نەوەی نوێ: هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەدژی شاسوار عەبدولواحید بوونی نییە

نەوەی نوێ ڕایدەگەیێنێت: "سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ جارێکی تر بردرایەوە دادگای سلێمانی لەسەر دۆسیەیەک کە هیچ بەڵگەیەکی یاسایی تێدا نییە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی زمانحاڵی نەوەی نوێ بڵاوی کردەوە: "ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، دووبارە بردرایەوە دادگای سلێمانی، بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش: ئەم دادگایی کردنە لەسەر سکاڵای کەسێکە لەناو هێزە ئەمنییەکانی یەکێتیدا و لە سکاڵاکەیدا خۆی بە رۆژنامەنووس ناساندوە.

لە سکاڵاکەدا هاتووە: گوایە شاسوار عەبدولواحید ناوزڕاندن (تەشهیر)ـی بەرامبەر سکاڵاکار کردووە و پێی وتووە کە لەناو هێزە ئەمنییەکاندایە، وە ئەو سکاڵاکارە دەڵێت، ئەو پیشەی رۆژنامەنووسە نەوەک کەسێک لەناو هێزە ئەمنییەکاندا.

پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحید لەم بارەیەوە دەڵێن: ئەم سکاڵایە هیچ بەڵگەیەکی یاسایی نییە و سکاڵاکار بە ئاشکرا لەناو هێزە ئەمنییەکاندایە و بە تەشهیر لێکدانەوەی بۆ کراوە.

ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، لە ١٢ـی ئابی ٢٠٢٥، درەنگانی شەو هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی شاسوارعەبدولواحید و ناوبراویان دەستگیر کرد، ئەوەش لەسەر چەند سکاڵایەک؛ لە ئەنجامدا دادگای سلێمانی سزای پێنج مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.

News ID 226202

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha