چینێک لە نێو دەوڵەتی تورکیا بەربەست بۆ پرۆسەی ئاشتی دروست دەکەن

ئەندامی کۆنسەی جێبەجێکاری کەجەکە ڕایگەیاند هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن ئەمەش واتە چینێک لە نێو دەوڵەتی تورکیا هەن، دەیانەوێت بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەریدروست بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی جێبەجێکاری کۆما جڤاکێن کوردستان کە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە بەرنامەیێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند: وێڕای ئەوەی پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی داوە، بەڵام هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن.

قەرەسوو وتیشی: گەریلاکانی پەکەکە ''مافی خۆیانە'' لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکیا بەرگری لەخۆیان بکەن و ''ئەو هێرشانە واتە؛ چینێک لە نێو دەوڵەت (تورکیا) هەن، دەیانەوێت بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکەن''.

ئەندامی کۆنسەی جێبەجێکاری کەجەکە ڕاشیگەیاند: ''ئێمە ئەوەی پێویست بوو کردمان. کۆنگرەمان بەست، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریمان دا. ئێستا دەبێت حکوومەت هەنگاو بنێت''.

قەرەسوو جەختی کردەوە ئەگەر حکوومەتی تورکیا دەیەوێت پرۆسەی چارەسەری سەربکەوێت، ''دەبێت هزر، سیاسەت و هەڵوێستەکانی بگۆڕێت. پێویستە هەڵوێست و تێگەیشتنی نوێی هەبێت''.

لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نرا. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، ۲۷ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.

۱۲ـی ئایاری ۲۰۲۵، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی ۱۲ـی خۆی راگەیاند کە لە ۵-۷ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.

News ID 225685

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha