یه‌کێتی و پارتی سەلماندیانەوە که‌ ‌بڕوایان به‌ ده‌ستاوده‌ست کردنی ده‌سه‌ڵات نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- به‌ره‌ی گه‌ل له ‌په‌یامێکدا سه‌باره‌ت به ‌دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، پارتی و یه‌کێتی به‌ به‌رپرسیاری یه‌که‌می ئه‌م دواخستن و ئه‌م بۆشاییه‌ ته‌شریعیه‌ی کوردستان ده‌زانین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌ره‌ی گه‌ل که‌ لاهوور شێخ جه‌نگی سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات له ‌په‌یامێکدا بڵاویکرده‌وه‌، یه‌کێتی و پارتی جارێکی دیکه‌ ئه‌و ڕاستیه‌یان بۆ دووپاتکردینه‌وه‌ که‌ نه‌بڕوایان به‌ ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌، نه‌ هێزی دیموکرات و مه‌ده‌نین، نه‌ رێزیش له‌ ویست و ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ر ئه‌گرن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "پارتی و یه‌کێتی به‌ به‌رپرسیاری یه‌که‌می ئه‌م دواخستن و ئه‌م بۆشاییه‌ ته‌شریعیه‌ی کوردستان ده‌زانین، جه‌ماوه‌ریش له‌وه‌ دڵنیا ئه‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی و راوێژ و رێکه‌وتنی هه‌ردوولا کراوه‌و ده‌کرێت. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نها کاتێک هه‌ڵبژاردنی ئه‌وێت که‌ پێگه‌ی خۆی به‌ ناقانونی و به‌ده‌ر له‌ ئیراده‌و ده‌نگی خه‌ڵک بسه‌پێنێت و جۆرێک له‌ دیزاینی پێشه‌وخته‌ی بکات به‌و جۆره‌ی هه‌ژمونی پڕ له‌ پاوانخوازی خۆی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاوه‌ بهێڵێته‌وه‌".

ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕوو، "له‌م دۆخه‌ خراپ و ناهه‌مواره‌ی که‌ دو حزب به‌ رێکه‌وتنی پێشوه‌خته‌ ماوه‌یه‌که‌ سه‌رقاڵی دیزاین کردنین،  دڵنیاین روناکی راستیه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر ئه‌دره‌وشێته‌وه‌، دواجاریش ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌ژمونی  دو حزب به‌ره‌و لاوازی و نابوتی ئه‌ڕوات، ئه‌وان چیتر ناتوانن به‌ غرور و لوتبه‌رزی جارانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بکه‌ن، به‌ڵکو بێ سڵه‌مینه‌وه‌ و شه‌رمکردن  په‌نا بۆ هه‌موو شێوازێک ئه‌به‌ن بۆ ڕاکردن له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی میلله‌ت و ئیراده‌ی کۆمه‌ڵگه‌ بۆ ژیانێکی جیاوازتر و باشتر و کۆتاییهێنان به‌ قه‌یرانه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌".

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی به‌ره‌ی گه‌ل:

به‌ناوی په‌روه‌ردگاری گه‌وره‌ و میهره‌بان

هاوڵاتیانی خۆشه‌ویستی کوردستان

دیسانه‌وه‌و به‌بیانوی داتاشراو و ئاماده‌کراوه‌وه‌، دوای چه‌ند جارێک له‌ دیاریکردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن و خۆدزینه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانی،  دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان ئه‌مجاره‌ش به‌ شێوازێکی تر و له‌رێگه‌ی دادگای فیدراڵییه‌وه‌،  بوون به‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ کاتی دیاریکراوی خۆیدا. ئه‌م دوو حزبه‌ چه‌ند ساڵێکه‌ به‌بێ هیچ هۆکارێکی قانوونی، چه‌ندین کۆسپیی ناقانوونیان له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن دروست کردووه‌. ئه‌وان به‌بێ بوونی هیچ کێشه ‌و بیانوویه‌ک، به‌ ده‌نگی هه‌شتا و پێنج په‌رله‌مانتاری دوو حزب و هاوپه‌یمانه‌کانیان، ته‌مه‌نی په‌رله‌مانیان درێژ کرده‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌و ماوه‌ ناقانوونیه‌شدا، ده‌ستیان بۆ هیچ یه‌کێک له‌ مه‌له‌فه‌ گرنگه‌کانی رێخۆشکه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن وه‌ک یاسای هه‌ڵبژاردن و کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن نه‌برد. دواتر که‌ دادگای فیدراڵی ئه‌م هه‌نگاوه‌ ناقانوونیه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌،  که‌وتنه‌ داڕشتنی سیناریۆی تر بۆ خۆڵکردنه‌ چاوی جه‌ماوه‌ر و په‌کخستنی ئه‌م ده‌زگا گرنگه‌، به‌تایبه‌ت له‌ دوای هه‌ڵکشانی ناڕه‌زایه‌تی و ڕه‌خنه ‌و له‌ رو وه‌ستانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر بۆ سیاسه‌ته‌ شکستخواردوه‌کانی دوو حزب و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان.

لێره‌دا ده‌بێ بپرسین له‌ماوه‌ی شه‌رعی په‌رله‌ماندا، واته‌ له‌و چوار ساڵه‌دا، چ رێگریه‌ک له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان و دو حزبدا هه‌بو که‌ نه‌توانن پیاچونه‌وه‌ به‌ یاسای هه‌ڵبژاردن بکه‌ن، ئاماده‌سازی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌کاتی خۆیدا بکه‌ن، کۆمسیۆن نوێ بکه‌نه‌وه‌؟

به‌ڵام له‌راستیدا نه‌ ئه‌وکات و نه‌ئێستاش هیچ بیانویه‌کی ئسوڵی و هۆکارێکی قانونی بۆ ئه‌و په‌کخستنه‌ی په‌رله‌مان و دواخستنی هه‌ڵبژاردن نه‌بوه‌و نیه‌، جگه‌ له‌ هۆکارێکی سه‌ره‌کی که‌ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م دو حزبه‌ جارێکی تر ئه‌و راستیه‌یان بۆ دوپاتکردینه‌وه‌ که‌ نه‌بڕوایان به‌ ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌، نه‌ هێزی دیموکرات و مه‌ده‌نین، نه‌ رێزیش له‌ ویست و ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ر ئه‌گرن.

هاوڵاتیانی خۆڕاگری کوردستان

ئێمه‌ وه‌ک (به‌ره‌ی گه‌ل)، پارتی و یه‌کێتی به‌ به‌رپرسیاری یه‌که‌می ئه‌م دواخستن و ئه‌م بۆشاییه‌ ته‌شریعیه‌ی کوردستان ده‌زانین،  جه‌ماوه‌ریش له‌وه‌ دڵنیا ئه‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی و راوێژ و رێکه‌وتنی هه‌ردولا کراوه‌و ده‌کرێت. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نها کاتێک هه‌ڵبژاردنی ئه‌وێت که‌ پێگه‌ی خۆی به‌ ناقانونی و به‌ده‌ر له‌ ئیراده‌و ده‌نگی خه‌ڵک بسه‌پێنێت و جۆرێک له‌ دیزاینی پێشه‌وخته‌ی بکات به‌و جۆره‌ی هه‌ژمونی پڕ له‌ پاوانخوازی خۆی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاوه‌ بهێڵێته‌وه‌.

ئه‌م دو حزبه‌ که‌ ساڵانێکه‌ له‌ئاست داخوازیه‌کانی میلله‌ت و به‌تایبه‌ت موچه‌خۆران ده‌ست له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ داماون و رۆژانه‌ به‌ چه‌ندین لێدوانی تونده‌وه‌ خه‌ڵکی سه‌رقاڵی یارییه‌کان و په‌رده‌پۆش کردنی کێشه‌کان ئه‌که‌ن، که‌چی له‌پرسی دواخستنی هه‌ڵبژاردندا هه‌میشه‌ هه‌مئاهه‌نگ و هاوئاواز و ته‌واوکه‌ری ویستی یه‌کتری بوون.

ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ که‌ هه‌موی هۆکارن بۆ په‌خستنی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، جگه‌ له‌ راکردن له‌ ئیراده‌و ویست و داوای خه‌ڵکی، هیچی تر نیه‌و ئاماژه‌یه‌کی تره‌ بۆ لاوازی و بێتوانایی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ ئیداره‌دانی کۆمه‌ڵگاو به‌دیهێنانی ئیستحقاقه‌ قانونیه‌کان. ئه‌م دواخستنه‌ی ئه‌مجاره‌ش گورزێکی کوشنده‌یه‌ له‌ دیموکراسی و مافی نوێنه‌رایه‌تی کردن و، کۆتایی به‌ هه‌مو جۆره‌ شه‌رعییه‌تی حکوومه‌ته‌که‌یان ده‌هێنێت و هۆکارێکی تر ئه‌بێت بۆ لاوازکردنی هه‌رێم و داموده‌زگاکانی.

دواجاریش له‌م دۆخه‌ خراپ و ناهه‌مواره‌ی که‌ دو حزب به‌ رێکه‌وتنی پێشوه‌خته‌ ماوه‌یه‌که‌ سه‌رقاڵی دیزاین کردنین،  دڵنیاین روناکی راستیه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر ئه‌دره‌وشێته‌وه‌، که‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌ژمونی  دو حزب به‌ره‌و لاوازی و نابوتی ئه‌ڕوات. ئه‌وان چیتر ناتوانن به‌ غرور و لوتبه‌رزی جارانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بکه‌ن، به‌ڵکوو بێ سڵه‌مینه‌وه‌و شه‌رمکردن  په‌نا بۆ هه‌موو شێوازێک ئه‌به‌ن بۆ ڕاکردن له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی میلله‌ت و ئیراده‌ی کۆمه‌ڵگا بۆ ژیانێکی جیاوازتر و باشتر و کۆتایی هێنان به‌ قه‌یرانه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌.

ئێمه‌ له‌ (به‌ره‌ی گه‌ل)، سه‌رباری ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هه‌نگاوه‌کانی په‌کخستنی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به‌ سیناریۆ و ده‌ستێکه‌ڵی هه‌ردو لایه‌نی یه‌کێتی و پارتی به‌هه‌نگاوێکی ناقانونی و کارێکی دزێوی ئه‌زانین، له‌هه‌مان کاتدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌مان چیتر ناتوانن تاسه‌ر ڕێگری بکه‌ن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ ژێر فشاری هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ئازادیخوازان و رێکخراوه‌کان ناچار به‌ خواردنی ئه‌و ژه‌هره‌ ده‌کرێن. ئاینده‌ش هه‌ر بۆ نیشتمان و گه‌له‌ ئازیزه‌ سه‌ربه‌رزه‌که‌مانه‌.

News Code 223469

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha