بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچيرڤان بارزانى، نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەبارەی سهردانى سهرۆکى ههرێمى کوردستان بۆ کۆمارى ئيسلاميى ئێران بە تەلەفزیۆنی ڕووداوی ڕایگەیاندووە: بابەتی سەرەکیی دیدارەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، جەختکردنەوە لە دۆستایەتی و هاوپەیمانیی ستراتیژیی نێوانیانە ''ئێران کورد لە عێراق بە هاوپەیمانی ستراتیژیی خۆی دەزانێت.''
نازم دەباغ ئەوەشی خستەڕوو، ''ئاسان نییە لە دۆخی سیاسی، مێژوویی و جوگرافیی ئێستای ناوچەکە، ئێران دەستبەرداری هەرێمی کوردستان بێت، یان هەرێمی کوردستان دەستبەرداری ئێران بێت، بەڵام پێویستە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات، یەک گوتاری هاوبەشیان هەبێت.''
لە ساڵانی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بەرزی و نزمیی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. وەک نازم دەباغ ئاماژەی دا، ''هەستم بەوە کردووە هەمیشە ئامادەیی هەبووە بۆ لێکنزیکبوونەوە و چارەسەری گرفتەکانی نێوانیان. گرنگە هەردوو لا ئەم سیاسەتە لەبەرچاو بگرن و بە دوای دۆزینەوەی چارەسەردا بگەڕێن.''
ئەم جارە ئاڵای هەرێمی کوردستان وێڕای ئاڵای وڵاتانی دیکە لە تاران هەڵکراوە، ئەو نوێنەرەی حکوومەت دەڵێت، ''هەڵکرانی ئاڵا، نیشاندەری سیاسەتی ئەو وڵاتەیە کە چۆن دەڕوانێتە کێشەکان و کورد، بەڵام من ئومێد دەکەم هەر ئاڵا هەڵکردن نەبێت، بەڵکوو بە کردەوە جێگە و پێگەی خۆمان لە نێو وڵاتاندا نیشان بدەین.''
نازم دەباغ ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرد و گوتی، ''کەسایەتی و لایەنەکانی ئێرانی هەموو کات جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا جێبەجێ بکرێن.''
له سهردانهکهيدا، نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ بهرپرسانى باڵاى کۆمارى ئيسلاميى ئێران کۆدهبێتهوه و دهربارهى برهودان به پهيوهندييهکانى ئێران لهگهڵ عێراق و ههرێمى کوردستان و هاريکاريى هاوبهشى نێوانيان، ههروهها دهربارهى پێشهاتهکانى ناوچهکه بهگشتى، گفتوگۆ دهکهن.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران
خوێندنەوەت بۆ ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران چییە؟
نازم دەباغ: سەرەتا دەمەوێ رایەکی خۆم بڵێم لەسەر ئەم گەشتە. پێموایە لە گەشتە هەرە گرنگەکانی پەیوەندیی دوورودرێژی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. بەتایبەتی کە ماوەیەکی باش دابڕانێک هەبوو، دیارە هۆکاری ئەو دابڕانە دووژمنایەتی نەبووە، نا! هۆکاری شێوازی سەردان و رووداوەکان بووە لە هەرێمی کوردستان کە مومکینە پێویستی بەوە نەکردبێ کەسە یەکەمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کورد بێن. دیارە پێگە و پایەی کاک نێچیرڤان بارزانیش وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئێستا بڵێین: گەورەترین مەقامی باڵای دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە. وەکو جەنابیشت هێمات بۆ کرد، هەیئەتی ئەمجارەش هەیئەتێکە دەتوانم بڵێم گوزارشت لە پێکهاتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکات.
تۆ پێت باشە کە ئەم پێکهاتە سیاسییەی لەگەڵ خۆی هێناوە و تەنیا خۆی نەهاتووە؟
نازم دەباغ: من نەک پێمخۆشە، بگرە ئاوات و ئومێدی منە کە هەمیشە ئاوا یەک دەنگ و یەک رەنگ بن، چونکە ئەوەندەی ئەمڕۆ ئایندەی کورد دەبەسترێتەوە بە یەک گوتاری سیاسی بۆ رووبەڕووبوونەوە و چارەسەری کێشەکان و گەیاندنی پەیامی کورد بە دونیای دەرەوە، لە یەکێتیدا بە هێزە، لەو یەکێتییەتی کە یەکڕیزی هەبێت و هەموومان بتوانین وەکو یەک بیروبۆچوونەکانمان و شێوازی پێشنیازی چارەسەرەکانمان بگەیێنینە دەرەوە.
ئەو دۆسیانە چین کە بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران گفتوگۆیان لەسەر بکات؟
نازم دەباغ: هەمیشە مەلەفی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ جارێکی تر جەخت کردنەوە لەوەی کە هەرێمی کوردستان خۆی بە دۆستێکی هاوپەیمانی ستراتیجی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەزانێت. خوێندنەوەی منیش وایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش؛ کورد لە عێراقدا بە هاوپەیمانێکی ستراتیجی خۆی دەزانێت. بۆیە وا ئاسان نییە لە بارودۆخی ئێستا و زەرورەتی جوگرافی و سیاسی لە ناوچەکە، کورد دەستبەرداری کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت و نە ئێرانیش دەستبەرداری کورد بێت. بۆیە بە بیر و بۆچوونی من، دەکرێ لە گەشتە گرنگەکان حساب بکرێت و بە دڵنیاییشەوە لە مەقاماتی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی ئەو بەرنامەیەی داواکراوە، ئەگەر هەمووشی نەبێ؛ زۆرینەی زۆری جێبەجێ بکرێت. هەر لەوێش پرسیار و وەڵام بێتە پێشەوە کە چ بکرێ باشە؟ دیارە هاتنەکە خۆی وەڵامی یەکەمی تێدایە: باشکردنی پەیوەندییەکان، گەشەپێدانی پەیوەندییەکان، هەروەها یەک گوتاری سیاسی هەم لەناو کورد و هەم لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەمڕۆ من لە تارانم، دەبینم گرنگییەکی زۆر بەم سەردانە دەدرێ. میدیای ئێران و خەڵک زۆر بە گرنگی بە حەماسەوە باسی سەردانەکە دەکەن. بۆ وایە؟ گرنگی ئەم سەردانە لەچیدایە؟
نازم دەباغ: وەکو باسمکرد، گرنگییەکە لەوەدایە بیروبۆچوونێکی ستراتیجی هەیە کە "دۆستایەتی کورد گرنگە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران"، هەروەها ئێرانیش گرنگە بۆ کورد. واتە' ئەو دەزگایانەی کە پەیوەندیدارن بە تەرجومەکردنی سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ دڵخۆشن. من نموونەیەکی گچکەت بۆ دێنمەوە: "لە دوو شوێندا قسە کراوە بە ناوی من، کە من لەگەڵ هیچ خەبەرگوزارێکی ئێرانی قسەم نەکردووە"..
ئەمە نیشانەی گرنگیپێدانە؟
نازم دەباغ: واتە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن کە لەسەر زمانی یەکێکی ناسراو و متمانەپێکراو پەیامەکە بگەیێنن کە کاک نێچیرڤان لەگەڵ شاندێک دێت بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. چونکە ئەوەی راستی بێت، تا ئەم دەقەیەش ئێمە جۆرێک لە خۆدزینەوەمان هەبووە لە قسەکردن بۆ راگەیاندنەکان تاوەکو ئێستا کە جەنابت (نێردراوی رووداو) هاتی کە قسە بکەین بۆ راگەیاندنەکان. چونکە ئەمە کاری کاک دڵشادە (دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان).
هەولێر گلەیی لە تاران هەبوو، تارانیش بەهەمان شێوە. ئەم سەردانە کۆتایی بە گلەییەکان دێنێ یان کەمی دەکاتەوە؟
نازم دەباغ: دەتوانم بەشێوەیەکی دیکە وەڵام بدەمەوە. خۆم لە ساڵی 1982ەوە لە پەیوەندییەکانی ئێران و کورد و یەکێتی (نیشتمانیی کوردستان) کارم کردووە، کە دەکاتە 39 ساڵ، من هەرگیز ناڵێم کێشەمان نەبێ، بەڵام خۆشبەختانە هەستم بەوە کردووە، کە کێشە و ئەم بەرز و نزمییەی کە دروست دەبێ، هەمیشە ئامادەیی هەبووە بۆ لێکنزیککردنەوە و نزیکبوونەوە و چارەسەر. واتە گرنگە بۆ کورد و کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم سیاسەت و نەهجە بەردەوام بێت و بەدوای دۆزینەوەی چارەسەر بگەڕێن. واتە؛ کورد گوتەنی: هەمیشە بە قسەی کورد نەکا کە تووڕەیە. یان ئێمەش بە قسەی ئێران نەکەین کە تووڕەیە. چونکە جاری وا هەیە جۆرێک لە هەڵوێست لە زادەی کەسێکەوە دەردەچێت؛ هەندێک لە ناحەزان زوو دەیقۆزنەوە و گەوەری دەکەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان تێکبچێت. لە هەمان کاتدا، تەبایی و برایەتیش لە زادەی زۆر کەس لە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە کە پێویستە کورد دۆست و هاوپەیمان بێت.
لە پشتی من و جەنابتەوە ئاڵای کوردستان دانراوە، ئەمە تەنیا دانانی ئاڵایەکە وەکو ئەو ئاڵایانەی دیکە یان دەلالات و مانای سیاسیی هەیە؟
نازم دەباغ: بە دڵنیاییەوە پەرچەم و درووشم و ئاڵا، هەمیشە نیشاندەرێکە بۆ ئەو سیاسەتەی کە ئەم وڵاتە دەڕوانێتە کێشەکەی تۆ (کورد)، بەڵام من ئومێد دەکەم تەنیا ئاڵا هەڵکردن نەبێ. بە کردەیی و دروستی بتوانین هاوکاربین بۆ ئەوەی لە ناوچەکەدا کوردیش هۆکارێکی خێر بێت بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش. لە هەمووی گرنگتر دابینکردنی مافە رەواکانی خۆیەتی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بەتایبەتی ئەمڕۆ. دیارە ئاوات و خواستی دیکەمان هەیە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەیە کە لە عێراقدا هەیە. بەپێی شارەزایی خۆم و نزیکیم لە زۆر لایەن و کەس، پێموایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە جەخت لەوە دەکەنەوە کە مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت و گەشەی پێبدرێت.
Your Comment