بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شارپرێس بڵاوی کردەوە ئەدهەم بارزانی و ژمارەیەک لە چالاکان و کەسایەتی دیاری هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دروست کردنی هێزێکی نوێن و لە ئێستاشدا ناوی هێزەکەیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە و لە بەغدای پایتەختی عێراقیش مۆڵەتییان وەک ڕەوتێکی نوێی سیاسی وەرگرتووە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆنگرەی هێزەکەش ببەسترێت.
بەگوێرهى ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەی تایبەت و نزیکی ئەدهەم بارزانییەوە دەست کەوتوون، ناوبراو چاوی لەوەیە لەبادینان چڕیی هێزەکەی دەربکەوێت و دەیەوێت خەڵکێکی زۆر لەدەوری هێزەکەی کۆ ببنەوە.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەدهەم بارزانی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کردووە و قسەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای عێراق لەسەر ئاستی حزب و حکوومەت کردووە بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێت ئەو ڕێگریانەی لەبەردەمیەتی بۆ گەڕانەوە بۆ بادینان لاببرێن و لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بتوانێت بچێتەوە ناوچەکەی خۆیی و جووڵەی سیاسی و کەمپەینی هەڵبژاردن ئەنجام بدات، ئەمەش لەکاتێکدا کە پارتی لەڕێگەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێرەوە، فەرمانی گرتنی بۆ ناوبراو دەرکردووە و ئێستا یەکێکە لە داواکراوەکانی دادگا و هێزە ئەمنیەکان فەرمانی گرتنی ناوبراویان پێیە.
سەرچاوەیەکی تایبەت و نزیک لەئەدهەم بارزانی زانیاری ئەوەشیداوە کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیار بووە شێخ ئەدهەم بارزانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام بدات و هەندێک زانیاری هەستیار لەبارەی دۆخی هەرێم و هەڵبژاردنەوە ئاشکرا بکات، بەڵام وەک سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، بەشێک لە کەسایەتی و حزبە سیاسیەکانی پەیوەندیدار بە ئەدهەم بارزانییەوە داوایان لێکردووە لەئێستادا هیچ نەڵێت و قسە بۆ میدیاکان نەکات و کاتی قسەکردنی و ئاشکرا کردنی زانیاریەکانی بۆ کاتێکی گونجاوتر دوا بخات.
Your Comment