بافڵ تاڵەبانی: هەموو هەوڵێکمان لەپێناو دروست کردنی ھێزێکی نیشتمانیی پڕچەک و راهێنراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی دەڵێت: هەموو هەوڵێکی یەکێتی لەپێناو دروست کردنی ھێزێکی نیشتمانیی پڕچەک و راھێنراوە لەسەر بنەمای نوێی زانستی سەربازی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەكەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێكی بڵاو کردەوە و دەڵێت: بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیی کرد لە کۆڵۆنێڵ مارکۆس مایەر، لێپرسراوی ھێزەکانی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق.

لە دیدارەکەدا کە ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاریی هەرێمی کوردستان ئامادەبوو، دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکان و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش، ھەماھەنگی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق و ھاوپەیمانان و یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە تاوتوێ کراو بیروبۆچونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕ کرا.

لە دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە جموجووڵەکانی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش كرد کە ھێشتا ھەڕەشەی جدین بۆ سەقامگیری عێراق، بۆیە پێویستە ھەماھەنگی و ھاریکاری زیاتر هەبێت لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و عێراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

داواشی کرد پرۆژەی ھاوبەش ھەبێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەو سنوورانە و ھێزی ھاوبەش دروست بکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

سەبارەت بەھەوڵەکانی یەکخستنەوە و پڕچەک کردنی ھێزی پێشمەرگە، سەرۆکی یەكێتی جەختی لە چڕکردنەوەی ھەوڵەکان کردەوە و رایگەیاند، "هەموو هەوڵێکی یەکێتی لەپێناو دروست کردنی ھێزێکی نیشتمانیی پڕچەک و راھێنراوە لەسەر بنەمای نوێی زانستی سەربازی." بۆئەوەش داوای لە ھێزەکانی ئەڵمانیا کرد هاوکار و ھەماھەنگ بن لەسەرخستن و بەرەوپێشچونی ئەو پرۆسە نیشتمانییە.

News Code 3428

Your Comment

You are replying to: .
captcha