بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمریکییه‌كان له‌ عێراق و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە  کۆڵۆنێل مایکڵ کۆلینان بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمریکییه‌كان لە عێراق و پیتەر بلەیدس ڕاوێژکاری بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمریکییه‌كان لە عێراق کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ لە کۆبوونەوەکەدادوایین ئەنجامەکانی گفتوگۆی ستراتیژیی عێراق و ئەمریکا، ئاڵۆزییەکان و جموجۆڵی داعش لە ناوچەکە و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپا و پێشمەرگە، بەردەوامیی یارمەتییە لۆجیستییەکان بۆ پێشمەرگە، چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و چارەسەرکردنی دۆخى ئەو ناوچانەی بۆشاییی ئەمنییان تێدایه‌، تاوتوێ کرا.

جێگری سەرۆک سپاسی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کرد، هاریکاریی و یارمەتییە لۆجستییە سەربازییەکانی ئەمریکای بۆ پێشمەرگە بەرز نرخاند، هه‌روه‌ها جەختی لەسەر بەردەوامیى ئۆپەراسیۆنی هاوبەشى پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پاڵپشتیی هاوپەیمانان بۆ له‌ناوبردنى یەکجارەکیی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا، كرده‌وه‌.

لای خۆیەوە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمریکییه‌كان لە عێراق، دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی لە هاریکاری و پاراستنی ناوچەکە لە هەر مەترسییێک بەردەوام دەبێت، پاشان باسی لە گرنگیی گفتوگۆی ستراتیژیی عێراق و ئه‌مریكا و بە هاوبەشیی هەرێمی کوردستان کرد و خۆشحاڵیی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییه‌كان لە بواری ئابووری و سەربازیدا ده‌ربڕى.

هەردوولا لەسەر هەماهه‌نگی و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان هاوڕا بوون و جەختیان لەسه‌ر گرنگیی یەکخستنەوە و چاکسازیی پێشمەرگە و دروست کردنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی كرده‌وه‌، هەروەها پڕکردنەوەی ئەو شوێنانەی بۆشاییی ئەمنییان هه‌یه‌ بە گرنگ زانی، ئەمەش بە هەماهەنگی و گفتوگۆی زیاترى سوپای عێراق و پێشمەرگە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2958

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha