یەکەم گرووپی گەریلا، لە سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن

وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان ڕایدەگەیێنێت: لە نێوان ۱۰ بۆ ۱۲ی تەممووز، یەکەم گرووپی گەریلاکان کە لە ۲۰ تا ۳۰ کەس پێکدێت، لە سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زاگرۆس هیوا  وتەبێژی کەجەکە کە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی ڕاگەیاند: گەریلاکان "بە سەرپەرشتیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیل و لایەنە پەیوەندیدارەکان" چەکەکانیان لەنێودەبەن؛ هەروەها گوتی، هێشتا ژمارەی ئەو گەریلا بەشداربووانە دیاری نەکراوە، بەڵام رەنگە لەنێوان ۲۰ بۆ ۳۰ گەریلا بن.

وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئەوەی پەکەکە هەنگاوی زیاتر بەرەو چەکدانان بنێت "پێویستە ئەو گۆشەگیرییەی لە زیندان بەسەر ئۆجەلاندا سەپێندراوە هەڵبگیرێت و هەنگاوی دەستووری، یاسایی و سیاسی بنرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو گەریلایانەی واز لە ستراتیجی خەباتی چەکداری دەهێنن بتوانن لە تورکیا تێکەڵ بە سیاسەتی دیموکراسی ببن".

هەروەها بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی بە ئەسۆشیەتد پرێسی ڕاگەیاندووە: ڕێککەوتن کراوە بۆ ئەنجامدانی "لەنێوبردنێکی سیمبوولییانەی هەندێک چەکی سووک، بەمەبەستی دڵنیاکردنەوەی تورکیا" و ئەمەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.

پەکەکە لە مانگی ئایاردا ڕایگەیاند: خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و واز لە خەباتی چەکداری دەهێنێت و کۆتایی بە چوار دەیە لە پێکدادان و شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دێنێت. ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە مانگی شوباتدا داوای لە حزبەکەی کرد کۆنگرە ببەستێ و بە فەرمی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

News ID 225693

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha