گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان هۆکاری سەرەکی دەست پێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیێنێت، هێشتا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کورستان رێکنەکەوتوون. دەشڵێت، چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان پێویستییان بە گفتوگۆی زیاترە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە رووداوی ڕاگەیاندووە: "حکوومەت و وەزارەتی نەوت بەوپەڕی ڕاستگۆیانە خواستی خۆیان دەربڕیوە، کە دەیانەوێت کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکەن، نەوت هەناردە بکرێتەوە، بەڵام دەبێت پابەندی دەستوور و رێنمایی حکوومەت بین".
عاسم جیهاد وتیشی: "گرێبەستە نەوتییەکان گرێبەستی هاوبەشین؛ بەڵام گرێبەستەکانی وەزارەتی نەوت گرێبەستی خزمەتگوزاریین. بێگومان ئەمە گرفتە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. لەگەڵ برایانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا لە هەوڵ چارەسەرکردنی داین، کە گونجاوبێت و پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکان نەبێت".
سەبارەت بەوەی ئەگەری هەیە وەزارەتی نەوت بۆ دەرهێنانی نەوت گرێبەستی نوێی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان بکات. وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق وتی: "ئەمە بە هاوئاهەنگی دەکرێت لەگەڵ برایانی هەرێم، با جارێ کێشەکانی ئێستا چارەسەر بکەین ".
بەوتەی عاسم جیهاد، عێراق سوورە لەسەر پشتیوانیکردنی هەرێم. دەشڵێت: "زیادکردنی بەرهەمی هەرێم ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی دەبێت بۆ سەر گەلی عێراق، کاتێکیش وەزارەتی نەوت کێڵگە نەوت و گازییەکانی ناوچەکانی دیکە پەرەپێدەدات، ئەوش ڕەنگدانەوەی دەبێت بەسەر برایانی و خەڵکی هەرێم. هیوادارین هەموو بە دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکرێن".
لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: "گفتوگۆکان لەگەڵ برایان بەردەوامە، پەیوەندییەکی باش هەیە؛ بەڵام پێویستییان بە لێکۆڵینەوە و گفتوگۆی زیاترە بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان، لەوانە دارایی، گرێبەستەکان، یاسایی و بابەتی دیکە. دەبێ چارەسەرەکان بەگوێرەی یاسا و رێنمایی و دەستوور بێت".  
تائێستا هیچ وادەیەک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دیار نییە. عاسم جیهاد ڕایگەیاند: "کێشەی ئێستا چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانە، ڕامانگەیاندووە لاریمان لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت نییە ، تورکیا لاری نییە؛ بەڵام کێشەی کۆمپانیاکان هەیە، چۆن ئەمە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت. هیوادارین بە دیالۆگ و یاسا و رێنماییەکان ئەم کێشانە چارەسەر دەبن".

News Code 223481

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha