بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهوور جەنگی لە پەیامێکدا بۆ یەکەمجار باس لە پلانەکانی داهاتووی حزبە نوێکەی دەکات و دەڵێت: نەورۆز سەرەتاییەکی نوێیە، هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە سەرەتاییەکی نوێیە لە حوکمڕانیدا، حوکمرانی نوێش بەبێ خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ مێژوی ڕووداوە سیاسییەکان نایەتە دی، مێژووی شاخ و شاری جووڵانەوەی هەرێمی کوردستان دەمانگەیەنێت بە یەک بروا، ئەوەش بریتیە لەوەی ئایا ئەوەی بەلێنی بۆ درا، ئەوەیە کە ئێستا هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی ویژدانی زیندوو بێت لە وەڵامی ئەو پرسیارە دەلێت نەخێر، بۆیە هەرێمی کوردستان پێویستی بە سەرەتاییەکی جیاوازە، ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم دوای ۳۳ ساڵ لە شکستێکی قووڵدا دەژی، شکستێک کە بەرهەمی ئەقڵیەتی خۆسەپێن و گوێنەدانبوە بە خواست و ئیرادەی خەڵک."
ئەوەشی خستەڕوو، "دەسەڵاتدارانی هەرێم لە بری دانپێدانانی شکست، پاساو ڕیزدەکەن، ئەم ئینکارییەش بەشێکی گەورەی تۆخکردنەوە بەردەوامیدانە بەم دۆخەی ئێستا، رێگاکانی هەستانەوەی دوای کەوتن و شکست ئەوەیە بکەرە سەرەکییەکانی دانی پێدابنێن، ئەویش لە رێگەی گۆڕانکاری ریشەیی یاخود گۆڕانکاری دەسەڵات."
لاهوور جەنگی باسی لەوەشکرد، "دوای چەند ساڵێک لە وەدەرنانم لەو حزبەی هەموو تەمەنی گەنجێتیم تێدا سەرف کرد، ئێستا وێنەی حوکمرانی هەڵە ڕوونتر دەبینم، مەبەستمە بەشێکم بم لە چارەسەر و گۆڕانکاری سەرەڕای ئەوەی رێگایەکەی سەختە."
ئەوەشی ئاشکرا کرد، دەبێت واقعی هەرێم بگۆرێت، بە شێوەیەک دامەزراوە نیشتمانییەکان، دادگا و دەسەڵاتی دادوەری باڵادەست بن نەک حزبەکان، یەکێک لە هۆکارەکانی لاوازبوونی دامەزراوە نیشتمانییەکان، دواخستنی هەڵبژاردنە، کە تا ئێستاش دیار نییە دەسەڵاتداران ئەنجامی دەدەن یاخود نا.
لاهوور جەنگی ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرەی گەل سەکۆیەکی سیاسی نوێیە و بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بە باوەڕێکی بەهێزەوە سەرەتایەکی نوێ دەست پێ دەکەین، کە بۆ پاراستنی شکۆ و ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستانە".
Your Comment