بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر مکووڕە لەسەر بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان

بەشی سووریا- هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی جه‌خت له ‌ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌کان له ‌باکووری ڕۆژهەڵاتی ده‌کاته‌وه.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (PYD) له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت باس له ‌ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌کان له ‌باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ده‌کات ‌و ڕایگه‌یاندووه‌، سەرەتا ۳۰ی ئایاری ڕابردوەوە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دیاری کرابوو، بەڵام بەهۆی کەموکوڕییە لۆجستیکییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، پرۆسەکە بۆ ۱۱ی حوزەیرانی ۲۰۲۴ دواخرا.

سه‌باره‌ت به‌هۆکاری‌ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌، ناوبراو یه‌کێ  له‌هۆکاره‌کان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ کەم ئەزمونی و نه‌شارەزایی لەدۆخی ناوچەکە، هه‌روه‌ها ناڕەزایەتی بەشێک لەو پارتە سیاسییانەی‌ کە بڕیارە لە هەڵبژارنەکە بەشداری بکەن، یه‌کێکی‌ تر له‌هۆکاره‌کان، ماوەی بانگەشەی بوو کە لە کۆبوونەوەی پارتە سیاسییەکان ۲۰ ڕۆژ ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ماوەکەی بۆ ۱۰ ڕۆژ کەم کردەوە، ئەمەش هۆیەک بوو هەندێک لە لایەنەکان ماوەی بانگەشەکردن بەکەم بزانن.

سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی ڕاشیگه‌یاندووه‌، "ئێمە دەمانەوێت میوانی بیانیی و عەرەبی بۆ چاودێریی و سەرپەرشتیی بەڕێوەچونی پرۆسەکە بانگهێشت بکەین، بەڵام بەهۆی ئەوەی دۆخی ئێمە ئاڵۆزە و گەشت کردن بۆ سنوورەکە پێویستی بە وەرگرتنی ڕەزامەندی و تۆمارکردنی تایبەت هەیە، هەربۆیە میوانەکان و دامەزراوەکان پێویستیان بەکات هەیە بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی گەشت ڕێک بخەن، بەڵام ئێمە تەنیا ۱۰ ڕۆژمان لەبەردەست بوو، هەربۆیە پرۆسەکە جارێکی دیکە دواخرایەوە".

ساڵح موسلیم دەشڵێت، هەموو ئەمانە هۆکاری ڕاستەوخۆن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان بۆ مانگی ئابی ئەم ساڵ، بەپێچەوانەی ئەو قسانەی دەکران گوایە پرسی دواخستنی هەڵبژاردنەکان پەیوەندیی بەفشارەکانی ئەمریکا و تورکیاوە هەبووە، تەنیا بۆچوون و گومان بوون، چوونکە تورکیا هەر لە بنەڕەتەوە لە هەموو هەنگاوێک ناوخۆیی بۆ ڕێکخستنەوەی کاروباری باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا ناڕازییە.

بەوتەی موسلیم، ئێستا پرسی هەڵبژاردن یەکلایی بووەتەوە و بڕیارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ لایەنە سیاسییەکانی نیازی بەشداربوونیان هەیە لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئەو هەڵبژاردنە هەر دەبێت لەو وادەیەی دیاریکراوەدا، بکرێت.

سەبارەت بەهەڵوێستی واشنتن لەبارەی دیاری کردنی وادەی هەڵبژاردن لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، هاوسه‌رۆکی‌ په‌یه‌ده‌ ڕایگه‌یاندووه‌، سەرەتا هەماهەنگی واشنتن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوە بوو کە بە بەشداری هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە ئیدارە بدرێت و هەڵبژاردنیش دەبێت لەسەر بنەمای جێبەجێ کردنی بڕیاری ۲۲۵۴ بێت؛ بەڵام هەموو لایەک دەزانن کە هیچ کاتێکی دیاریکراو و چوارچێوەیەک نییە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، خۆ ناشکرێت هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی تاوەکوو ۱۰ ساڵی دیکە چاوەڕێ بکەین، بێگومان ئەمەش قبووڵکراو نییە، هەر چەندە دڵنیاین ئەمریکا تێڕوانینێکی تایبەتی هەیەو خۆی لەپەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ تورکیا بەدور دەگرێت ‌و نایەوێت ناکۆکی‌ و بەریەککەوتنیان هەبێت، چوونکە لەهاوپەیمانی ناتۆن هاوبەش.

ناوبراو جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ دوای دیاری کردنی وادەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، هەڵوێستی ئەمریکییەکان بەو ئاراستەیە بووە کە ئیدارەی خۆسەر لەم هەنگاوە پەلە دەکات.

News Code 223705

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha