بافڵ تاڵەبانی و مەکگۆرک یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تاوتوێی دەکەن

بەشی جیهان- سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رێكخەری كۆشكی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، کۆبوونەوە و تاوتوێی یەکخستنەوەی پێشمەرگەیان کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندراوی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی یەکێتیدا هاتووە، لەو کۆبوونەوەدا دوایین ڕووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و "جەخت لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بە ئاڕاستەی پاراستنی سەقامگیری، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی دیموکراسی لە ناوچەکەدا".

‎لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، "هەڵبژاردن مافێکی سەرەتایی هاونیشتمانییان و پایەیەکی گرنگی دیموکراسییە، هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانیدا، بۆیە بەهەموو شێوەیەک دژی ئەو هەوڵانە دەوەستینەوە کە دەیانەوێت بەربەست لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد دروستبکەن و قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەو ڕوخسارە گەشەی هەرێمەکەمان کە هەوڵی بۆ دەدەین، بکەوێتە مەترسییەوە".

‎لەبارەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و هەوڵەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا لە پڕچەککردن و خێراترکردنی پرۆسەکە، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتوویەتی: "هەوڵەکان جێی بایەخە و بە رێزەوە لێی دەڕوانین، بەردەوامیی هاریکاری و هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەکان لەنێوان هێزی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە دووپاتدەکەینەوە".

‎بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ مەکگۆرک ئاماژەی بە هەنگاوەکانی ڕێککەوتنی نوێی نێوان عێراق و ئەمریکا کرد و رایگەیاند، "پێویستە هەموو هەنگاوەکان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا بن و بڕیارەکان لەپێناو ئاشتی و ئاوەدانیی وڵاتدا بێت".

News Code 223498

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha