ئەمریکا جارێکی تر هەڵبژاردن لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردانی سووریا ڕەت دەکاتەوە

وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا هیچ مەرجێک بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە ناوچەکانى باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریا جێبەجێ نەکراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماتیۆ میلەر، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە تۆڕى "ئێکس" ڕایگەیاند، بەگوێرەى ئەو هەڵسەنگاندنەى کە لەلایەن بەرپرسانى ئەمریکا ئەنجام دراوە، تاوەکوو ئێستا مەرجى ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى بێگەرد و ئازاد لە سووریا و ناوچەکانى بەڕێوەبەرێتى خۆسەر بەدینەکراوە.

میلەر ئاماژەى بەوەش کرد، هەر هەڵبژاردنێک لە سووریا ئەنجام بدرێت دەبێت بەگوێرەى بڕیارى ژمارە ۲۲۵۴ـى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى بێت.

لە ناوچەکانى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا تاوەکوو ئێستا سێ جار هەڵبژاردنى شارەوانییەکان دواخراوە و هیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان دیاری نەکراوە.

یەکەم وادە بڕیار بوو لە ۳۰ـی ئایارى ۲۰۲۴، هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بەڵام بۆ ۱۱ـی حوزەیران دواخرا و دواتریش بۆ مانگى ئاب دواخرا، بەڵام لەهیچ کام لەو وادانە ئەنجام نەدرا و تاوەکوو ئێستا چارەنووسى هەڵبژاردنەکان بە نادیاریى ماوەتەوە.

News Code 224078

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha