بازەکە لە شانی کام کاندید نزیکترە/ ئەمیر مام والی

هەڵبژاردنی پێشوەختەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ نزیکتر دەبێتەوە و تا دێت جموجوڵەکان زیاتر دەبێت لە شەقامی ئێراندا. بۆ ئەم هەڵبژاردنە لەکۆی ٨٠ کەس کە ناویان تۆمار کردبوو بۆ کاندید بوون، لە ژمارەیەش شەش کەس تەئیدی ئەنجومەنی چاودێریان بەدەست هێنا بۆ کانید بوون.

کاندیدەکانی خولی چواردەیەمی سەرۆکایەتی پێک دێن لە:

١-سەعیدی جەلیلی -ئوسووڵیەکان
٢-مەسعوود پزیشکیان- ئیسڵاحیەکان
٣- عەلی ڕەزا زاکانی- ئوسووڵیەکان
٤- مستەفا پوور موحەمەدی- ئوسووڵیەکان
٥-محەمەد باقر قالیباف- ئوسووڵیەکان
٦-ئەمیر حسێن قازی زادە- ئوسووڵیەکان

بەپێی ئامارەکانی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا کەمترین ڕێژەی بەشداری کردن هەبووە لەو وڵاتەدا ئەویش بە ڕێژەی لە سەدا ٣٨. وەک باس دەکرێت بەرەی ئیسڵاحیەکان بەڕێژەی بەرچاو بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرۆک کۆماریان کردووە، ئەویش بەهۆی نەبوونی کاندیدی دڵخوازی خۆیانەوە لە هەڵبژاردنەکەدا. بەڵام پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنی ئەمجارە گەرمووگوڕیەکی هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ ئێرانی پێوە دیار بێت کە لە نێوان هەردوو کاندیدی ئوسوڵیەکان و ئیسڵاحیەکان واتە مەحموود ئەحمدی نەژاد و میر حسێن مووسەویدا ئەنجامدرا و بەسوودی ئەحمدی نەژاد یەکلا بوویەوە.

بە خوێندنەوەو لێکدانەوەم بۆ دۆخی ئەمڕۆی ئێران لەناوخۆو لە دەرەوە، لەنێوان ئەو شەش کاندیدەی کە ئێستا چانسی بونیان بە سەرۆک کۆمار هەیە، سێ کاندید لە پێشەوەی براوەکاندان
کە بریتین لە: محەمەد باقر قالیباف- مەسعوود پزیشکیان- سەعید جەلیلی.

دۆخ و گوزەرانی ژیانی خەڵک لە ناوخۆی ئێران بەهۆی هەڵئاوسان و لەدەست دانی نرخی دراوی تمەن و سزاکانی ئەمریکا و ئەورووپا ڕوو لە خراپیە، لە دەرەوەی سنوورەکانیش بەهۆی دۆسیەی ئەتۆمی و زیاتر پەلکێشانی بەرەی موقاوەمە لەناوچەکەدا پێویستی بە جێگیریە و تا ڕادەیەک چانسی ئیسڵاحیەکانی (بەبێ عەمامە)، زیاتر کردووە.

١- مەسعوود پزیشکیان تاکە کاندیدی بەرەی ئیسڵاحیەکانە، پێشووتر دووجار ناوی تۆمار کردوە بۆ کاندید بوون جارێک خۆی کشاوەتەوە و جارێکیش ناوی ڕەتکراوەتەوە، لە شاری مەهاباد لە دایک بوەو وەک دۆستێکی کوردەکان دەناسرێت و شارەزاییەکی باشی لە زمانی کوردیدا هەیە. لە ڕۆژی ناو تۆمارکردنیدا ئاماژەی بەوەدا کە نابێتە دژێک بۆ ئوسووڵیەکان، لەهەمان کاتدا ئیسڵاحیەکی بێ عەمامەیە و دکتۆرێکی شارەزا و بەناوبانگی ئێران و وەزیری پێشووی تەندروستیە، هەندێک جاریش لەپرسە گشتیەکاندا بەسوودی خەڵک قسە دەکات و یاری بە ڕستەکان دەکات و لە هەمان کاتدا میانڕەوتر دێتە ئەژمار، هەروەها لە پرسە چارەنووس سازەکانی وەک پرسی یەکلای کردنەوەی ڕەهبەریدا ناتوانێت ببێتە کێشە، هەروەها لە قسەکانیدا جەخت لە باشترکردنی پەیوەندیەکانی دەرەوە دەکاتەوە و وەک ئایکۆنێک بۆ جێگیرکردنی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گێڕانەوەی بەها بۆ دراوی ئێران و کەمکردنەوەی سزاکان دەبینرێت. دەکرێت بڵێن مەسعوود پزیشکیان یەکێکە لە بەهێزترین کاندیدەکان بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری داهاتووی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

٢- محەمەد باقر قالیباف خاوەن دکتۆرا لە جوگرافیای سیاسی، سەرۆکی ئێستای پەرلەمانە و تا ڕادەیەکی باش توانیویەتی دەنگی پەرلەمانتارەکان و جەبهەکانی ناو پەرلەمان لەگەڵ خۆیدا یەک بخات، بەرپرسێکی گەورەی پێشووی ناو سوپای پاسدارانە و بەرپرسی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران بووە، دواتر بەرپرسی هێزەکانی پۆلیس بووە و سەرۆکی شارەوانی تاران بووە، بە کەسێکی دژبەر لەگەڵ بەرەی ئیسڵاحیەکان دێتە هەژمار و دەگوترێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی کوڕی ڕەهبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هەیە!
پێشووتر سێ جار کاندید بووە بۆ سەرۆک کۆماری بەڵام دووجار  شکستی هێناوە و جارێکیش بە سوودی سەرۆک کۆماری پێشوو کشایەوە. لە ئێستاشدا لە دوای مەسعوود پزیشکیان یەكێکە لە کاندیدە بەهێزەکان بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری داهاتووی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

٣- سەعیدی جەلیلی کەسایەتیەکی سیاسیی‌ و سەربازییە، بەرپرسی تیمی گفتوگۆی ئێران بووە لەپرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا و بەکەسێکی توند و دژ بە هەژمونی ئەمریکا دێتە ئەژمار، لە پێشتردا دوو خول کاندید بووە، جارێک شکستی هێناوە و جارێکیش لە سوودی ئیبراهیم ڕەئیسی کشاوەتەوە، بە دۆستی نزیکی سەرۆک کۆماری پێشوو دادەنرێت و کەسێکی متمانە پێکراوە لای ڕەهبەری ئێران. خاوەن دکتۆرایە لە زانستی سیاسیدا.
سەعیدی جەلیلی وەک یەکێک لە کاندیدە بەهێزەکانی هەڵبژاردن ناوی دەهێنرێت و تا ڕادەیەک چانسی هەیە ببێتە سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران.

بەخوێندنەوەو شارەزایم لەکاروباری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەڵێم: ڕەنگە هەڵبژاردنەکە بکەوێتە خولی دووهەم و لەنێوان محەمەد باقر قالیباف و مەسعوود پزیشکیاندا ڕکابەریەکە زیاتربێت، ئەوەش کە کێ دەبێته خاوەنی کلیلەکەی کۆشکی پاستۆر (ئۆفیسی سەرۆکایەتیی کۆمار) بەستراوه به دوو ئەگەرەوه و پێش بینی کردنی سەد له سەدی ئەو بابەته ڕەنگه قورس بێت.
ئەگەر هەڵبژاردنەکەی ئەم خولەی سەرۆکایەتیی کۆمار بەرەو ئەو ئاراستەیه بکشێت که بەرەی ئیسڵاح و کەسایەتیە ناسراوەکانی ئەو بەرەیه بەگەرمی و گوڕی پشتگیریی پزشکیان بکەن و لەو لاشەوە ئوسووڵییەکان بەقازانجی قاڵیباف یان جەلیلی نەکشێنەوە و دەنگی بەرەی اصولی نەکرێته یەک سەبەتەوه، دەتوانین بڵێین ئەوا پزشکیان وەک سەرۆککۆمارێکی بەرەی ئیسڵاح دەبێته وەرگری کلیلەکەی پاستۆر. بەڵام ئەگەر قاڵیباف و جەلیلی یەکێکیان له سەر حیکمەت و ئامۆژگاریی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ڕەهبەری ئێران لەبەرژەوەندیی ئەویتریان بکشێتەوه ئەوا بەرەی ئوسوڵیەکان لەسەر کورسییەکەی سەرۆک کۆماری دادەنیشنەوه و بەڕای من چانسی قاڵیباف زۆر زیاتره له جەلیلی.

News Code 223674

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha