دۆخی هه‌رێمی كوردستان و پرۆسه‌ی حوكمڕانی پێویستیان به‌ گۆڕانكارییه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌پێناو به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵا و نیشتمانییه‌كان هه‌موو سازشێک ده‌كه‌ین و ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌مان له‌سه‌رو هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌".

کوردپرێس:

به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكی یه‌كێتی، بافڵ تاڵه‌بانی له‌ ده‌باشان پێشوازیی له‌ مارک سترۆ، كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كان تاوتوێ كران، جه‌خت له‌ به‌رده‌وامیی گفتوگۆكان و گه‌یشتن به‌ دیدگایه‌كی هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌ره‌وپێش چوونی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه.

له‌ دیداره‌كه‌دا تاڵه‌بانی پابه‌ندیی یه‌كێتیی به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا دووپاتكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "دۆخی هه‌رێمی كوردستان و پرۆسه‌ی حوكمڕانی پێویستیان به‌ گۆڕانكارییه‌، هه‌ڵبژاردنیش باشترین بژارده‌یه‌ و هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ دادپه‌روه‌ری و پاراستنی مافی هه‌موولایه‌ک، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵێک بۆ دواخستنی پڕۆسه‌كه‌، لێدانه‌ له‌ خواستی خه‌ڵک و زیانگه‌یاندنه‌ به‌ هه‌رێمه‌كه‌مان".

له‌باره‌ی ئیداره‌ی خۆجێیی كه‌ركووک و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانیشه‌وه‌، سه‌رۆكی یه‌كێتی جه‌ختی له‌ خێراتركردنی هه‌نگاوه‌كان و ته‌واوكردنی رێكاره‌ یاسایی و ده‌ستورییه‌كان كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: "هیوادارین هه‌نگاوه‌كان له‌خزمه‌ت خه‌ڵک و قووڵ كردنه‌وه‌ی گیانی ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیاندابن، مافی هه‌موولایه‌ک پارێزراو بێت و ئیراده‌ی ده‌نگده‌ران پشتگوێ نه‌خرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌توندی روبه‌ڕوی هه‌ر هه‌وڵێک ده‌وه‌ستینه‌وه‌ كه‌ مافی ده‌نگده‌ران و ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن پێشێل بكات، دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ كه‌ركووک و كه‌ركوكییه‌ سه‌ربه‌رزه‌كان كه‌ سازش له‌ مافه‌كانیان ناكه‌ین و رێگه‌ناده‌ین چاره‌نووسیان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ببرێت".

یه‌كخستنه‌وه‌ی ماڵی كورد و ئاسته‌نگییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌بوو،  تاڵه‌بانی خواستی یه‌كێتیی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان دووپات كرده‌وه‌ و ڕاشیگه‌یاند: "یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویمان زامنی به‌هێزی و مانه‌وه‌مان ده‌كات، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ده‌رگای گفتوگۆ و كاری هاوبه‌شمان كراوه‌بوه‌ و پێشوازیمان له‌ هه‌ر هه‌وڵێک كردوه‌ كه‌ ئامانجه‌كه‌ی خزمه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بووبێت، ئامانجی ئێمه‌ ڕوونه‌ و له‌پێناو به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵا و نیشتمانییه‌كان هه‌موو سازشێک ده‌كه‌ین، ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌مان له‌سه‌رو هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌ و هه‌موو هه‌نگاوێكیش ده‌نێین له‌و پێناوه‌دا".

News Code 223809

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha