کوردپرێس
شادمان مەلا حەسەن ئەندامی بەرەی گەل و کەسایەتیی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرت و ڕایگەیاند: بەپێی لێکدانەوەی ئێمە ئەو ناکۆکییانەی نێوان پارتی و یەکێتی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو بووبەهۆی ڕاگرتنی پەرلەمانی کوردستان و دواکەوتنی هەڵبژاردن. لە ئێستاشدا لێرە و لەوێ هەوڵی ئەوە هەیە کە جارێکی تر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوا بخرێت و ئەمەش نیشانە ترسە لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کە ئەنجامەکانیان بەدڵ نەبێت.
ناوبراو زیادی کرد: بە دڵنیاییەوە لەئەنجامی خولی داهاتوو گۆڕانکاریی گەورە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان ڕوودەدات. خەڵکی هەرێمی کوردستان لە نەبوونی خزمەتگوزاری و نەدانی مووچە وەڕەز بوونە.
ئەم ئەندامەی بەرەی گەل لەبارەی بارودۆخی حزبەکەی و ڕێژەی ئامادەبوونی بەرەی گەل بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی دابێی پارلەمانی کوردستان (ئەگەر بەڕێوەبچێت) بە کوردپرێسی وت: ئێمە لە بەرەی گەل بەهێز و توانایەکی زۆرەوە هاتووینەتە مەیدان و ئەوەی کە ڕۆژانە لە ناو کۆمەڵانی خەڵک و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینین خەڵکێکی زۆر بەرەوڕووی بەرەی گەل دێت و ئێستا لە خۆناساندنە. لە داهاتووشدا گەرم و گوڕیەکی زیاتر دەبێت لە پەیامەکانیدا چوونکە ئێمە هێزێکی نیشتیمانین و هێزێکین کە باوەڕمان بە بنەماکانی دەستوور و پێکەوەژیان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەیە و کەسایەتیەک وەکوو کاک لاهوور کەسێکی موعتەبەرە لەناو ناوەندی سیاسی و لەناوەندی جەماوەریشدا. بۆیە پێش بینیی ئێمە ئەوەیە کە خەڵکێکی زۆر لە دەوروبەری ئەم ئاراستە سیاسییە کۆ دەبێتەوە و دەنگی پێدەدرێت. ئەگەرچی ناتوانم ژمارەی کورسییەکان بە وردی دیاری بکەم بەڵام بەتەئکید بەرەی گەل ژمارەیەکی بەرچاو کورسی لە پەرلەمانی داهاتووی کوردستان مسۆگەر دەکات.
Your Comment