بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی، کۆنفرانسی ڕۆژنامەڤانیی هەفتانەی لە بارەگای سەرەکیی پارتەکە لە ئەنقەرە رێکخست و سەبارەت بە پرۆسەی دانانی چەک لە لایەن گەریلاکانی پەکەکەوە لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی پرۆسەی چارەسەریدا رایگەیاند: بەپێی لێدوانی بەرپرسانی تورکیا و پەکەکە و ئەو زانیارییانەی پێیان دراون، هەفتەی داهاتوو چاوەڕێی پێشهاتێکی تایبەت بە بڕیاری دانانی چەک لە لایەن گەریلاکانی پەکەکەوە دەبن.
وتەبێژی دەم پارتی ڕشایگەیاند: "دیار نییە کام رۆژە. ئەو زانیارییانەی بەدەستمان گەیشتوون باس لەوە دەکەن پرۆسەکە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێ. هەروەها ڕوون نییە لە هەولێر یان سلێمانی یان لە کام ناوچە دەبێ. گرنگ نییە لە کوێ بێ؛ گرنگ ئەوەیە نزیک دەبینەوە لە هەنگاوێکی مێژوویی".
وتەبێژی دەم پارتی: وتیشی ئەو هەنگاوانەی پێویستە بنرێن، دەنرێن؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئاگربەست بکرێتە دۆخی ئاشتییێکی هەمیشەیی، جەنگ کۆتایی بێت و چەک بێدەنگ بکرێت".
ئایشەگوڵ دۆغان ڕاشیگەیاند: "گرنگە هەر جۆرە ڕێکارێک بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی چیدیکە دۆخێک نەیێتە ئاراوە کە تێیدا لایەنەکان پەنا بۆ چەک ببەن".
Your Comment