دادگای سلێمانی سزای ۵ مانگ زیندانیکردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکرد

دادگای سلێمانی بڕیاریدا به‌ زیندانی کردنی شاسوار عەبدولواحید سه‌رۆکی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ بۆ ماوه‌ی پێنج مانگ.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ سێشەممە ٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، سێیەم دانیشتنی دادگایی کردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئەنجام درا و دادگای سلێمانی سزای پێنج مانگ زیندانیکردنی بەسەر شاسوار عەبدولواحید دا سەپاند.

دادوه‌ری دادگای سلێمانی، له‌ سێیه‌م دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، به‌پشت به‌ستن به ‌به‌ڵگه‌ و دۆکیۆمێنته‌کانی بڕیاری دا به‌زیندانی کردنی سه‌رۆکی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، بەڵام پارێزه‌ری دۆسیه‌که‌ی شاسوار عەبدولواحید له‌ لێدوانێکدا بۆ میدیاکان له ‌به‌رده‌م دادگای سلێمانی ڕایگه‌یاند: "دانیشتنه‌که‌ یاسایی نه‌بوو، داوای ئازادکردنی شاسوار عه‌بدولواحید ده‌که‌ین، ئێمه‌ له‌سه‌ر رێڕه‌وه‌ ڕاسته‌که‌ی شاسوار عه‌بدولواحید به‌رده‌وام ده‌بین ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ بێت یان له‌زیندان".

پارێزەرەکەی شاسوار عەبدولواحید وتیشی: "به‌رده‌وام ده‌بین له‌ به‌شداری کردن له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ده‌نگی زیاتریش ده‌هێنین".

شایانی باسە ڕۆژی ۱۱ی (ئاب/۸)، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە ماددەی ۴۳۱ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کرا، لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کورستان بە تۆمەتی هەڕەشە و ناوزڕاندن.

شه‌وی ۱۱ی (ئاب/۸) جووڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند: شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوی نوێ بەبێ هیچ تەبلیغێکی یاسایی "هەڵکوتراوەتە سەر ماڵەکەی و ڕفێندراوە"،   دەشڵێت، "ئێمەی هاوڕێیانی شاسوار عەبدولواحید لەسەر ئەم ڕێگای عەدالەت و ڕاستییە بەردەوام دەبین".

News ID 226025

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha