بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە نامەکەیدا، ئاماژەی بەوە داوە کە هەرێمی کوردستان و ئێران، پەیوەندییەکی لەمێژینەیان هەیە کە دەتوانرێت ئەم پەیوەندییە بکرێتە زەمینەیەکی لەبار لە پێناو لێکتێگەیشتنی زیاتر و نەهێشتنی هەر کۆسپ و کێشەیەک و جێگیرکردنی پەیوەندییەک کە لە ئاست چاوەڕوانیی هەردوولامان بێت.
دەقی نامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛
بەرێز دکتۆر مەسعوود پزیشکییان
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران
بە ناوی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم بە بۆنەی وەرگرتنی متمانەی گەلانی ئێران و هەڵبژاردنتان وەک نۆیەمین سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و ئاواتەخوازین کە پلان و بەرنامەکانی کابینەکەتان، گەشەسەندن و پێشکەتنی زیاتری بۆ گەلانی ئێران لێ بکەوێتەوە و هەروەها پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و کولتوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەل هەرێمی کوردستان و عێراق و تێکڕای ناوچەکە ، بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.
ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکار دەبین و دەخوازین لە سەر بنەمای ڕێز و دۆستایەتی دوولایەنە، باشترین پەیوەندیمان لە گەل کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێت و پێکەوە کار بکەین بۆ ئاشتی و سەقامگیری و پیشکەوتنی زیاتر لە ناوچەکەماندا و بە تایبەت پەرە بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان بدەین بۆ باشترکردنی ئاستی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان.
هەرێمی کوردستان و ئێران، پەیوەندییەکی لەمێژینەیان هەیە کە دەتوانرێت ئەم پەیوەندییە بکرێتە زەمینەیەکی لەبار لە پێناو لێکتێگەیشتنی زیاتر و نەهێشتنی هەر کۆسپ و کێشەیەک و جێگیرکردنی پەیوەندییەک کە لە ئاست چاوەڕوانیی هەردوولامان بێت.
هەر سەرکەوتوو بن و خوای گەورە یار و یاوەر و پاڵپشتتان بێت.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
Your Comment