شێوازی دەستگیر کردنی لاهوور تاڵەبانی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ بوو

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت ڕووداوەکەی لالەزار پێشێلکارییەکی زەقە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سلێمان موحسین سندی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە کوردستان۲۴ـی ڕاگەیاندووە: لە نزیکەوە چاودێری کەیسی دەستگیر کردنی لاهوور تاڵەبانی دەکەین و جەخت لە سەروەریی یاسا دەکەینەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەستەکە، جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە تۆمەتبار لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر بکرێت، نەک هێزەکانی دژەتیرۆر و کۆماندۆ.

سەبارەت بە چارەنووسی شاسوار عەبدولواحید و لاهوور تاڵەبانی، سلێمان موحسین سندی گوتی: هەر وەکوو چۆن لە زیندان سەردانی شاسوارمان کرد و لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشیمان کرد، بە هەمان شێوە هەوڵ دەدەین لە ماوەکانی داهاتوودا سەردانی لاهوریش بکەین.

درەنگانی شەوی پێنجشەممە ۲۱ـی ئابی ۲۰۲۵، هێزێکی زۆری یەکێتی کە پێکهاتبوون لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بەرەو لالەزار شوێنی نیشتەجێبوونی لاهوور تاڵەبانی، سەرۆکی بەرەی گەل جووڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەیان گەمارۆ دا.

بەرەبەیانی هەینی ۲۲ـی ئابی ۲۰۲۵،  شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهوور ڕوویدا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیێکی توندی چەکداری کە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و ۱۹ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهوور تاڵەبانی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.

News ID 225975

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha