جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان: دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان هێشتاش وەک خۆی ماوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جەعفەر شێخ مستەفا رایدەگەیێنێت، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆڵی کارای هەبووە لە کۆکردنەوەی لایەنەکان، بەڵام بەداخەوە هەوڵەکانمان بێئەنجام بوون، هەروەها پێیوایە یەکڕیزیی کورد "تەنیا درووشم" بووە لای لایەنە سیاسییەکان و نەبووەتە کردار.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاندووە، دەبووایە یەکێتی و پارتی کێشەی بەربژێری سەرۆککۆمار چارەسەر بکەن و ئینجا بچنە بەغدا، بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە پێیوایە لای پارتی و یەکێتی دەسەڵات لای چەند کەسێکە. ئاماژە بەوەش دەدات دوو ئیدارەیی هێشتاش وەک خۆی ماوە، بەڵام بەشێوەیەکی دیکەیە.

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کارێكی ئێوە یەکخستنی پارتە کوردستانییەکانە لەسەر پرسە نیشتمانییەکان، بەڵام ئێستا پارتەکان زۆر پەرتەوازەن. بۆچی ئێوە هەوڵنادەن بۆ یەکخستنیان؟

جەعفەر شێخ مستەفا: سەرۆکایەتیی هەرێم لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە لەم خولەدا، رۆڵێکی بەرچاو و باڵای هەبووە لە کۆکردنەوەی حیزبەکان و چەند کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ سەرۆکی حیزبەکان کرا، کە لێپرسراوی یەکەمی هاتنە سەرۆکایەتیی هەرێم بە سنگێکی فراوانەوە بەبێ هیچ داواکارییەکی پێشوەختە بۆ هەوڵبدرێت یەکێتی و یەکڕیزی دروست ببێت. هەمووشیان بڕوایانوابوو بەبێ یەکێتی و یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان و میللەتەکەمان ئێمە هەڕەشەیەکی گەورەمان لەسەرە و کێشەی گەورەشمان بۆ دروست دەبێت، بەڵام بە داخەوە لەپاش دوو کۆبوونەوە و چەند هەوڵێکی دیکەش بۆ یەکخستنی فراکسیۆنەکانی حیزبە کوردستانییەکان لە بەغدا، هەم بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هەوڵی زۆر درا و کاری زۆر کرا. بەڵام بە داخەوە بێئەنجام بوو.

بۆچی تاوەکو ئێستا ئەو یەکڕیزییە دروست نەبووە؟

جەعفەر شێخ مستەفا: راستییەکەی نازانی بڵێی لەبەرچی دروستنەبووە، ئەگەر بەرژەوەندیی میللەتت دەوێت، ئەگەر گوێ لە داوای خەڵک بگری، ئەگەر لەگەڵ ئێش و ئازاری میللەتەکەماندا بژین، دەبێت لەپێش هەموو شتێکەوە یەکڕیزبن. نەبوونی یەکڕیزی ئێستا گەورەترین مەترسییە و دڵەڕاوکێی لەنێو خەڵکدا دروستکردووە. راستییەکەی نازانم، دەبێت لە لێپرسراوی یەکەمی ئەو حیزبانە بپرسی کە هەموو لایەنەکانی دیکەش بە تایبەتی چاویان لە پارتی و یەکێتی بوو کە پێیانوابوو ئەگەر یەکێتی و پارتی چارەسەری کێشەکانی نێوخۆیان بکەن، لایەنە سیاسییەکانی دیکە هیچ کێشەیەکیان نییە. بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا یەکێتی و پارتی هەنگاوێکی وا بەرچاویان نەناوە کە ببێتە مایەی دڵخۆشی خەڵک و کەسوکاری شەهید و تێکۆشەرەکان و چین و توێژەکانی میللەتەکەمان.

نەورۆز رۆژی یەکبوونی نەتەوەی کوردە، بۆچی ناتوانرێت ببێتە رۆژی یەکبوونی پارتە کوردستانییەکانیش؟

جەعفەر شێخ مستەفا: راستیەکەی چ بۆنەیەکی ئایینی بێت یان نەتەوەیی، هەموو لایەنە سیاسییەکانیش کاتێک پەیامی پیرۆزبایی بڵاودەکەنەوە، هەمان قسە دەکەن و هیوای ئەوە دەخوازن ئەم بۆنەیە یان ئەم جەژنە ببێتە پاڵنەرێک یان رێگەخۆشکەرێک بۆ ئەوەی یەکێتی و یەکڕیزی دروستبکرێت، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەمە دروشم بووە و دوور بووە لە کردار. بۆیە خەڵکیش متمانەی بەو جۆرە دروشمانە نەماوە.

دۆخی دارایی لە سلێمانی زۆر خراپتر بووە، هۆکاری ئەوە چییە؟ وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە دەسەڵاتداریەتی سیاسی لە سلێمانی بە واتای یەکێتی، پارەی داهات و بانکەکان دەبات. ئێوە هیچ لێکۆڵینەوەیەکتان لەوبارەوە کردووە؟

جەعفەر شێخ مستەفا: بەشبەحاڵی خۆم ئاگاداری ئەو دۆخە نیم، بەڵام ئەوەندەی لێی تێدەگەم هەرکاتێک لە شوێنێک کێشەیەک هەبێت، ئەم لا، ئەو لا تاوانبار دەکات و ئەو لاش ئەم لا لەکەدار دەکات، هۆکارەکەش نەبوونی ئەو تەبایی و یەکڕیزیییەیە. لەبری ئەوەی هەوڵبدەن بە یەکدەنگ و یەکڕەنگ هەر کێشەیەک لە هەر شوێنێک ببێت هەر لە زاخۆوە تاوەکو دەگاتە خانەقین بە یەکەوە چارەسەری بکەن، بەڵام بەداخەوە دێن و یەکدی لەکەدار دەکەن.

وەکو سەرۆکایەتیی هەرێم لەوبارەیەوە هیچ بەدواداچوونێکتان کردووە؟

جەعفەر شێخ مستەفا: راستیەکەی لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە هیچ بەدواداچوونێک نەکراوە، چونکە ئەمە کاری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و حکومەتە.

تایبەت بە هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان چەند ساڵێکە لە هەوڵدان بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە. ئایا یەکخستنی هێزی پێشمەرگە نزیک بووە یان هێشتا زۆر دوورە؟

جەعفەر شێخ مستەفا: یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سەرەتای هاتنی داعشەوە تاوەکو 6 مانگ بەر لە ئێستا کێشەکان زۆربوون، رێگری هەبوو لەبەردەمی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بە تایبەتیش لە شەڕی داعشدا، چونکە هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی پێشەوە بوون نەدەتوانرا ئەوکاتە ئەو جۆرە رێکخستنەوەیە بکرێت. بەڵام ماوەی 6 مانگە کەشێکی باش خوڵقاوە، ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە لە یەکەی 70 و 80 لە هەردوولا ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی لیوا لیوا بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. تاوەکو ئێستا لەو ماوەیەدا دوو یەکەی زۆر گرنگ کە هێزەکانی پشتیوانی یەک و پشتیوانی دوون، هەردووکیان چوونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ئێستا لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەن لە هەموو رووەکانەوە. جگە لەوە چەندین لیوای دیکەش چوونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، چەند لیوایەکی دیکەش لە هەردوولا ئامادەکراون.

پارتی و یەکێتی ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە؟

جەعفەر شێخ مستەفا: هێزەکانی پشتیوانی دوو کە یەکێکە لە یەکە هەرە گرنگەکانی هێزەکانی 70، ئێستا چووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، جگە لەوە دوو لیوای دیکەش چووە، ئێستا نزیکەی دوو بۆ سێ لیوای دیکەشیان ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هیچ گرفتێک لەلایەن یەکەی 70 و سەرکردایەتی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە نییە بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چوونیان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەی لەلایەن پارتییەوە، ئەوانیش بە هەمان شێوە ئامادەییان هەیە؟

جەعفەر شێخ مستەفا: لەلایەن ئەوانیشەوە هەمان دەستپێشخەری هەیە بەشێوەیەکی رێکوپێک، هیچ کێشەیەکیان نییە. بەڵام پرۆسەکە تۆزێک بە خاویی دەڕوات لەبەر ئەوەی پرۆسەیەک هەیە کە لەلایەن هاوپەیمانان و ئەمریکاوە.

هاوپەیمانان بە پرۆسەکە رازین؟

جەعفەر شێخ مستەفا: ئێستا لەم کاتەدا زۆر رازین.

تایبەت بە پۆستی سەرۆککۆمار، رێکنەکەوتن لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دۆخی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر خراپتر دەکات؟

جەعفەر شێخ مستەفا: ئەوەی دەیبینین شتێکی ئاشکرایە و شاراوە نییە، کە لەسەر پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق کێشەو گرفتێکی زۆر هەیە بە تایبەتی لەنێوانی یەکێتی و پارتی. بەداخەوە کە نەدەبوو ئاوا بووایە، دەبوو ئێمە لەنێو خۆماندا چارەسەری ئەو کێشانەمان کردبووایە ئەوسا بچووبانایە بەغدا، بەڵام بەداخەوە هەریەک بۆخۆی دەچێتە بەغدا و لەگەڵ لایەنێک دادەنیشت. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پێگەی کورد و حیزبەکەش و سەرکردایەتیەکەشی و پێگەی سەرۆککۆماریش لاواز بکات. بەداخەوە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت. بە یەکێتی و پارتی و هەموو لایەنە سیاسییەکانیشەوە سەرۆککۆمارێک دیاری بکەن بۆ عێراق، تاوەکو بتوانن هەموویان بە یەکەوە پشتیوانی لێ بکەن.

هیچ هەوڵێک لەوبارەیەوە هەیە؟

جەعفەر شێخ مستەفا: هەوڵ زۆر بووە، دەستپێشخەری زۆر کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی ئیجابی هیچ وەڵامێکی ئەوتۆ نییە کە بە خەڵکی کوردستانی بڵێیت، بە داخەوە.

رێکنەکەوتن لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار دەبێتە هۆی وەرنەگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک؟

جەعفەر شێخ مستەفا: پۆستی پارێزگاری کەرکووک پۆستێکی گرنگە، ئێستا گەورەترین کێشەی کورد لە کەرکووک هی ئەوەیە کە پارێزگارەکەی کورد نەبێت. تاوەکو ئێستاش بە شێوەیەکی داگیرکەرانە و دوژمنانە مامەڵە لەگەڵ کورد دەکرێت و سەرلەنوێ هەوڵی بەعەرەبکردنی شارەکە دەدرێت. پێموابوو ئێمە هیچ پلە و پایەیەک لە عێراقدا بە قەدەر ئەوە گرنگ نەبوو کە ئێمە یەکڕیز و یەکدەنگ بین و بە یەکەوە بچینە بەغدا، هەر پۆستێکمان بوویستبووایە سەرۆککۆمار بێت کەرکووک بێت لێرە لەسەر رێکبکەوتینایە گرنگ ئەوەبوو پۆستەکە بۆ کوردبێت.

ئەو درووشمانەی لەسەر یەکڕیزی دەدرێت، بۆچی تاوەکو ئێستا نەبووەتە کردار؟

جەعفەر شێخ مستەفا: راستییەکەی ئەوەیە دیار بیر لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان ناکرێتەوە، بیر لە ماندووبوون و ئەو هەموو قوربانیدان و فیداکارییەی کە ئەو میللەتە داویەتی ناکرێتەوە، ئەو هەموو شەهید و ئەنفالەی داوە، کیمیایی لێدراوە و بە دەیان هەزار کەس بەر چەکی کیمیایی کەوتوون، جگە لەوە ئەو هەموو شەهید و بریندار و زیندانی سیاسی و نەگبەتیەی کە بەسەر میللەتەکەماندا هاتووە، تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆری کوردستانیش دابڕێندراوە لە کوردستان. دیارە بە هیچ شێوەیەک ئەو سەرکردایەتیانە بیر لە بەرژەوەندیی میللەتەکەمان و ئەو هەموو بەسەرهاتەی بەسەر میللەتەکەماندا هاتووە لەبەرچاوی ناگرن، تەنیا و تەنیا دەستکەوت و دەسەڵاتێک بگرنەدەست، دیارە تەنیا ئەوەیان لەبەرچاوە. تاوەکو بەدوای دەستکەوت و دەسەڵاتیشدا بین بە دڵنیاییەوە هیچ کێشەیەک لە کوردستاندا چارەسەر ناکرێت. بۆیە دەبێت جارێکی دیکە بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی میللەتەکەمان لە چیدایە ئەوە پیادە بکەین، ئەگەر ببینی ئەمڕۆ میللەتەکەمان دڵگرانە، تووڕەیە، کرداری ئەو حیزبانە رەنگدانەوەی خراپی هەبووە لەناو خەڵکەکەدا، خەڵکەکەش کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە و ئەنفال و کیمیاباران و خەڵکی کوردستانە، کە بە درێژایی شۆڕش لە خزمەتی شۆڕشدابوونە و خوێنیان داوە، نانیان داوە، قوربانیان داوە و فیداکاریان کردووە.

بەداخەوە ئەوەی کە من دەیبینم، هۆکارەکەی ئەوەیە جگە لە دروشم و موزایەدەکردن، کە باسی خەڵک دەکرێت هیچ شتێکی دیکە نییە و تەنیا تەنیا دەسەڵات و بەرژەوەندیی حیزبییە و هیچی تر.

ئێوەش وەکو هاونیشتمانیان گلەییتان هەیە، ئەمە ئەرکی کێیە و کێ دەبێت ئەم کارانە جێبەجێ بکات؟

جەعفەر شێخ مستەفا: دەسەڵاتەکان دیارن لەلای کێن، بۆیە دەبێت لەو کەسانە بپرسی کە خاوەن بڕیارن لەناو حیزبەکاندا، لەنێو حیزبەکانیشدا لە چ ناوەندێک بیت زۆربەی خاوەن بڕیار نییە. بۆیە دەبێت لەو کەسانە بپرسی بۆ ئەم کارانە ناکرێ کە خەڵک پێی خۆشبێت؟ بۆ خەڵک ئاشت ناکرێتەوە؟ بۆ خەڵک تووڕەیە؟ ئەمڕۆ خەڵک بەو شێوەیە ناڕازییە.

وەکو خۆتان ئەو گلەییەتان لە حیزبەکەی خۆتان کردووە؟

جەعفەر شێخ مستەفا: کێیە ئەوەی کە گلەیی لە حیزبەکان هەیە؟ کەسوکاری شەهیدان، رێکخستنەکان، جەماوەرەکەت، ئەگەر سەیری بکەین دەبینین 50٪ی دەنگدەران لەنێوانی دوو هەڵبژاردندا جگە لەو دوو نەوەیەی کە پێگەیشتوون، دەنگەکان کەمیان کردووە. ئەی نابێت حیزبەکە بزانێت بۆ 50٪ دەنگی کەمیکردووە؟ کە رەنگە زیاتر کە 50٪ دەنگەکانی کەمیکردبێت. ئەی نابێت هەست بەوە بکات کە خەڵکەکەی خۆی لێی تووڕەیە و لێی دوورکەوتووەتەوە...

هەرێمی کوردستان نەیتوانی بە تەواوەتی کۆتایی بە دوو ئیدارەیی بهێنێت، ئێستا ئەو دوو ئیدارەییە وەکو خۆیەتی یان زیاتر بووە؟

جەعفەر شێخ مستەفا: پێموایە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، وەکو خۆیەتی بەڵام بەشێوەیەکی دیکە.

هۆکارەکەی چییە؟

جەعفەر شێخ مستەفا: بەشێوەیەکی دیکەیە، ئەوسا دوو ئیدارە هەبوو، دوو سەرۆکوەزیرانمان هەبوو، وەزیرمان هەبوو.. ئێستا بەناو بووە بە یەک ئیدارە، بەڵام بەداخەوە لە خوارەوە ئەمە رەچاو ناکرێت، جیاوازییەکی زۆریش لە گۆڕەپانەکە دەبینین، لەبەر ئەوە هەر بە دوو ئیدارەیی دەڕوات.

واتە ئێوەش هەست بەو دوو ئیدارەییە دەکەن؟

جەعفەر شێخ مستەفا: چارەسەری یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە یەک ئیدارەی بەهێز هەبێت، کە لە سەرتاسەری کوردستاندا حکومڕان و خاوەن بڕیاربێت، لەگەڵ چارەسەری کێشەکانی خەڵکدابێت و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات و لەگەڵ ئێش و ئازارەکانیان بژیت. بەڵام تاوەکو ئەو ململانێ ناشەریفانە و ئەو جۆرە ئیدارەیە هەبێت، من پێموانییە هیچ کاریگەرییەکی باشمان لەسەر خەڵکەکە هەبێت.

کێ ئەو دۆخەی دروستکردووە و چۆن دەتوانرێت چارەسەر بکرێت؟

جەعفەر شێخ مستەفا: هەموو کەس دەزانێت کە یەکێتی و پارتییە، لەنێو یەکێتی و پارتیش کێیە؟ ئەوە شتێکی دیکەیە. حیزبەکانی دیکە چ دەسەڵاتێکیان هەیە؟

سەرکردایەتیی هەردوولا دەتوانن ئەم دۆخە چارەسەر بکەن؟

جەعفەر شێخ مستەفا: کەسەکان لەنێو سەرکردایەتیی هەردوو حیزب دەتوانن چارەسەر بکەن، نەک سەرکردایەتییەکانیان.

پێشتر ئاماژەت بەوەدا کە هاوپەیمانان رۆڵیان لە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە هەبووە، ئەو هەوڵانە چی بوونە بۆ یەکخستن و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە؟

جەعفەر شێخ مستەفا: چوار دەوڵەتی گەورە، کە ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندان هەرچواریان راوێژکاریان لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، ماوەی زیاتر لە 4 ساڵ دەبێت راوێژکاریان لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، چەندین بەرنامەیان گۆڕیوە تاوەکو رەزامەندی وەربگیرێت سوپایەکی پێشمەرگەی یەکگرتوو بۆ کوردستان دروست بکرێت. پێموایە ئەگەر بەرنامەکانی ئەوانمان پیادە کردبووایە و گوێمان لە قسەکانی ئەوان گرتبووایە و بە کردارەکی جێبەجێمان کردبا، ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی سوپایەکی پێشمەرگەی یەکگرتووی پڕ مەشق و پڕ چەک دەبووین. هەموو پێداویستییەکانیشیان بۆ دابین کردبووین.

بۆ نەکراوە؟ بەربەستەکان چین؟

جەعفەر شێخ مستەفا: پێش هەموو شتێک بەربەستەکان سیاسین، جگە لەو کێشانەی کە باسمان کرد، هاتنی داعش و کۆمەڵێک کێشە و گرفتی دیکە و نەبوونی بودجە. بەڵام بڕیارێکی سیاسی لەلایەن سەرکردایەتی سیاسیی یەکێتی و پارتییەوە نەبووە بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.

News Code 5508

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha