یەکێتی، پارتی بە هەڵاتن لە شەنگال تۆمەتبار دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە دەیەمین ساڵیادى کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکاندا، یەکێتى نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ڕا کردن و کەمتەرخەمی هێزی پارتی فەرمانڕەوا کەمترین دەرفەتی  بۆ بەرەنگاریی و پارێزگاریی هێشتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەکتەبی سیاسیی یەکێتى لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، یەكێتی لە بەرایی کۆمەڵکوژییەکەى شەنگالدا، وێڕای دووری و ئاستەنگەكانی بەردەمی، بە هێزێكی پوخت و کەم و شانبەشانی رێكخستنەکانی لە دەڤەرەكە، هێڵێكی بەرگریی  بۆ بەشێكی زۆری ئاوارە و لێقەوماوان دروست کرد، بۆ بەرگرتن لەو نەزیفە نیشتمانییە و ڕزگار کردنی ئەوەی لە توانادایە.

دەشڵێت، "دوای پرۆسەی ڕزگاركردنەوەی شەنگال لە چوارچێوەی جەنگی سەرتاسەری دژی داعشدا، هەوڵەكانی یەكێتیی لە ناوخۆی کوردستان و عێراق و دەرەوە بەردەوامە، بۆ هەرچی زووتری جێبەجێ کردنی بەرپرسیارێتی حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە کەیسی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە، ڕزگار کردنی زیندووان، قەرەبووی زیانلێكەوتووان و لابردنی تەگەرە سیاسییە دروستكراوەكانی بەردەم گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەی ئاوارە و لێقەوماوانی کارەساتەکە.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتى ڕاشیگەیاندووە، لەم یادەدا، وەک هێزێکی کوردستانی دەربەست و بەرپرس،  خاوەندارێتی مۆڕاڵی خۆمان لەم دۆسێ نەتەوەیی، نیشتمانیی  و ئینسانییەی خەڵکەکەی خۆمان لە شنگال دووپات دەکەینەوە، تەئکید لەسەر پاراستنی ناسنامەی ئێزدیان وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و زیندووی  کوردستانی و  دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەند و شایستە بۆیان دەکەینەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، یادی ئەم خەمە نەتەوەییە، هاوکاتی جەژنی دێرینی چلەی هاوینی ئێزدیانە، کە جەژن هەمیشە نیشانەی بەردەوامی ژیان و بەرەنگاریی و ئیرادەی مانەوەیە، بەم بۆنەیە وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم خوشک و برایانی ئێزدی لە وڵات و لە تاراوگە هیوادارین ئیرادەی مانەوە و بەردەوامیان بەسەر رۆژە رەشەکانی ستەم و کارەساتدا زاڵ بێت و سەرکەوێت.

News Code 223894

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha