بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئارێز عەبدوڵا، ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى لە پەیجى خۆى نووسیویەتى: لەدوای بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی بێبەشکردنی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی کردۆتە پاساوی دواخستنی هەڵبژاردن!.
ناوبراو نووسیویشیەتى: هەرچەندە هەبوون و نەبوونی چەند پەرلەمانتارێکی تورکمان، ئاشووری و ئەرمەن پێوەری سەرەکی دەستەبەر بوونی مافی ئەو پێکهاتانە نییە، چوونکە دەکرێ ئەوان لە پەرلەمان بن و مافەکانیشیان پێشێل بکرێن، هەروەها دەکرێ لە پەرلەمانیش نەبن و مافەکانیشیان پارێزراوبن، تازە دادگا بڕیاری خۆی داوە و پاشگەزبوونەوەی نییە، ئەمە لەلایەک لە لایەکی دیکەش پەرلەمانمان نییە تا یاساکە هەموار بکاتەوە، کەواتە چار چییە؟
ئەو بەرپرسەى یەکێتى ئاماژە بەوەدەکات، دەکرێ هەموو لایەنە کوردستانیەکان رێکبکەون کە لەدوای هەڵبژاردن سەرۆکایەتی هەرێم بە کەسایەتیەکی پێکهاتەیەک و سەرۆکایەتی حکوومەتیش بە کەسایەتیەکی پێکهاتەیەکی دی بدرێ و دەڵێت: چوونکە ئەو پێکهاتانەش وەکوو ئێمە هاوڵاتی و خاوەنی ئەم نیشتیمانەن و مافی خۆیانە ئەو پۆستە باڵایانەش وەربگرن، دوای ئەوەش پەرلەمان دەتوانێ یاسای هەڵبژاردن هەموار بکاتەوە و دادپەروەرانەش کورسی نوێنەرایەتی ئەو پێکهاتانە دابنێتەوە.
Your Comment