پڕۆسەی دەنگدان بۆ سەرۆکایەتی ئێران لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێکرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ سلێمانی رایگه‌یاند، له‌ کاتژمێر ۸:۰۰ی به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ پڕۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ هەرێمی کوردستان و سه‌رانسه‌ری عێراق ده‌ستیپێکردوه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد مه‌حموودزاده‌، سه‌رکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ سلێمانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "له‌ کاتژمێر ۸:۰۰ی به‌یانییه‌وه‌ له‌ شاری سلێمانی به‌رنامه‌ی ده‌نگدانمان ده‌ستپێ کردووه‌ و هاوڵاتیانی ئێرانی دانیشتووی هه‌رێمی کوردستان دێن ده‌نگی خۆیان ده‌ده‌ن و سندووقی گه‌ڕۆکمان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و که‌لار هه‌یه‌ و ئێستا خه‌ریکن ده‌نگی خه‌ڵک وه‌رده‌گرن".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، نزیکه‌ی ۲۳ ناوه‌ندی جێگیر و گه‌ڕۆک له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق ده‌نگی هاوڵاتیانی ئێرانی له‌ عێراق وه‌رده‌گرن، پڕۆسه‌که‌ تا کاتژمێر ۶:۰۰ی ئێواره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌گه‌ر پێویست بێت و خه‌ڵکی زیاتر سه‌ردان بکه‌ن ئاماده‌ن کاته‌که‌ درێژبکه‌نه‌وه‌، ژماره‌ی ئه‌و ئێرانیانه‌ی که‌ له‌ سلێمانین ده‌گۆڕێت و پێشبینی ده‌کرێت له‌ نێوان ۵۰۰ بۆ ۱۰۰۰ هه‌زار بێن ده‌نگی خۆیان بده‌ن.

سه‌رکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی له‌وه‌ش کرد، ئه‌و ئێرانیانه‌ی که‌ له‌ زیندانه‌کانی هه‌رێمی کوردستانن پلانیان هه‌یه‌ که‌ پاشنیوه‌ڕۆی سندووق بنێرن و له‌وێ ده‌نگه‌کانیان لێوه‌ربگرن.

شایانی باسە به‌یانی ئه‌مڕۆ هەینی ۸ی پووشپەڕ پڕۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری ئێران له‌ ئێران ده‌ستیپێکرد و له‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراقیش سندوقی ده‌نگدان دانراوه‌، که‌ ۶۱ ملیۆن هاوڵاتی مافی به‌شداری کردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ هه‌یه‌.

News Code 223719

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha