بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی زمانحاڵی نەوەی نوێ بڵاوی کردەوە: "ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، دووبارە بردرایەوە دادگای سلێمانی، بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش: ئەم دادگایی کردنە لەسەر سکاڵای کەسێکە لەناو هێزە ئەمنییەکانی یەکێتیدا و لە سکاڵاکەیدا خۆی بە رۆژنامەنووس ناساندوە.
لە سکاڵاکەدا هاتووە: گوایە شاسوار عەبدولواحید ناوزڕاندن (تەشهیر)ـی بەرامبەر سکاڵاکار کردووە و پێی وتووە کە لەناو هێزە ئەمنییەکاندایە، وە ئەو سکاڵاکارە دەڵێت، ئەو پیشەی رۆژنامەنووسە نەوەک کەسێک لەناو هێزە ئەمنییەکاندا.
پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحید لەم بارەیەوە دەڵێن: ئەم سکاڵایە هیچ بەڵگەیەکی یاسایی نییە و سکاڵاکار بە ئاشکرا لەناو هێزە ئەمنییەکاندایە و بە تەشهیر لێکدانەوەی بۆ کراوە.
ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، لە ١٢ـی ئابی ٢٠٢٥، درەنگانی شەو هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی شاسوارعەبدولواحید و ناوبراویان دەستگیر کرد، ئەوەش لەسەر چەند سکاڵایەک؛ لە ئەنجامدا دادگای سلێمانی سزای پێنج مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.
Your Comment