سەرۆکی لیستی بەرەی گەل: گۆڕانکاری لە بادینان و هەولێرەوە دەست پێدەکات

سەرۆکی لیستی بەرەی گەل وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سەردانەکانی لە ناوچەی هەولێر چڕتر کردووەتەوە  و بە تایبەت سەردانی دهۆکیشی کرد.

کوردپرێس:

لاهوور شێخ جەنگی، پلانی هەیە سەردانەکانی بەردەوام بێت بۆ ناوچە جیاوازەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، وەک خۆی  دەڵێت، "گۆڕانکاری لە بادینان و هەولێرەوە دەکرێت".

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، ناوبراو سەردانی هەولێری کرد و پێشوازی لە گەنجان و چین و توێژە جیاوازەکان کرد و ئەوانیش پشتیوانی خۆیان بۆ بەرەی گەل دووپاتکردەوە.

هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر سەرۆکی بەرەی گەل، بەشداری لە چەند پرسەیەکدا کرد.

بەپێی وتەی بەرپرسانی بەرەی گەل، لە هەولێر پێشوازییەکی باش لە لاهوور شێخ جەنگی کراوە لە کاتی سەردانەکەیدا و ئەمەش سەرەتایەکی باشە بۆ بەرەی گەل، کە لە قۆناغی خۆناساندندایە.

پێشوازییەکی باشی لێکرا

مامۆستا سابیر فەڕەنسی، ئەندامی سەرکردایەتی بەرەی گەل لە هەولێر بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، "سەردانی لاهوور شێخ جەنگی بۆ هەولێر سەردانێکی ئاسایی بوو، لەلایەن جەماوەری بەرەی گەلەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا".

وتیشی: "لە سەردانەکەیدا سەرۆکی بەرەی گەل پێشوازی لە چین و توێژە جیاوازەکان کرد و دڵنیایی بە خەڵکدا کە بەرەی گەل بەشداری هەڵبژاردن دەکات و گۆڕانکاریی بەڕێوەیە".

وەک مامۆستا سابیر فەڕەنسی باسی دەکات "هەولێر بەشێکی گرنگە لە هاوکێشەی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆیە لاهوور شێخ جەنگی سەردانی هەولێری کرد، چونکە چەقی ململانێکان لە هەولێرەوە و گۆڕانکاریش لەوێوە دەکرێت".

هەروەها لاهوور شێخ جەنگی پێی وایە "سیاسەت لە هەرێمی کوردستان دەبێت گشتگیر بێت و دەبێت مەرکەزی سیاسەت لە هەولێر بێت کە پایتەختی هەرێمی کوردستانە".

لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا ڕۆژی سێشەممە ۶ی ئابی ۲۰۲۴، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد و پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن پشتیوانیانی بەرەی گەلەوە لێکرا، هەر لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر ڕایگەیاند: "لە ۳۳ ساڵی ڕابردوودا بە ئەنقەست و بیروبۆچوونی حزبایەتی هەوڵدراوە تۆوی ڕق و کینە لەنێوان بادینانی داگیرکراو و گەرمیانی ئەنفالکراودا بچێنرێت و هاتنی ئێمە بۆ ئێرە شکاندنی ئەو بەربەستەیە".

"گۆڕانکاری لە بادینان و هەولێرەوە دەکرێت، ناکرێت ئێمە لە سلێمانی دانیشین چاوەڕوان بکەین خەڵک لە بادینانەوە گۆڕانکاریمان بۆ بکەن".

لە درێژەی قسەکانیدا، لاهوور شێخ جەنگی وتی: "بە بەرچاومانەوە داگیرکەران نیوەی خاکی بادینانیان داگیرکردووە و حیزبانی دەسەڵات بە پارتی و بە یەکێتییەوە، وشەیەکیان نەوتووە بەرانبەر بە داگیرکارییەکانی تورکیا".

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی لەوەکرد، "دەبێت ستۆپێک بکرێت بەو هەموو نادادپەروەرییەی کە بەرانبەر میلـلەتەکەمان دەکرێت، ئێمە تێکدەر نین و خەمخۆری خاک و خەڵکین و بوون بە ئەندام لە بەرەی گەل کارێکی ئاسان نییە، چونکە ئەوانەی بەرەی گەل هەڵدەبژێرن خاک و خەڵکەکەی خۆیان خۆشدەوێت و دژی نادادپەروەری و داگیرکاری دەوەستنەوە".

لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی بەرەی گەلەوە بۆ پارێزگای دهۆک، زیکری زێباری؛ بەرپرسی بارەگای بەرەی گەل لە دهۆک بە هاوڵاتی وت "سەردانی لاهوور شێخ جەنگی بۆ بادینان سەردانێکی زۆر باشبووە و گرنگی خۆی هەبوو، چونکە یەکەمجارە سەردانی بادینان دەکات و وەک سەرۆکی لیستێکی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان و لە دهۆک کۆبوونەوەیەکی گەورەی جەماوەری لەو شێوەیە بکات".

وەک زیکری زێباری ئاماژەی پێکرد "سەردانی لاهوور شێخ جەنگی ئامادەکاریی بوو بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ کاندیدانی بازنەی دهۆک ئەنجامدا".

بەپێی وتەی زیکری زێباری بێت "سەردانی سەرۆکی بەرەی گەل بۆ دهۆک بەردەوام دەبێت و جەماوەری بەرەی گەل لەو سنوورە زۆر بە باشی پێشوازیان لە لاهوور شێخ جەنگی کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی دەکەن، وتیشی، "خەڵیکش پێیان وایە ئەو گۆڕانکارییە بە لاهوور شێخ جەنگی دەکرێت".

"لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە %۷۳ی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستانیان نەکردووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت خەڵک بێ ئومێد بووە لە دەسەڵات، بۆیە بەرەی گەل بووەتە ئومێدێک بۆ ئەو خەڵکە ناڕازییە لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردووە پێشوازییەکی گەرم لە بەرەی گەل بکرێت و خەڵک هیوایەکی گەورەی بە لاهوور شێخ جەنگی هەبێت".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ۲۰-۱۰-۲۰۲۴، وادەی نوێی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە، بەرەی گەل کە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی لیستەکەیەتی، بەشداری هەڵبژاردن دەکات و ئامادەکارییەکانیشی دەستپێکردووە.

پێشبینی چی دەکرێت؟

بەپێی بەدواداچوونەکانی هاوڵاتی، پێشبینی دەکرێت لیستی بەرەی گەل کە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان دەنگێکی زۆر بەدەست بهێنێت و "سوپرایز" ی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بێت.

News Code 223919

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha