هەڕەشەکانی تورکیا هۆکاری دواخستی هەڵبژاردن لە کوردستانی سووریا نەبوون

هاوسەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی داواکاریی لایەنە سیاسییەکان، هەڵبژاردن بۆ مانگی ئاب دواخرا و دواخستنەکە هیچ پەیوەندییەکی بە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە نییە.


ڕوکەن مەلا ئیبراهیم هاوسەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاندووە: "ئەو لایەنە سیاسیانەی کە بەشداری ئەو هەڵبژاردنانە دەکەن، ژمارەیان زیاتر لە ۲۵ لایەن بووە و لەرێگای  ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (MSD)، داوایان لێکردووین کە پێویستە هەڵبژاردن دوابخرێت، لەگەڵ ئەو لایەنانە دانیشتین و داواکارییەکانیان جێبەجێ کرا، چوونکە ئەوان بە باشی ئامادە نەبوون بۆ ئەم هەڵبژاردنانە، بەهۆی ئەو هۆکارانە بەتایبەت لەسەر داوای لایەنە سیاسییەکان بڕیاردرا هەڵبژاردنەکان بۆ مانگی ٨ دوابخرێت".

سەبارەت بە پرسیاری ئایا دواخستنی هەڵبژاردن پەیوەندی بە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە هەیە؟ ڕوکەن مەلا ئیبراهیم لە وەڵامدا دەڵێت: هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ڕابردوو و تا ئێستا نەوەستاون و هەمیشە هێرش دەکەنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. بۆیە دواخستنی ئەو هەڵبژاردنانە هیچ پەیوەندییەکی بە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە نییە.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو بەرپرسە دەڵێت: "دەوڵەتی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم هەڵبژاردنە سووریا دابەش دەکات، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، ئیدارەی خۆسەر هەرگیز نەیگوتووە کە دەیەوێت سووریا دابەش بکرێت، چوونکە هەمیشە خۆی بە بەشێک لە سووریا دەبینێت".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "ئەوەی ئێستا سووریا دابەش دەکات، دەوڵەتی تورکیایە، بۆ نموونە، کە چەندین ناوچەی سووریای داگیرکردووە وەک عەفرین، ئیدلب و هتد".

لە کۆتایی قسەکانیدا، هاوسەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕایگەیاند، هەوڵ دەدەن بگەنە هەموو لایەنە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، بۆ ئەوەی بتوانن بێن و ڕەچاوی هەڵبژاردنەکان لە مانگی ئابدا بکەن.

شایانی باسە بڕیار بوو لە کوردستانی سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ۱۱ی حوزەیران هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئەنجام بدرێت. بەڵام دوای ڕاگەیاندنی کاتی هەڵبژاردن و ئامادەکاری بۆ ئەمە، ئەم بابەتە بوو بە رۆژەڤی ناوچەیی  و نێودەوڵەتی.

News Code 223670

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha