بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنقەرە، لەگەڵ ئەحمەد داوود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە، کۆ بووەوە. دواتر، سەردانی پەرلەمانی تورکیایان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی کۆ بووەوە.
شاندی دەم پارتی لە ئەحمەد تورک، سرری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان پێک هاتووە؛ تاوەکوو ئێستەش ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی ڕانەگەیاندووە.
لەمبارەوە پەیامنێری کوردستان ۲۴ لە ئەنقەرە ڕایگەیاند: "ئێستە شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەعادەت لە پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەدایە."
هاوکات، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، ۰۷-۰۱-۲۰۲۵، شاندەکەی دەم پارتی سەردانی عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا و دواتریش سەردانی فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی یەنیدەن ڕەفا بکات.
هەرچی لەبارەی جەهەپەشە، کاتی دیدارەکە دیار نییە و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەیاندا پرسی پێشوازیی لە شاندی دەم پارتی تاوتوێ دەکەن.
ئەو شاندەی دەم پارتی پێشتر، ڕۆژی شەممە، ۲۸ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۴، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ و تاوتوێ کردنی پرۆسەیەکی دیکەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان.
لەو دیدارەدا، ئۆجەلان ڕایگەیاند: "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ، چونکە سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."
Your Comment