەموو هەنگاوەکانی پێشتر ژمارەی دیاریکراوی کورسی ژنانی بەدی نەهێنا، ئەوا کورسی ژنان لەو لیستە کراوانە دیاری دەکرێت کە تەنیا یەک کورسییان بەدەستهێناوە، لە کەمترینەوە بۆ زۆرترین بەگوێرەی دەنگی لیستەکە.

-    ئەو ژنانەی کە بە دەنگی خۆیان لە بازنەیەکی هەڵبژاردندا لە لیستی کراوە یاخود تاکەکەسیی سەرکەوتوون، لەچوارچێوەی کورسی تەرخانکراوی کۆتای ژنان ئەژمار دەکرێن.

-    بەڵام کورسی کۆتای پێکهاتەکان سیستەمی کۆتای ژنان نایگرێتەوە.

کورسی کۆتای پێکهاتەکان چۆن دابەش دەکرێت؟

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، هاوشێوەی کورسییە گشتییەکان و کورسی کۆتای ژنان، سیستەمێکی تایبەتیشی بۆ چۆنیەتی دابەشکردنی کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکان دیاریکردووە.

لە کۆی (۱۰۰) کورسی پەرلەمانی کوردستان، (۵) کورسی وەکو "کۆتا" بۆ پێکهاتەی (مەسیحی و تورکمان) دیاریکراوە، ئەم پێنج کورسییەک (۲) کورسی بەر هەولێرو (۲) کورسی بەر سلێمانی و (۱) کورسی بەر دهۆک کەوتووە، بەمشێوەیە:

•    هەولێر: ۱ کورسی تورکمان + ۱ کورسی مەسیحی

•    سلێمانی: ۱ کورسی تورکمان+ ۱ کورسی مەسیحی

•    دهۆک: ۱ کورسی مەسیحی

کورسی "کۆتا"ی مەسیحی و تورکمان لە بازنەکانی هەڵبژاردن، بەمشێوازە دابەشدەکرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت:

•    ئەگەر هاتوو هەر یەکێک لەو کاندیدانەی کە سەربە پێکهاتەکان بوو، کورسییە گشتییەکانی بردەوە، ئەمە کاریگەریی لەسەر کورسی تەرخانکراو بۆ ئەو پێکهاتانە نابێت (واتا خەڵکی سەربە پێکهاتەکان کورسی گشتیی ببەن، لەسەر حسابی کۆتا ئەژمار ناکرێن).

•    ناوی کاندید بۆ کورسی پێکهاتە لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن کە کورسی پێکهاتەکانی بۆ تەرخانکراوە، بەگوێرەی ئەو دەنگەی کە بەدەستیهێناوە لە زۆرەوە بۆ کەم ریزبەند دەکرێتەوە.

•    براوەی کورسی پێکهاتە ئەو کەسە دەبێت کە زۆرترین دەنگی بازنە یاخود ناوچەی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە.

•    ئەگەر کاندیدێک یان زیاتری پێکهاتەکان ژمارەی دەنگەکانیان یەکسان بوو، ئەوا بە ئامادەبوونی خۆیان یاخود نوێنەرەکانیان، بۆ دیاریکردنی براوەی کورسییەکە، کۆمسیۆن تیروپشک لە نێوانیاندا دەکات.

کورسییە بەتاڵەکان چۆن پڕدەکرێنەوە؟

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لەچوارچێوەی ماددەیەکداو بە (۴) بڕگە رێوشوێنی پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکانی بەمشێوەیە دیاریکردووە:

•    ئەگەر بە هەر هۆکارێک، لەچوارچێوەی لیستی کراوەدا کورسییەک چۆڵ بوو، ئەوا ئەو کاندیدە دۆڕاوەی کە لە هەمان قەوارە زۆرترین دەنگی هێناوە شوێنەکەی پڕدەکاتەوە (حزب یان رێکخراوی سیاسی).

•    ئەگەر بە هەر هۆکارێک، لەچوارچێوەی لیستی تاکەکەسیدا (ئەو لیستەی کە لە یەک کاندید پێکدێت) کورسییەک چۆڵ بوو، ئەوا کورسییەکە دەدرێت بە کاندیدی لە لیستێکی کراوە (مەبەست لە لیستی حزب و هاوپەیمانێتییەکانە) یاخود تاکەکەسیی کە زۆرترین دەنگی ماوە-ی هەیە دوای جێبەجێکردنی دەقی ماددەی (۳/یەکەم/و) لەسەری، جا ئیتر کورسی هێنابێت یاخود نا.

ماددەی ۳/یەکەم/و کە لەم بڕگەیەدا ئاماژەی بۆ کراوە دەڵێ: "دوای پرۆسەی دابەشکردنی کورسی بەسەر لیستەکاندا بەگوێرەی بەهای کورسیی، ئەو کورسییانەی دەمێننەوە بە کورسی بەتاڵ ئەژمار دەکرێن و دابەشدەکرێن بەسەر ئەو لیستانەی کە پاشماوەی دەنگەکانیان کەمترە لە بەهای کورسی (جا ئیتر کورسی بردبێت یان نا)و گەورەترین دەنگی ماوە-یان هەیە، کورسی بەتاڵی یەکەم دەدرێت بەو لیستەی زۆرترین دەنگی ماوەی هەیە، کورسی بەتاڵی دووەم دەدرێت دووەم لیست لەڕووی زۆری دەنگی ماوە، ئیتر بەمشێوەیە کورسییەکانی تریش دابەشدەکرێن".

•    ئەگەر بە هەر هۆکارێک کورسییەک چۆڵ بوو کە کورسی کۆتای پێکهاتەکان بوو، ئەوا کورسییەکە دەدرێت بە کاندیدی دوای خۆی لەڕووی ژمارەی دەنگەوە، لە هەمان پێکهاتە.

•    ئەگەر کورسی کۆتای چۆڵ بوو هی ژنان بوو، مەرج نییە ئەو کەسەی دەخرێتە شوێنەکەی هەر دەبێت ژن بێت، مەگەر لەکاتێکدا چۆڵبوونەکە کاریگەریی لەسەر رێژەی نوێنەرایەتیی ژن هەبێت.

News Code 224119

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha