وتەکانی بارزانی له‌ ڕێوڕه‌سمی بانگه‌شه‌ی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان

سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی حزبه‌که‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان رایگه‌یاند، له‌ ڕۆژی هەڵبژاردندا به‌هیممه‌تی پارتیه‌کان سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ده‌ستده‌هێنین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مه‌سعوود بارزانی له‌ وتارێکدا له‌ ڕێوڕه‌سمی به‌ فه‌رمی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ڕایگه‌یاند: "له‌م ڕۆژه‌دا بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان ده‌ستیپێکرد و هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ کاندیده‌کان ده‌خوازم، پشت به‌خوای گه‌وره‌ و به‌ هیمه‌تی دڵسۆزانی کوردستان و به‌فه‌رموده‌ی بارزانی نه‌مر، هه‌موو کوردێکی دڵسۆز پارتییه‌، به‌ هیمه‌تی پارتییه‌کان خۆمان ئاماده‌ ده‌که‌ین بۆ ڕۆژی ئۆکتۆبه‌ر و سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ده‌ستده‌هێنین، ده‌بێت بڕاواتان به‌خۆتان هه‌بێت و به‌ ئومێدی به‌رزه‌وه‌ و متمانه‌ی به‌هێزه‌وه‌ خۆتان ئاماده‌ بکه‌ن، ده‌بێت زیاتر بڕواتان به‌ سه‌رکه‌وتن هه‌بێت، نابێت بیر له‌ شکست بکرێته‌وه‌، پێویسته‌ هه‌ر یه‌کێک له‌ ئێوه‌ خۆی ئاماده‌ بکات سه‌ر بکه‌وێت و سه‌ریش ده‌که‌وین پشتیوان به‌خوا".

مەسعوود بارزانی وتیشی: "بۆ هه‌رێمی کوردستان که‌س خێری پێ نه‌کردووین، ئه‌و هه‌رێمه‌ به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدانه‌، خوێنی ئه‌نفالکراوانه‌، خوێنی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانه‌، ڕه‌نجی خه‌ڵکی کوردستانه‌، پارتی شه‌ڕه‌فێکی گه‌وره‌ی به‌رکه‌وتوه‌ خوێنێکی زۆری داوه‌ بۆ ده‌ستخستنی ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ مه‌زنه‌ و پاراستنی ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ مه‌زنه‌".

له‌باره‌ی دۆخی ناوخۆی هه‌رێمیشه‌وه‌، بارزانی وتی: "به‌ پێویستی ده‌زانم سوپاسی بێپایانی هاوڵاتیانی کوردستان بکه‌م بۆ خۆڕاگریان و پشتیوانیان به‌رامبه‌ر به‌و پیلانانه‌ی ده‌ره‌کی و به‌چاوساغی هه‌ندێک له‌ناوخۆ که‌ ویستیان هه‌رێمی کوردستان تێک بده‌ن، ته‌حه‌مولیان کرد و سه‌بری ئه‌یوبیان هه‌بو خۆیان ڕاگرت و  هه‌رێمه‌که‌یان پاراست، سوپاسیان ده‌که‌م و پیرۆزباییان لێده‌که‌م، به‌ هیمه‌تی پارتییه‌کان بۆ رۆژی 20ـی ئۆکتۆبه‌ر و سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ده‌ستده‌هێنین".

سەرۆکی پارتی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "پارتی بڕوای به‌ ئاشتی و دیموکراتی و  پێکه‌وه‌ ژیانه‌، به‌ کرده‌وه‌ سه‌لماندویه‌تی، نه‌وه‌ک به‌ قسه‌، ئێمه‌ مه‌به‌ست و ویستمانه‌ خه‌ڵکی به‌خته‌وه‌ر بێت، له‌ ژیانێکی خۆشدا بێت، ئێمه‌ ئاواتمانه‌ خۆشگوزاره‌نی خه‌ڵکی کوردستان".

هه‌ر له‌ وتاره‌که‌یدا مه‌سعوود بارزانی وتی، "داوا ده‌که‌م له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ زۆر له‌سه‌رخۆ بن، دور له‌ توندوتیژی، له‌ به‌کارهێنانی زمانی زبر، ڕاتان نه‌کێشن بۆ شه‌ڕێکی لا به‌لا، سه‌نگی خۆتان و پارته‌که‌تان بپارێزن، زۆرجار وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی خه‌ڵکی بێ مه‌سئولییه‌ت وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌، وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ خۆی وه‌ڵام دانه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر پێویست به‌ وه‌ڵام دانه‌وه‌ بکات ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌کی مه‌دروس بێت، ئه‌گه‌ر له‌ حاڵه‌تێک که‌ وه‌ڵامێک پێویست بو، ئه‌وه‌تان له‌بیر نه‌چێت، ئه‌وه‌ی زمانی درێژه‌، ده‌ستی کورته‌".

News Code 224133

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha