دادگای فیدراڵیی عێراق وەڵامی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی دایەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دادگای فیدراڵی وه‌ڵامی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی دایه‌وه‌ و ڕایگەیاند: وه‌رگرتنی سكاڵاكه‌ی مه‌سروور بارزانی له‌چوارچێوه‌ی پسپۆڕی ئێمه‌دایه‌ به‌گوێره‌ی مادده‌ی (۹۳/یه‌كه‌م)ی ده‌ستوور.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: ڕۆژی ۱۹ی ئه‌م مانگه‌ ته‌ماشای ئه‌و سكاڵایه‌ ده‌كات كه‌ مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆماریكردووه‌. دادگا له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: ته‌ماشاكردنی سكاڵاكه‌ی مه‌سروور بارزانی له‌سه‌ر بنه‌مای پسپۆڕی خۆمان و به‌گوێره‌ی مادده‌ی (۹۳/ یه‌كه‌م)ی ده‌ستووری عێراقه‌ كه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌م بابه‌تانه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندی دادگای فیدراڵین: چاودێریكردنی ده‌ستوریبوونی یاسا و سیسته‌مه‌ كارپێكراوه‌كان".

دادگای فیدراڵی هه‌رچه‌نده‌ ناوی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی نه‌هێناوه‌، به‌ڵام ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ی له‌م كاته‌دا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانه، چوونكه‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ ئه‌مڕۆ له‌ بڕیارێكدا كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پابه‌ند كرد به‌وه‌ی پابه‌ند نه‌بێت به‌ بڕیاری ڕۆژی ۷ی مانگی دادگای فیدراڵییه‌وه‌، وای لێكدایه‌وه‌ له‌ وه‌رگرتنی سكاڵای مه‌سروور بارزانیدا، دادگای فیدراڵی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی به‌زاندووه‌‌.

ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر سكاڵای یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان بڕیاریدا به‌ پابه‌ندكردنی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی رێوشوێنه‌كانی تایبه‌ت به‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی كوردستان.

رۆژی ۷ی ئه‌م مانگه‌، دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵای مه‌سروور بارزانی، كاركردنی به‌ بڕگه‌ی دووه‌م له‌ مادده‌ی (۲)ی سیسته‌می تۆماركردنی كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان ڕاگرت، ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ ده‌رچووه‌ و مه‌سروور بارزانی تانه‌ی لێداوه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ دادگای فیدراڵی به‌ فه‌رمانێكی سالاریی رێوشوێنه‌كانی كۆمسیۆنی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن ڕاگرت تا ئه‌وكاته‌ی سكاڵاكه‌ی مه‌سروور بارزانی یه‌كلاده‌بێته‌وه‌.

ئێستا به‌هۆی ناكۆكی پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌باره‌ی سازدانی هه‌ڵبژاردنی كوردستانه‌وه‌ كه‌وتوه‌ته‌ به‌ر دوو بڕیاری "بنبڕ"ی دژ به‌یه‌كه‌وه‌، بڕیاری ۷ی مانگی دادگای فیدراڵی كه‌ ناچاری ده‌كات رێوشوێنه‌كانی هه‌ڵبژاردن رابگرێت تا سكاڵای مه‌سروور بارزانی یه‌كلاده‌بێته‌وه‌، بڕیاری ئه‌مڕۆی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی كه‌ پابه‌ندی ده‌كات به‌وه‌ی رێوشوێنه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌ستپێبكاته‌وه‌و داوا له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم بكات واده‌یه‌كی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن دیاری بكات.

ناكۆكی پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی كوردستان ناكۆكی له‌ناو ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق دروستكردووه‌.

News Code 223509

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha