دواخستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی تری کێبەرکێ و ململانێی توندی سیاسی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لەتیف نێروەیی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە پاشهاتە نەرێنییەکانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ڕایگەیاند: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دواخستنی هەڵبژان بەرپرسیار نییە بەڵکوو ئەو لایەنە لێی بەرپرسیار دەبێت کە هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەدات.

کوردپرێس

یەک مانک و چەند ڕۆژێک تا ڕۆژی دیاریکراو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە ۱۰ی ۶ی ۲۰۲۴ بەڕێوەبچێت ماوە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پاش سێ فەرمانی سەرۆکایەتی لە کۆتاییدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو حزب و لایەنە کوردستانییەکان لە کۆتاییدا ئەم ڕێکەوتەی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژادن دیاری کرد. بەڵام پاش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و کەم کردنەوەیان بۆ ۱۰۰ کورسی و نەهێشتی کورسیی کۆتاکان و گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی؛ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند لە هەڵبژاردنێکدا کە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە بەشداری ناکات و سەرەڕای ئەوەی کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەی تۆمار کردنی کاندیدەکان و لیستی هەڵبژاردنی، درێژ کردەوە، پارتی ئامادە نەبوو لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری بکات.

پارتی دیموکراتی کوردستان و بەدیاری کراوی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی، لەمدواییەدا هەوڵەکانی دەستپێکردووە تا جارێکی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوا بخات. ئەمەش لەحاڵێکدایە کە دیکەی لایەنە کوردستانییەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژارنەکانی عێراق مکووڕن لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا. لەم نێوانەشدا هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکوو هاوبەشی کۆنی پارتی دیموکرات، گرینگایەتیەکی تایبەەتی هەیە. مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوا کۆبوونەوەیەک کە ڕۆژی سێشەممە ۱ی ۵ی ۲۰۲۴ بەڕێوەچوو لە بەیاننامەیەکدا هەموو ئەو هەوڵانەی سەرکۆنە کرد کە بۆ دواخستی هەڵبژاردن دەدرێت و ڕایگەیاند لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا ئامادە نابێت کە ئامانج لێی دواخستنی هەڵبژاردن بێت.

لەتیف نێروەیی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی بە بەیاننامەی حزبەکەی کورد و وتی: سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لەدوای کۆبوونەوە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بڵاو کرایەوە بەڕای من ئەم هەڵوێستە، هەڵوێستێکی بەرپرسیارانەیە لەبەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆز و ناهەمواردا تێدەپەڕێت و کۆمەڵێک قەیران بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە. باشترین ڕێگا ئەوەیە کە لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە و لەڕێگای پێکهێنانی حکوومەتێکی بنکە فراوانی نیشتمانی و خزمەتگوزارەوە بتوانین هەرێمی کوردستان لەم قەیرانانە درەباز بکەین.

نێروەیی ئاشکراشی کرد: هەر هەوڵێکیش بدرێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەم پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقە و هەم پێچەوانەی ئەو ڕێکارانەیە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە خراونەتەڕوو هەروەها پێچەوانەی مافی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانە کە مافی ئەوەیان هەیە پەرلەمانێکی نوێ و حکوومەتێکی نوێ هەڵبژێرن. لە هەمان کاتیشدا دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زیان بە یەکڕیزی و تەبایی ناوماڵی کورد دەگەیەنێت بۆیە ئێمە وەکوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ بیانوویەکی شەرعی نابینین کە هەڵبژادنی پێ دوابخرێت.

ناوبراو زیادی کرد: تا ئێستاش کۆمیسیۆن بەردەوامە لەسەر کارەکانی خۆی و زۆربەی هەرەزۆری هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژادنن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا. لەبەر ئەمەش ئێمە بەردەوامین لە سیاسەتی خۆمان و بە هیچ شێوەیەک بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین کە مەبەست لێی دواخستی هەڵبژاردن بێت.

لەتیف نێروەیی ئاماژەی بە پاشهاتە نەرێنییەکانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و وتی: بەتەئکید دواخستنی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆی بەشێوازی نایاسایی پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ و ڕێکارەکانی کۆمیسیۆن و خواستی و هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها پێچەوانەی خواستی  جەماوەری خەڵکی هەرێمە و هەنگاوێکی نەرێنی دەبێت کە کاردانەوەی نەرێنی بەدوای خۆیدا دێنێتەوە.  ئێمە وەکوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدواخستنی هەڵبژان بەرپرسیار نین بەڵکوو ئەو لایەنە لێی بەرپرسیار دەبێت کە هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەدات و لەوانەشە ئەگەر بڕیارێکی واش بدرێت هەرێم دەچێتە قۆناغێکی تری کێبەرکێ و ململانێی توندی سیاسی و یەکێتیش وەک لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیدا هاتووە هەموو هەوڵێکی سیاسی دەدات بۆ ئەوەی هەوڵەکانی دواخستنی هەڵبژاردن پووچەڵ بکرێنەوە و هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

ناوبراو لە کۆتاییدا ڕاشیگەیاند: ئێمە لە زەروورەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن تێدەگەین بۆیە ئەوندە سوورین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا و لە هەمانکاتیشدا لە مەترسییەکانی دواخستنی هەڵبژاردن تێدەگەین بۆیە بەمشێوازە و ڕاشکاوانە دژی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانین. هەر بڕیارێک بدرێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بە تەئکید ئێمە هەوڵ دەدەین کە هەموومان پێکەوە ڕووبەڕووی ببینەوە. پەیاممان بۆ ڕای گشتی و شەقام و جەماوەری خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەوانیش دەستبەرداری مافی خۆیان نەبن کە مافی دەنگدان مافێکی سەرەتاییە بۆ هەموو تاکێک لە هەموو کۆمەڵگایەک.

News Code 223437

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha