وەزارەتی دەرەوە و هەواڵگری نیشتمانیی تورکیا بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەکەن

سه‌رۆک كۆماری توركیا ڕایگه‌یاند: هه‌ڵوێستیان ڕوونه‌ و ده‌بێت په‌كه‌كه‌ به‌بێ مه‌رج چه‌ک دابنێت، وتیشی بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان  لە كاتی گەڕانەوەیدا لە ئازەربایجان بۆ تورکیا له‌باره‌ی دانانی چه‌ک له‌لایه‌ن پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه‌ (په‌كه‌كه‌)وه‌ به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی ڕاگه‌یاند: "پڕۆسەکە کەمێک خێراتر دەبێت کاتێک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستدەکات بە جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی بۆ دانانی چەک، دەرگایێکی تازە بە فراوانی لەبەردەممان دەکرێتەوە کاتێک چەک و خوێن و فرمێسک بە تەواوی لە کارنامەی میللەتەکەمان دووربخرێتەوە".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "هەنگاوەكان بەرەو توركیای بێ تیرۆر بەشێوەیێكی سیستەماتیک یەک لەدوای یەک بەڕێوەدەچن، هەڵوێستمان ڕوونە و هەر لەسەرەتاوە ڕامانگەیاندووە كە دەبێت چەكدانان بەبێ مەرج بێت و ڕێكخراوەكە خۆی هەڵوەشێنێتەوە". 

ئه‌ردۆغان باسی له‌وه‌ش كردوه‌: "لە هەفتەی ئایندەدا وادەی دیدار لەگەڵ شاندی (دەم پارتی) دیاری دەكەین، په‌روین پەروین بوڵدان و به‌ڕێز مەدحەت سانجار دێن، شانبەشانی من لەم کۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆک ئەفکان ئالاو سەرۆکی MİT ئیبراهیم کاڵن بەشدار دەبن".

سەرۆکی تورکیا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "بەدواداچوون بۆ پرسی داماڵینی چەک دەکەین، وەزارەتی دەرەوەمان و ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانیمان بەدواداچوون بۆ پڕۆسەکە دەکەن".

پێشتر زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، كە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـیە ڕایگەیاند، لە نێوان ۱۰ بۆ ۱۲ی ئەم مانگە، یەکەم گرووپی گەریلاکانیان کە لە ۲۰ تا ۳۰ کەس پێکدێت، لە سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن. ئەوەش یەکەم هەنگاوی کۆنکرێتی دەبێت بەرەو چەکداماڵین و چاوەڕوانی هانگاوی دواتر لە توركیا دەكەن.
زاگرۆس هیوا ئاماژەی بەوەش كرد، بە سەرپەرشتیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان "چەکەکانیان لەناودەبەن"، هەروەها هێشتا ژمارەی ئەو گەریلا بەشداربوانەی كە دێنەخوارەوە دیاری نەکراوە، بەڵام رەنگە لەنێوان ۲۰ بۆ ۳۰ گەریلا بن.

زاگرۆس هیوا باسی لەوەشكرد، "بۆ ئەوەی پەکەکە هەنگاوی زیاتر بەرەو چەکدانان بنێت، پێویستە ئەو گۆشەگیرییەی لە زیندان بەسەر ئۆجەلاندا سەپێندراوە هەڵبگیرێت و هەنگاوی دەستوری، یاسایی و سیاسی بنرێت بۆ دڵنیابونەوە لەوەی ئەو گەریلایانەی واز لە ستراتیجی خەباتی چەکداری دەهێنن، بتوانن لە تورکیا تێکەڵ بە سیاسەتی دیموکراسی ببن".

News Code 225697

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha