سەردانەکەمان بۆ ئێران سەرەتایەکی نوێیە

بەشی ئێران- سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ تارانه‌وه‌، ڕایگه‌یاند، سه‌ردانه‌که‌یان بۆ ئێران سه‌ره‌تایەکی نوێیه‌ و له‌لایه‌ن به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته‌وه‌ به‌ باشی پێشوازییان لێکراوه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ۷ـی ۵ی ۲۰۲۴، له‌میانی کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ تاران، ڕایگه‌یاند: "سه‌ردانه‌که‌مان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران باش بوو، ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ سه‌ره‌تایه‌کی نوێیه‌ له‌ په‌یوه‌ندی هه‌رێمی کوردستان و ئێران، به‌ سوپاسه‌وه‌ پێشوازیکراین له‌لایه‌ن ڕێبه‌ری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆکی په‌رله‌مان و کۆبوونه‌وه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی به‌ باشی به‌ڕێوه‌چون، سوپاسیان ده‌که‌ین".

دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا لە تاران:

 بەخێربێن،

سەردانەکەمان، سەردانێکی باش بوو بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. ئێمە پێمان وایە ئەو سەردانەمان سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێدەکاتەوە.

لەم سەردانەدا، بە سوپاسەوە لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی پێشوازیکراین. کۆبوونەوەکان بە شێوەیەکی گشتی  زۆر بەباشی بەڕێوەچوون. سوپاسی پێشوازیی هەموو لایەکیان دەکەین لە شاندی هەرێمی کوردستان.

بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، پەیوەندییەکی زۆر گرنگە، پەیوەندییەکی مێژووییە. زۆر بابەتی هاوبەشمان هەیە کە ئێمە بە یەکتر دەبەستێتەوە. لە مێژوو و دوای سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تاوەکو ئێستاش زۆر شتی گرنگمان هەیە کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە یەکتر دەبەستێتەوە. ئێمەش سوپاسی هەموو ئەو هاوکاریی و پشتیوانییانەمان کرد کە لە قۆناخە سەختەکاندا هەمیشە پشتیوانییان کردووین.

بێگومان هەندێک گرفتیش لەم رێگەیەدا هەیە، ئەوە نییە بڵێی هیچ گرفتێک نەبێت. بەڵام ئەوەی گرنگە و من دەیبینم، کە بۆ ئێمە گرنگە، دەبێت هەوڵ بدەین ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێن. ئێمە ئیرادەیەکی زۆر رژد دەبینین لەم سەردانەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەنێوانماندا هەیە. بەدڵنیاییەوە هەرێمی کوردستانیش خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، وەکو دراوسێیەکی هەرە گرنگ، وەکو دراوسێیەک کە هەمیشە لە رۆژە سەختەکان یارمەتی هەرێمی کوردستانی داوە. ئەو شتانەش دەبنە هۆی ناکۆکی لەو پەیوەندییەدا، هەست دەکەم لە کۆماری ئیسلامی ئێران و لە هەرێمی کوردستان، ئیرادەیەکی جیددی هەیە بۆ نەهێشتنیان.

هەرێمی کوردستان دەیەوێت بەردەوام بە فاکتەری سەقامگیری  و ئاسایش لە ناوچەکە بمێنێتەوە، ئەوە سیاسەتێکی نەگۆڕی هەرێمی کوردستانە و لەم سیاسەتەشدا بەردەوامدەبێت.

دەقی پرسیار و وەڵامەکان لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی نێچیرڤان بارزانیدا:

پرسیار: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خۆتان کاتەکەتان دیاریکردووە، ئایا ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەدەچێت یان نا؟

نێچیرڤان بارزانی: با جارێ یەکەم بۆ جەنابت راست بکەمەوە، ئێمە بەهیچ شێوەیەک هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانمان وەک بابەتێک لە کۆبوونەوەکانمان لە هیچ شوێنێک باس نەکردووە، تەنیا لە رەنگە پرسیار کرابێت 'هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کەی دەکرێت؟' یانی لەوە زیاتر بابەتێکی کۆبوونەوەکانی ئێمە لە تاران نەبووە، وەڵامی ئێمە لەوەی پەیوەندیی بە سەرۆکی هەرێمەوە هەیە؛ ئێمە وادەی هەڵبژاردنمان دەستنیشانکردووە و تاوەکو ئەم لەحزەیەش وادەکەمان نەگۆڕیوە، بەڵام ئەوەی کە موهیمە ئەوەیە پێوەیستە هەڵبژاردنێک بکرێت... خۆ هەڵبژاردن بۆچی دەکرێت؟ بۆ ئەوەیە پێکەوە کاربکەین بۆ خزمەتی هەموو هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنێک لەسەری رێکبکەون و هەڵبژاردنێک نەبێتە هۆی لێکترازانی زیاتری هەرێمی کوردستان، ئەوە مەسئوولییەتی من وەکو سەرۆکی هەرێم ئەوە نییە پشتگیری لە هیچ حیزب و لایەنێک بکەم، دەسەڵاتی من وەکو سەرۆکی هەرێم؛ پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە و بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانیش لە سەرووی بۆچوونی حیزبەکان دەبینم و بەتەئکید هەر هەنگاوێک بنێم لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دەنێم کە نابێتە هۆی لێکترازانی زیاتری هەرێمی کوردستان، حیزبەکان چ مەسڵەحەتێکیان هەیە، مافی خۆیانە و دروستە بەڵام ئەو ئەرکەی لەسەرشانی منە وەک سەرۆکی هەرێم ئەوەیە پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردتسانە. رۆژەکەم نەگۆڕیوە بەڵام من حەزدەکەم هەڵبژاردنێک بکرێت هەموو لایەک لەسەری رێکبکەون، هیچ لایەک نە خۆی بە دۆڕاو نە بە براوە بزانێت، یان نوقتە لەسەر یەکتر تۆمار بکرێت؛ ئێمە وامان کرد و ئێوە واتان کرد، ئەم قسانە راست نییە و مەسڵەحەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیشی تێدا نییە.

پرسیار: ئایا هیچ دیپلۆماسی وەرگیراوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەولێر تێکەڵ بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکرێت و هێرشی نەکرێتە سەر؟ و تاران چ رۆڵێک دەبینیت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا؟

نێچیرڤان بارزانی: خودی ئەو سەردانەی ئێمە، بەو پێکهاتەیەی ئێمە هاتووینەتە تاران و ئاستی دیدارەکانمان لە تاران هەمووی نیشانەی ئەوەیە قۆناخێکی نوێمان لە پەیوەندی دەستپێکردووە و هەردوولامان دەبێت زۆر بە وردی چاودێری بکەین و بیپارێزین و هەرچی کێشەیەک لەو نێوەندەدا هەبێت، پێویستە بە گفتوگۆ و لەیەکترتێگەیشتن پێش ئەوەی کێشە دروست بێت، چارەسەر بکەین.

خودی ئەو سەفەرە، سەفەرێک نەبووە بە یەک شەو و رۆژ دروستبووبێت، ئەو چەند مانگە ئیشێکی بەردەواممان کردووە و بەشێوەیەک دیسانەوە لە بەغدا بە سوپاسەوە بۆ سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەم بابەتەدا کە بەڕاستی یارمەتیدەر بووە وچەندین کۆبوونەوەی دوورودرێژمان کردووە بە نهێنی تاوەکو گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی ئەو دیدارانەمان هەبێت لە تاران.

رۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەی کە خۆیان لێرە لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی گوێمان لێبووە، ئەوەیە دەیانەوێت هانی هەردوولا بدەن بۆ رێککەوتن هانی هەردوولاش بدەن بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، ئێمە ئەمەمان لە هەموو بەرپرسانی ئەو وڵاتە بینی، وەکو دۆستی هەردوولا ویست و خواستیان ئەوەیە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکرێن و ئێمەش وەکو دۆستی هاوبەش داوامان کردووە کە یارمەتیمان بدەن ئەو کێشانە چارەسەر بکەین.

پرسیار: دوو پرسیاری کورتم هەیە؛ لە کۆبوونەوەتان لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی چیتان کرد؟ کۆتایی ئەم مانگەش سەرۆککۆماری ئێران سەردانی عێراق دەکات، ئایا سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات؟ کۆمێنتێکیشم هەیە، ئەمڕۆ رۆژنامەکانم بینی باسی سەردانەکەی جەنابتیان زۆر بە گەرموگوڕییەوە کردبوو، یەکێک لە مانشێتەکان زۆر سەرنجڕاکێش بوو کە دەڵێ 'باڵوێزی ئاشتیی هەرێمی کوردستان لە تارانە'. کۆمێنتت لەسەر ئەم مانشێتە چییە؟

نێچیرڤان بارزانی: شەرەفمەند بووم بەوەی کۆبوونەوەم لەگەڵ رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبوو، کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو، زۆر بە لوتف بوو و وازحیش بوو کە ئەو پشتیوانە بۆ ئەوەی لەگەڵ کورد بە گشتی و لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، پشتگیری لەوە دەکات هەموو کێشەکان بە ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن لەوە زیاتر ناتوانم بچمە نێو وردەکاری کە چ باس کراوە.

بە نسبەت سەرۆککۆماری ئێران، بەڵێ باسی زیارەتی جەنابیان کراوە بۆ بەغدا. هەر لەو چوارچێوەیەش بەندە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی جەنابیانم کردووە و هیوادارم قبووڵی بکات و دەعوەتێکی رەسمیم کردووە، کە لە چوارچێوەی گەشتەکەت بۆ بەغدا، سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکەی، پێموایە بە جدی وەریگرت و ئیدی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی خۆیان دانیشتنی بۆ بکەن و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن بەپێی کات و زرووف، بەڵام پۆزەتیڤ بوو لەوەی قبووڵی بکات.

مانشێتەکەم نەبینیوە، بەڵام رۆڵی هەرێمی کوردستان بەگشتی رۆڵێکی ئاشتییانە و سەقامگیرییە لە ناوچەکە و وەکو لە پێشەکیی قسەکانیسم باسم کرد کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئێمە وڵاتێکی زۆر گرنگە و پەرەپێدان بە پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ ئێران چ وەک عێراق چ وەک هەرێمی کوردستان لە ئەولەوییەتی کارەکانمانە.

پرسیار: لەو ماوەیە لە دەرەوە تەماشای کاردانەوەکانمان کرد هەموویان ئەرێنین بەتایبەتی لە ئێران، بەڵام هەندێک دەنگ هەن باس لەوە دەکەن ئێران نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە بۆ هەندێک هێرش کە لەدژی ئێران دەکرێت، یان هەندێک کار دەکرێت بۆ نموونە ئیسرائیل ناوزەد کراوە، تاچەند لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران و وەزیری دەرەوە باستان لەو نیگەرانییانە کردووە ئایا هیچ رێککەوتن و گەرەنتییەک کراوە بۆ ئەوەی هێرش دووبارە نەبنەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان؟

نێچیرڤان بارزانی: خۆی بەشێک لە کۆبوونەوەکانمان لەسەر ئەم بابەتە بووە، ئەکید ئاگادارن ئێمە لەگەڵ عێراق کۆمیتەیەکی ئەمنی و ئاسایشمان هەیە، نوێنەری هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەویەە، بەڕێز کاک رێبەر ئەحمەدە، وەزیری ناوخۆ کە ئەویش لەگەڵ شاندی ئێمە لە کۆبوونەوەکان بەشدار بووە، ئەوەی من هەموو کۆبوونەوەکانم گوێم لێ بووە، ئەوەیە سوپاسی وەزیری ناوخۆی ئێمەیان کردووە کە رۆڵی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی دۆسیەی ئەمنی، بەڵام با من باسی پڕنسیپی بابەتەکە بکەم؛ هەرێمی کوردستان ناکرێت و نابێت ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێکان، من دیسانەوە دەڵێم ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە، ناکرێت هێزێکی چەکدار بە هەر ناوێک بێت لە هەرێمی کوردستان بن و لە هەرێمی کوردستانەوە بێنە نێو خاکی ئێران و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکەن و بگەڕێنەوە خاکی هەرێمی کوردستان، چ وڵاتیک ئەمە قبووڵ دەکات؟ بە کام یاسای نێودەوڵەتی ئەم شتە پەسندە؟

هەرێمی کوردستانیش وەکو دراوسێیەک لەسەر ئەم پڕنسیپە چ بە نیسبەت تورکیا، چ بە نسبەت ئێران و چ بە نسبەت سووریا یانی ئەو پڕنسیپە پڕنسیپێکی تەواو دروستە لە پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتان، هەرێمی کوردستان پێیەوە پابەندە و لەو چوارچێوەیەشدا ئیشی زۆر و باش کراوە و زۆرێک لەو نیگەرانییانەی ئێران هەیانبووە لە پرسی ئەمنییەتدا و وەکو عەرزم کردن چەندین جار سوپاسی وەزیری ناوخۆی ئێمەیان کردووە بەڵێ ئیش ماوە، دەبێت بکرێت، بەڵام ئەوەی موهیمە ئێمە هەست دەکەین لەسەر رێگەیەکی راست دەڕۆین لە چارەسەرکردنی تەواویی ئەو کێشەیە و هیوادارین ئەو لایانەنەش لە رەوشی هەرێمی کوردستان تێبگەن، کە بەسوپاسەوە کردوویانە و هیوادارین زیاتریش زیاتر تێبگەن و بەرەو قۆناخێک بڕۆین نابێت ئەو بابەتە ببێتە بابەتی کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران.

پرسیار: وەک جەنابت باست کرد، قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات لەنێوان هەولێر و تاران، بەگشتی لە رابردوو نیگەرانییەکانی هەولێر بەرامبەر تاران چی بوون و تارانیش بەرامبەر هەولێر، ئەم قۆناخە نوێیە چی بەسەر دۆخی ئەمنی، سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستاندا دەهێنێت؟ بەتایبەتی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

نێچیرڤان بارزانی: زۆر شت هەبووە، زۆر دەست هەبووە کە بوونەتە هۆی ئەوەی نیگەرانی دروستبێت، بەڵام بەڕای من لە هەمووی گرنگتر ئەوە بووە، دانیشتن لەگەڵ یەکتر کەم بووە، بەڕای من، هەر کێشەیەک هەبێت، بە هەر جۆرێک بێت، ئەگەر دانیشتن و کۆبوونەوە هەبێت، ئەگەر میکانزمێک هەبێت، کە ئێمە ئێستا لەسەر ئەو میکانیزمە لەگەڵ تاران رێککەوتووین کە چ جۆرە میکانیزمێکمان هەبێت، ئەگەر کێشەیەک هاتە پێش، پێشگیریی لێبکەین نەک بەجێیبهێڵین و دوای ئەوەی کە کرا ئینجا حەلی بکەین، کە من نامەوێت لەو کۆبوونەوەیەدا بچمە سەر تەفاسیلی میکانیزمەکە، بەڵام وەکو پڕنسیپی ئەم میکانیزمە رێککەوتووین و (بەڵێ دەبێتە وەرەقەش)، بەڵام لەسەری رێککەوتووین و جێبەجێی بکەین لەلایەن خۆمانەوە وەک هەرێمی کوردستان بەدڵنیاییەوە ئەمە کاریگەری دەکاتە سەر بازرگانی و دڵنەوایی خەڵک لە هەرێمی کوردستان و بەدڵنیاییەوە کاریگەری دەکاتە سەر هاتووچۆی هاووڵاتییانی هەرێم بۆ ئێران و هاووڵاتییانی ئێران بۆ هەریمی کوردستان کە بە نیسبەت ئێمەوە زۆر زۆر گرنگە بکرێت. لەو کۆبوونەوانەی ئەمڕۆ و دوینێ لە تاران هەمانبوون سوپاسی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیان کرد نەوەک تەنیا حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەو شێوازە جوانە چ پێشوازییەک لەو زیارەتکارانە کراوە کە لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێندا چوونەتە کەربەلا، ئێ وڵاتێکیش ئەو شێوەیە هاتووچۆی هەبێت، ئابوورییەکەی بەرەوپێشەوە دەڕوات، دڵنیایی بە خەڵک دەدرێت، بازرگانی زیاتر دەبێت ئەمە هەمووی لە بەرژەوەندیی هەردوولایە، لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە و لە بەرژەوەندیی ئێمەیە.

سەرەتایە نوییەکە ئەمە؛ رێککەوتنیکی نوێ دەکەین و میکانیزمیکی نوێش دادەنێین  بۆ ئەوەی ئیشەکان بەرەو باشتر بڕۆن و هەرگیز شاهێدی ئەوە نەبین کە رۆژێک لە رۆژان کێشەیەکی دیکە لە نێوان ئێمە دروست ببێ. بە نسبەت بابەتی دەرەوەی ئێران لە بابەتی جێبەجێکردنی (رێککەوتنی) نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ماوەیەک پێشتر لە بەغدا بووم و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆکی دادگەی فیدراڵیش کۆبوونەوەم هەبووە، هەست دەکەین لەوێش شتەکان بەرەو چارەسەر دەڕۆن. یانی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان.. کە من زۆرجار گوتوومە و دەیڵێم، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بووە کە دەبێت جیبەجێی بکات، هەتاوەکو حەدێکی زۆر حکومەتی هەرێم جێبەجێی کردووە، چاوەڕێی ئەوەین ئەوەی پەیوەندیی بە بەغداوە هەیە، جێبەجێبکرێت ئەوەی موهیمیشە وەکو هەدەف ئەوەیە: ناکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆرانی هەریمی کوردستان ببێتە هەواڵ، ئەمە ئامانجی ئێمەیە، ئەمە نابێت دووبارە ببێتەوە و لە کۆبوونەوەی سێقۆڵیش کە بەندە هەیبووە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆکی دادگەی فیدراڵی ئێمە لەسەر ئەو پرەنسیپە رێککەوتووین، کە چەند کێشە و خیلاف لەنێوان هەرێمی کوردستان و (عێراق)  هەیە، بەڵام ناکرێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی کێشەکان بکرێت، ئەمە جەختی لەسەر کرایەوە و سەرۆکی دادگەی فیدراڵیش لە کۆبوونەوە لەگەڵ سوودانی کە بەندە و هەرسێکمان ئامادەی بووین، جەخت لەسەر ئەو خاڵە کرایەوە و بە دڵنیاییەوە بەرەو ئەو چارەسەر دەڕۆین.

پرسیار: ئایا هیچ دۆسییەیەک هەبووە کە لە سەرووی هەموو داواکارییەکانی هەرێم بێت؟ پرسیاری دووەمیشم زۆر بە کورتی، ئایا لە بواری ئابووری و فەرهەنگیدا هیچ بڕیارێک دراوە بۆ هاوکاریی زیاتر؟

نێچیرڤان بارزانی: بەنیسبەت پرسیاری یەکەم، بەڵێ ئێمەش داواکاریمان هەبووە، بەڵام ئەوە لە کۆمیتەی ئەمنی کە نوێنەری هەرێمی کوردستان کە سەرپەرشتیی ئەو دۆسییەیە دەکات، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانە زۆر بە روونیش لەو کۆبوونەوانە ئێمەش ئەو شتانەی جێی نیگەرانیی هەریمی کوردستانن باسمان کردووە، بەڵام لە چوارچێوەی ئەو میکانیزمەی ئێستا بۆ ئێوە باسم کرد ئێمە، ئێمە لەو چوارچێوەیە باسی لێوە دەکەین.

مەسەلەی دیکەش وەک فەرهەنگی، کاکە با ئێمە جارێ ئەو کێشانە چارەسەر بکەین، بەدڵنیاییەوە دێینە سەر ئەوەش، بەڵام ئەوەی ئێستا ئەولەوییەتە بۆ ئێمە رەواندنەوەی ئەو نیگەرانی و ئەو کێشانەیە کە ئێستا هەن، ئێمە بەهیوای ئەوەین کە ئەم کێشانە چارەسەر ببێت، وەکو دوو دراوسێی زۆر لەیەکتر نزیکتر لە هەموو روویەکەوە لە رووی فەرهەنگی، خوێندنی باڵا و هەموو بوارەکان بتوانین پەیوەندییەکی باش دروستبکەین.

News Code 223462

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha